رێكخراوى PDO له‌هه‌وڵى دامه‌زراندنى سه‌نته‌رێكى تایبه‌ته‌ بۆ پشتیوانى له‌ژنانى چالاكوان، رۆژنامه‌نووس

به‌شى دووه‌م
له‌هه‌رێمى كوردستان وێراى بوونى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ژنانى چالاكوان، رۆژنامه‌نووس له‌بوارى مافه‌كانى ژناندا به‌ڵام، به‌شێك له‌و ژنانه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن رۆژانه‌ ڕوبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌و سووكایه‌تى پێكردن ده‌بنه‌وه‌ چ له‌رێگاى تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ یاخوود به‌شێوازى ناڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن دام وده‌زگا فه‌رمى ونافه‌رمییه‌كانه‌وه‌، تاوه‌كو ئێستاش هیچ سه‌نته‌رێكى تایبه‌تمه‌ند بوونى نییه‌ كه‌بتوانێت به‌شێوازێكى كردارى ئه‌و ژنانه‌ له‌و مه‌ترسیانه‌ بپارێزێت.. بۆ ئه‌و مه‌به‌ست له‌ئێستادا رێكخراوى خه‌ڵك بۆگه‌شه‌پێدان له‌هه‌وڵى دامه‌زراندنى سه‌نته‌رێكى تایبه‌ته‌ بۆ داكۆكیكردن له‌مافه‌كانى ژنانى چالاكوان به‌گشتى وبه‌پشت به‌ستن به‌و فشارانه‌ى له‌ده‌ره‌نجامى كارى رێكخراوه‌ییدا ڕوبه‌ڕووى رێكخراوى ناوبراو، ژنانى چالاكوانى نێو ئه‌م راپۆرته‌ بۆته‌وه‌.

هانا شوان رۆژنامه‌نووس، سه‌رنووسه‌رى ماڵپه‌رى رێوان، ڕوونیده‌كاته‌وه‌ گرفته‌كان زۆرن، به‌پێ قۆناغه‌كانیش ده‌گورین به‌ڵام، له‌كۆى گشتیدا ئه‌و گرفتانه‌ى دروست ده‌بن یه‌ك سه‌رچاوه‌یان هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش تێروانێنى كۆمه‌ڵگاو پیاوه‌ بو جۆرى ئیشكردن له‌بووارى راگه‌یاندن كه‌به‌راستى تێروانینێكى زۆر نه‌رێنیانه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌و بوواره‌دا كارده‌كه‌ن به‌تایبه‌تیش له‌ساڵانى 2003ـ 2004 كه‌تێروانێكى ئێجگار نه‌رێنى هه‌بوو به‌به‌راورد به‌ئێستا، ئه‌و دیده‌ توندانه‌ى له‌سه‌ر ژنان هه‌بوون زۆر بوون له‌كاتێكدا راگه‌یاندكارى پیاو هه‌بووه‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌ماڵه‌كه‌ى خۆى باس له‌وه‌ بكات كه‌ له‌و بوواره‌دا كارده‌كات  به‌ڵكو، له‌ژێر ناوى خوازراودا كارى كردووه‌ چ جار بۆ  ژنێكى راگه‌یاندنكار.. سه‌باره‌ت به‌ئیشى رۆژانه‌ش به‌داخه‌وه‌ بێزاركردنى زۆر هه‌بووه‌ كه‌وایكردووه‌ زۆرجار راگه‌یاندنكاران بیر له‌دوو كه‌وتنه‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ له‌بوواره‌كه‌، زۆریشن ئه‌وانه‌ى له‌ساڵانى 2000 كاندا كاریان له‌بوواره‌كه‌دا كردوو، دواتر دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ش وه‌كو ده‌ره‌نجامێك بۆ رێزنه‌گرتن له‌و ماندووبوونى زۆرێكیان به‌تایبه‌تیش ژنانى راگه‌یاندنكار هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و قه‌در نه‌زانینه‌ بوو كه‌وایكرد ژنان له‌بوواره‌كه‌ ساردببنه‌وه‌... به‌نده‌ كه‌زیاتر له‌15 ساڵه‌ كار له‌بووارى رۆژنامه‌نووسى ده‌كه‌م ده‌توانم بلێم هیچ جۆره‌ سووكایه‌تیكردنێكى راسته‌وخوم به‌دى نه‌كردووه‌ به‌ڵام، بۆ نموونه‌ ئه‌و ده‌مه‌ى سه‌ردانى جێگایه‌ك ده‌كه‌م به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى ئامارێك وهاوكارى پێویستم بۆ ده‌سته‌به‌ر ناكرێت له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌زگایه‌ یاخوود ئه‌و شوێنه‌ى سه‌ردانى ده‌كه‌م بێگومان ئه‌وه‌ گرفتى زۆرم بۆ دروست ده‌كات .. ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ى ئاماژه‌م پێكرد نه‌چێته‌ قاڵبى سووكایه‌تێپێكردنى شه‌خسییه‌وه‌ به‌ڵام، له‌رێگاى كۆمه‌لێك ده‌سته‌واژه‌ى ترى وه‌كو  ( ئه‌وه‌ كه‌ى بابه‌ته‌ تۆ قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كه‌یت)، یاخوود ( مه‌سه‌له‌ى زۆر گه‌وره‌تر هه‌یه‌ له‌كۆشتنى ژنان و.... هتد) هه‌موو ئه‌وانه‌ وابه‌سته‌مان ده‌كه‌ن به‌كۆمه‌لێك ئازارى ده‌روونییه‌وه‌ ئازارى .. سه‌باره‌ت به‌ رێگرییه‌كانیش، هاوكارمان هه‌بووه له‌ده‌زگایه‌كى میدیایى كارى كردووه‌ وشایه‌نى پۆستێكى باڵاتر بووه‌ به‌ڵام، مافى خۆى وه‌رنه‌گرتووه‌و كورێك خراوه‌ته‌ جێگاكه‌ى كه‌ دووساڵ دواى ئه‌و هاتۆته‌ بوواره‌كه‌وه‌.. ئیدى هه‌موو ئه‌مانه‌ ئاماژه‌یه‌كن بۆ ئه‌وه‌ى رێگرییه‌كان هه‌ن وزۆریشن.. بێگومان مێیینه‌ بوونیش رۆلى گه‌وره‌ى هه‌بووه‌ له‌و رووه‌وه‌ چۆنكه‌ به‌ئاستى گه‌وره‌یى خۆى غه‌درى لێكراوه‌ من چه‌ندین جار له‌رێگاى ته‌له‌فۆنه‌وه‌ سووكایه‌تیم پێكراوه‌ ( ئه‌و كه‌ى جێگایه‌ ئیشى لێده‌كه‌یت... یاخوود وێنه‌كانم له‌رێگاى سۆشیاڵ میدیاوه‌ براون وخراونه‌ته‌ سه‌ر لاشه‌یه‌كى تر.. یاخوود له‌رێگاى كۆمێنته‌وه‌ كار له‌سه‌ر ناوزڕاندنم كراوه‌ و.... هتد) هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مانه‌ بۆ به‌نده‌ وه‌كو كه‌سێك كه‌بڕواى به‌بوواره‌كه‌ هه‌بووه‌ شتێكى هێنده‌ قورس نه‌بووبێت به‌ڵام، بۆ ژنێكى تر جیاواز بووه‌و هاوكارى خۆم هه‌بووه‌ چه‌ندین رۆژ نه‌گه‌راوه‌ته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ى به‌ڵام، له‌دواجاریشدا ده‌بێت ئه‌مجوره‌ كاردانه‌وانه‌ نه‌بنه‌ مایه‌ى پاشه‌كه‌كردن به‌ڵكو زۆر پێویسته‌ روبه‌ڕووبونه‌وه‌یان له‌به‌رامبه‌ردا بگیریته‌به‌ر چونكه‌ هه‌ر پاشه‌كشه‌ كردنێك زامنى ئه‌وه‌ ده‌كات هاوكارێكى تریش روبه‌ڕووى هه‌مان حاڵه‌ت ببێته‌وه‌.. هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بزانین هه‌موو راگه‌یاندكارێكى ژن فشارى كۆمه‌لایه‌تى زۆرى له‌سه‌ره‌ جگه‌ له‌وه‌ش فشارى ناو ده‌زگاو فشاره‌ خێزانییه‌كان... به‌داخه‌وه‌ بوارى راگه‌یاندن ته‌نها بوواره‌ كه‌تێدا ژنان وپیاوانیش به‌بێ جیاوازى هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین ساڵى ته‌مه‌نى خۆیان پێ ببه‌خشن له‌به‌رامبه‌ردا هیچیان پێنابه‌خشێته‌وه‌". 
لاى خۆشیه‌وه‌ شاناز هیرانى نووسه‌رو وه‌رگێر، پێى وایه‌ یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ى دێنه‌ رێگاى ژنان وبه‌تایبه‌تیش ژنانى میدیاكار بوونى هه‌ل وفرسه‌تى كه‌متره‌، به‌و پێیه‌ى له‌ناو كۆمه‌ڵگایه‌كى تاراده‌یه‌ك داخراو ده‌ژین وناتوانن هاوشێوه‌ى پیاوان ده‌ست بۆ هه‌موو فرسه‌تێك ببه‌ن، هاوكات تواناكانیشیان به‌پێ پێویست له‌به‌رچاو ناگیرێت ئیدى هه‌موو ئه‌وانه‌ وایان كردووه‌  له‌گه‌ڵ تێپه‌ربوونى كاتدا به‌ره‌و لاواز بوون هه‌نگاو بنێن.. هه‌ڵبه‌ته‌ هۆكاره‌كه‌ش به‌هۆى مێینه‌ بوونه‌وه‌یه‌ كه‌زۆر جار رێگاى نه‌داوه‌ ژنان زیاتر ده‌ستكراوه‌ بن.. وه‌كو خۆشم خۆشبه‌ختانه‌ كێشه‌یه‌كى ئه‌وتۆ روبه‌ڕووم نه‌بۆته‌وه‌ له‌و ده‌زگایانه‌ى كارم تێدا كردوون به‌شێوه‌یه‌ك كه‌نه‌توانم به‌سه‌ریاندا زاڵ بم به‌ڵام، بێگومان بۆ ژنانى كه‌ وانه‌بووه‌ وهه‌میشه‌ ئاسته‌نگى هه‌بووه‌ ویه‌ك له‌گه‌وره‌ترین ئه‌و ئاسته‌نگیانه‌ش روبه‌ڕوویان بۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ پیاوان هه‌میشه‌ پێیان باش نه‌بووه‌ ژنان یه‌ك هه‌نگاو زیاتر له‌وان پێشبكه‌ون بیگومان ئه‌وه‌ش به‌هۆى زاڵبوونى ئه‌قلییه‌تى نێرینه‌وه‌یه‌ لاى زۆرێك له‌و پیاوانه‌.. بۆیه‌ ئه‌وه‌ى زۆر به‌زه‌قى هه‌ستى پێده‌كرێت رێگرى پیاوانه‌ له‌چوونه‌ پێشه‌وه‌ى ژنان.. به‌داخه‌وه‌ ده‌بێت ئاماژه‌ به‌وه‌ش بكه‌م چ له‌سه‌ر ئاستى شه‌خسى وهه‌روه‌ها گشتیش ژنان قوربانى پرۆپاگه‌نده‌و تۆمه‌تى جۆراوجۆر بوون یان به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌خودى ژنه‌كه‌ ژنێكى به‌توانا بووه‌ یاخوود له‌بوواری كاره‌كه‌یدا ژنێكى سه‌ركه‌وتوو بووه‌ ئه‌مه‌ش بۆ حوكمى كۆمه‌ڵگا ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌پیوه‌رى ئه‌خلاقى به‌ژنه‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌ وترسێكى لاى ژنان دروست كردووه‌و هاوكات كاریگه‌رى زۆر خراپیشی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هه‌ست وبیركردنه‌وه‌ی زۆرێك له‌و ژنانه‌ تاراده‌ى دروست بوونى فشار بۆ سه‌ر ژیانى شه‌خسیشیان بۆیه‌، بوونى سه‌نته‌رێك بۆ داكۆكیكردن له‌مافه‌كانى ژنان وپاراستنیان له‌هه‌ر جۆره‌ مه‌ترسى وتوندوتیژییه‌ك كارێكى پێویسته‌ بۆ كاتى ئێستا". 

ئا/ رێكخراوى خه‌ڵك بۆگه‌شه‌پێدان


PM:10:52:20/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 266 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌