رێكخراوى PDO له‌هه‌وڵى دامه‌زراندنى سه‌نته‌رێكى تایبه‌ته‌ بۆ پشتیوانى له‌ژنانى چالاكوان، رۆژنامه‌نووس

به‌شى سێیه‌م

شۆخان ئه‌حمه‌د پارێزه‌ر، به‌رێوبه‌رى رێكخراوى هاریكارى یاسایى ژنان، له‌شارى سلێمانى پێى وایه‌ زۆرینه‌ى ئه‌و گرفتانه‌ى دێنه‌ رێگاى ژنانى چالاكوان به‌گشتى ده‌شێت له‌ژنێكه‌وه‌ كه‌له‌بووارى رۆژنامه‌نووسى كارده‌كات جیاوازتر بێت له‌ژنێك كه‌ له‌بووارى پارێزه‌رى و كارى رێكخراوه‌یش كارده‌كات به‌وپێیه‌ى ئێمه‌ پارێزگارى له‌ژنان ده‌كه‌ین له‌نێو دادگاكان، له‌چوارچێوه‌ى دۆسییه‌ یاساییه‌كاندا،  زۆرجاریش به‌و هۆیه‌وه‌ ڕووبه‌رووى توندوتیژى ده‌بینه‌وه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانى پله‌یه‌كى ژنه‌كه‌وه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ى یاخوود له‌لایه‌ن كه‌سوكاره‌كه‌یه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌زۆرجار حاڵه‌ته‌كان گه‌شتونه‌ته‌ ئاستى هه‌ڕه‌شه‌كردنى راسته‌قینه‌وه‌ له‌رێگاى نامه‌و ئامێره‌كانى په‌یوه‌ندییه‌وه‌.. یاخوود له‌رێگاى تۆره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان وفه‌یسبووكه‌وه‌ كار بۆ ناوزڕاندنمان كراوه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندى جاریش راسته‌وخۆ له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا روبه‌رووى ته‌شهیر ووشه‌ى نه‌شیاو بوینه‌ته‌وه‌...  له‌راستیدا كێشه‌كان زۆرن، وه‌كو خۆشم ناتوانم ئاماژه‌ به‌وه‌بكه‌م چه‌ند جار روبه‌رووى ئه‌و گرفتانه‌ بومه‌ته‌وه‌ به‌ڵام، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكى هه‌ر كارێكدا به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌كه‌یسه‌كانى كوشتنه‌وه‌ هه‌بووه‌ ڕوبه‌رووى هه‌ره‌شه‌ى زۆر بومه‌ته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ نه‌گه‌شتونه‌ته‌ ڕاده‌ى ئه‌وه‌ى ببنه‌ مایه‌ى دروستبوونى مه‌ترسى جدى وراسته‌قینه‌ش بۆ سه‌ر ژیانم... به‌داخه‌وه‌ یه‌كێكى تر له‌گرفته‌كان ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانیشه‌وه‌ روبه‌رووى گرفت ده‌بینه‌وه‌ بۆ نموونه‌ ئێمه‌ راپۆرتى تایبه‌تمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر یاساى توندوتیژى خێزانى وتیشك ده‌خاته‌ سه‌ر كێشه‌ خێزانییه‌كانى ژنان له‌شارو ناوچه‌ جیاوازه‌كاندا،  له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ جارى واهه‌بووه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسێكى ده‌زگا فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ له‌رێگاى ته‌له‌فۆنه‌وه‌ هه‌ره‌شه‌مان لێكراوه‌ ئاخۆ چۆن ئێمه‌ به‌وشێوه‌یه‌ قسه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كانى ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كه‌ین؟.. هه‌ڵبه‌ت مێینه‌ بوون وپیشه‌كه‌شم كه‌پارێزه‌رییه‌ هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ى وه‌كو ژنێك چالكوان روبه‌ڕووى ئه‌و تۆمه‌ت وگرفتانه‌ ببمه‌وه‌ یاخوود ئه‌گه‌ر وه‌كو ژنێك نه‌بوومایه‌ ڕه‌نگه‌ كه‌سى تۆمه‌تبار به‌لایه‌وه‌ ئاسایى بووایه‌ به‌نده‌ وه‌كو پارێزه‌رێك ئه‌ركى خۆمم له‌چۆنییه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كه‌یدا به‌جێ بگه‌یاندایه‌ به‌ڵام، كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ خودى تۆمه‌تباره‌كه‌ به‌ڕه‌واى نابینیت كه‌ژنێك له‌به‌رامبه‌ریدا بووه‌ستێت ورێوشوێنى یاسایى له‌كه‌یسه‌كه‌یدا بگرێته‌به‌ر بیگومان ئه‌و كێشانه‌ش كه‌ئاماژه‌م پێكرد هه‌ڵقوڵاوى ناخى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگان به‌گشتى، ئێمه‌ هه‌ندى جار له‌ناو دادگاكانیشدا، له‌لایه‌ن به‌شێك له‌پارێزه‌ره‌كانیشه‌وه‌ روبه‌ڕووى گرفت ده‌بینه‌وه‌ به‌وه‌ى كه‌ به‌شێوه‌ى خۆراى كه‌یسه‌كانى ژنان ته‌به‌نى ده‌كه‌ین وده‌رفه‌تى ئیشكردنمان بۆ ئه‌وان نه‌هێشتۆته‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌م شێوازه‌ ئیشكردنه‌ى ئێمه‌ هه‌موو كات شتێكى ئاسایى بووه‌ ئه‌گه‌ر پشتیوان ونه‌یاریشى هه‌بێت له‌سه‌ر ئاستى كۆمه‌ڵگا به‌گشتى به‌ڵام، ئه‌وه‌ى زۆر گرنگه‌ چۆن بتوانین سوود له‌هه‌ردوو ئه‌زموونه‌كه‌ وه‌ربگرین جالێره‌وه‌ بوونى سه‌نته‌رێك بۆ داكاویكردن له‌ژنانى چالاكوان بیگومان كارێكى گرنگه‌ وپێویسته‌ هه‌نگاوى جدییانه‌ بۆ بنرێت به‌شێوازێك كه‌ ببێته‌ داكۆكیكه‌رى راسته‌قێنه‌ى ژنان له‌و بووارانه‌ى ئاماژه‌ى پێكرا.

لاى خۆشیه‌وه‌ دڵپاك تاهیر مامۆستاى زانكۆ، به‌رپرسى سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌كانى ژن له‌زانكۆى پۆله‌ته‌كنیكى سلێمانى، ده‌لێت  له‌ژیانى پیشه‌ییمدا تاوه‌كو ئه‌مرۆ له‌دوو بوارى سه‌ره‌كی ده‌ستبه‌كاربووم ئه‌وانه‌ش بووارى راگه‌یاندن وكارى سیاسى، هه‌ریه‌ك له‌و دوو بواره‌ش له‌سه‌ر ئاستى كۆمه‌لایه‌تى روبه‌رووى گرفتى زۆر بوونه‌ته‌وه‌و وه‌كو دوو كایه‌ى نامۆ خویندنه‌وه‌یان بۆكراوه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌لگاوه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ڕووى بوونى ژنان له‌و بوارانه‌دا چۆنكه‌، هێشتا به‌دیدى كۆمه‌ڵگا ژنان شیاونین بۆ كاركردن له‌دنیاى سیاسه‌ت وكارى میدیایى، وه‌كو خۆشم ڕوبه‌رووى زۆرترین كێشه‌ بوومه‌ته‌وه‌ ئه‌و ده‌مه‌ى بریارى چوونه‌ نێو ئه‌و دوو كایه‌ گرنگه‌م داوه‌ هه‌ڵبه‌ته‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه‌ به‌تایبه‌ت به‌وپێیه‌ى پێشه‌نگایه‌تى من وه‌كو ژنێك بۆ كارى سیاسى وبێژه‌رى ناكرێت وكارێكى نه‌گونجاوه‌.. ره‌نگه‌ كێشه‌كان له‌ساته‌ وه‌ختێكدا جۆرێك له‌ساردبوونه‌وه‌و بێئومیدیان پێبه‌خشبێتم به‌ڵام، هه‌رگێز وایان لێنه‌كردووم بگه‌مه‌ كۆتا خاڵ، وازهێنان رابگه‌ێنم... ئێمه‌ى ژنان ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت دژایه‌تى هه‌موو ئه‌و بیرورایانه‌ بكه‌ین كه‌ژن وه‌كو پاشگو هه‌ژمار ده‌كه‌ن به‌دڵنییاییه‌وه‌ تووشى گرفت ده‌بێنه‌وه‌.. هه‌ڵبه‌ته‌ ململانیى نێو ده‌زگاكانیش به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ به‌رێوه‌ ده‌برێن بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئێمه‌ى ژنان نه‌بین به‌پێشه‌نگ وهه‌میشه‌ وه‌كو پاشكۆیه‌ك به‌دواى ئه‌وانه‌وه‌ بمێنینه‌وه‌.. ده‌بێت ئێمه‌ ڕاشكاوانه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ رابگه‌ێنین كه‌كارى سیاسى بریتییه‌ له‌كۆمه‌لێك پره‌نسیپى حزبی، به‌نده‌ش وه‌كو ژنێك واده‌خوازێت پابه‌ندبم به‌و پره‌نسیپانه‌وه‌ به‌ڵام، ئه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌كه‌سانێك كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى پره‌نسپیپى حزبى ده‌یانه‌ۆێت كار له‌سه‌ر تێكشكانت بكه‌ن بۆیه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ له‌ناوخوى حزبه‌دا هه‌وڵى تیكشكاندى به‌نده‌یان داوه‌ ناتوانم بلێم ئه‌و كاره‌یان به‌به‌رنامه‌ى حزبه‌كه‌ بووه‌ به‌ڵكو به‌به‌رنامه‌ى كه‌سى واتا شه‌خسى بووه‌ چونكه‌، بوونى من وه‌كو ژنێك مه‌ترسى هه‌بووه‌ بۆ سه‌ر ئه‌وانى پیاو یاخوود هه‌ندى جار خودى ژنان خوشیان هه‌وڵیان داوه‌ من بكه‌ن به‌پاشكو، به‌رده‌وام  وه‌كو ژنێك له‌ژیانى سیاسى وكارى راگه‌یاندنیشدا روبه‌رووى تانه‌و ته‌شهیر بوومه‌ته‌وه‌ یاخوود له‌ریگاى پرۆپاگه‌نده‌ى جۆراوجۆره‌وه‌ به‌ئامانج كراوم.. ئیمه‌ى ژنان به‌داخه‌وه‌ زۆرجار قوربانى ململانییه‌ سیاسییه‌كانیش بووین.. حزبى سیاسى هه‌بووه‌ نه‌یار بووه‌ به‌ڵام، هه‌وڵى داوه‌ كه‌سایه‌تى ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ ژنه‌كانى حزبێكى تر بخاته‌ ژیِر گومان وپرسیاره‌ به‌ئامانجى لێدان له‌حزبه‌كه‌ى، لێره‌شه‌وه‌ ناتوانم بلێم مێینه‌ بوون هۆكارێكى سه‌ره‌كییه‌ بۆ ڕوودانى ئه‌و گرفتانه‌ به‌ڵكو به‌وه‌سیله‌یه‌كى ئاسانكاریی ده‌زانم بۆ روودانى ئه‌و حاڵه‌ته‌ قێزه‌وه‌نانه‌ بۆیه‌، كردنه‌وه‌و دانانى سه‌نته‌ریك بۆ پاریزگارى كردن له‌ژنانى چالاكوان هه‌نگاوێكى پێویسته‌ به‌ڵام به‌شێوازێك بێت كه‌بچێته‌ خانه‌ى خزمه‌تكردنى راسته‌قینه‌ به‌ئاراسته‌ى گه‌یاندنى ئه‌و ئامانجانه‌ى له‌پێناویدا داده‌مه‌زرێت.

ئا/ رێكخراوى خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدان PDO





PM:12:27:15/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 345 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌