رێكخراوى PDO له‌هه‌وڵى دامه‌زراندنى سه‌نته‌رێكى تایبه‌ته‌ بۆ پشتیوانى له‌ژنانى چالاكوان ورۆژنامه‌نووس

به‌شى یه‌كه‌م
له‌هه‌رێمى كوردستان وێراى بوونى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ژنانى چالاكوان، رۆژنامه‌نووس له‌بووارى مافه‌كانى ژناندا به‌ڵام، به‌شێك له‌و ژنانه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن رۆژانه‌ روبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌و سووكایه‌تى پێكردن ده‌بنه‌وه‌ چ له‌رێگاى تۆره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كانه‌وه‌ یاخوود به‌شێوازى ناراسته‌وخۆ له‌لایه‌ن دامو ده‌زگا فه‌رمى ونافه‌رمییه‌كانه‌وه‌، تاوه‌كو ئێستاش هیچ سه‌نته‌رێكى تایبه‌تمه‌ند بوونى نییه‌ كه‌بتوانێت به‌شێوازێكى كردارى ئه‌و ژنانه‌ له‌و مه‌ترسیانه‌ بپارێزێت.. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ئێستادا رێكخراوى خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدان  PDO له‌هه‌وڵى دامه‌زراندنى سه‌نته‌رێكى تایبه‌ته‌ بۆ داكۆكیكردن له‌مافه‌كانى ژنانى چالاكوان به‌گشتى وبه‌پشت به‌ستن به‌و فشارانه‌ى له‌ده‌ره‌نجامى كارى رێكخراوه‌ییدا ڕووبه‌رووى رێكخراوى ناوبراو، وژنانى چالاكوانى نێو ئه‌م راپۆرته‌ بۆته‌وه‌.

تانیا قادر چالاكوانى ژنان له‌رێكخراوى ڕاسان له‌شارى سلێمانى، ده‌لێت" نه‌بوونى تێنه‌گه‌یشتنى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌رامبه‌ر به‌مافه‌ مه‌ده‌نییه‌كانى ژنان وكچان كۆمه‌لێك رێگرى جۆراوجۆرى بۆ ژنانى چالاكوان به‌رهه‌م هێناوه‌، خودى ژنانیش متمانه‌ى پێویستیان نییه‌ به‌حكومه‌ت، یاساكان وته‌نانه‌ت رێكخراوه‌كانیش چونكه‌ نه‌یانتوانیوه‌ به‌پێ پێویست له‌به‌رژه‌وه‌ندى ژناندا هه‌نگاو بنێن"، ده‌شلێت" به‌داخه‌وه‌  زۆر جار له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات وحكومه‌تیشه‌وه‌ وه‌كو پێویست هاوكارى نه‌كراوین و رووبه‌رووى تۆمه‌ت وهه‌ره‌شه‌كردن بووینه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌كاتى ئێستاشدا وه‌كو ستافى رێكخراوى ڕاسان به‌گشتى هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتنمان له‌سه‌ره‌ به‌هۆى داكۆكیكردنمان له‌مافه‌كانى مرۆڤ".. تانیا قادر چالاكوانى ژنان له‌رێكخراوى ڕاسان، پێشى وایه‌ یاسایى دامه‌زراندن ودانانى رێكخراو كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ بریارى له‌سه‌ر دراوه‌ یاسایه‌كى ئێجگار لاوازه‌و ماف وپاراستنى تێدا فه‌راهام نه‌كراوه‌ بۆ ژنانى چالاكوانان به‌ڵكو، به‌پێ ئه‌و یاسایانه‌ ژنانى چالاكوانیش هه‌مان مافى هاوڵاتییه‌كى ئاساییان هه‌یه‌و جیانه‌كراوینه‌ته‌وه‌ له‌كاتێكدا ده‌شێت ئه‌وان زیاتر رووبه‌ڕووى توندوتیژییه‌كان ببینه‌وه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆى داكۆكیكردنیان له‌مافه‌كانى مرۆڤ وهه‌روه‌ها ژنانیش.. بۆیه‌ بوونى سه‌نته‌رێك یاخوود جێگایه‌ك كه‌تایبه‌ت بێت به‌داكۆكیكردن له‌مافه‌كانى ژنانى چالاكوان كارێكى زۆر پێویسته‌ بۆ پاراستنیان له‌هه‌ر مه‌ترسى وهه‌ره‌شه‌یه‌ك كه‌روبه‌روویان ببێته‌وه‌"...
لاى خۆشیه‌وه‌ ره‌نگین سه‌لام پێشكه‌شكار له‌رادیۆى ده‌نگى نوێ له‌شارى هه‌ڵه‌بجه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ر ئاستى خێزانى روبه‌ڕووى هیچ جۆره‌ فشارێك نه‌بووته‌وه‌ به‌ڵام، كاره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانى روبه‌ڕووى كێشه‌ى زۆریان كردۆته‌وه‌ وهاوكات بووارى ته‌كنه‌لۆژیاش رۆلى زۆرى هه‌بووه‌ له‌و كێشانه‌ى روبه‌ڕووى بوونه‌ته‌وه‌، وه‌كو خۆى ده‌لێت" دنیاى ته‌كنه‌لۆژیا له‌كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دا به‌شێوازێكى دروست به‌كارنه‌هێنراوه‌و سنووریشى بۆ دانه‌نراوه‌، وه‌كو خۆشم زۆر جار له‌رێگاى هاككردنى فه‌یسبووك وئه‌كاونتى تایبه‌تى خۆمه‌وه‌ روبه‌رووى هه‌ره‌شه‌و سووكایه‌تى پێكردن بوومه‌ته‌وه‌، هاوكات به‌رده‌وامیش تۆمه‌تى حیزبى بوونم خراوه‌ته‌پاڵ كه‌ئه‌وه‌ش خۆى هۆكارێكى سه‌ره‌كى بووه‌ له‌وه‌ى له‌دوورترین خوێندنگه‌ى سنووره‌كه‌ دابنرێم به‌وپێیه‌ى پیشه‌ى سه‌ره‌كیم مامۆستایه‌تییه‌"، ره‌نگین، پێشى وایه‌ جگه‌ له‌و هۆكارانه‌ مێینه‌بوون وجیاوازییه‌ ره‌گه‌زییه‌كانیش رۆلێكى گه‌وره‌ ده‌گێرن له‌هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ى رووبه‌رووى ژنانى چالاكوان ومیدیاكار ده‌بنه‌وه‌، روونیشیده‌كاته‌وه‌" جیاوازییه‌ ره‌گه‌زى، ئاینى وهه‌روه‌ها ئایدۆلۆژییه‌كان وایانكردووه‌ ژنان نه‌توانن به‌پێ پێویست جێده‌ستى خۆیان له‌بواره‌كه‌دا بنه‌خشێنن، هاوكات یاساى رۆژنامه‌وانیش به‌پێ پێویست هاوكارو پشتیوان نییه‌، هاوكات سه‌نته‌رێك یاخوود ده‌زگایه‌كیش بوونى نییه‌ كه‌بتوانێت سه‌ربه‌خۆیانه‌ له‌رووى یاسایى ومه‌عنه‌ویشه‌وه‌ ئیمه‌ى ژنان له‌مه‌ترسییه‌ جۆراوجۆره‌كان بپارێزێت"

هاوكات، ژاڵه‌ محه‌مه‌د په‌یامنێر له‌كه‌ناڵىNRT له‌شارى سلێمانى، پێی وایه‌، زۆرێك له‌رۆژنامه‌نووسان له‌كاتى تپێپه‌راندنى كاره‌كانیان ڕوبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌و سووكایه‌تیپێكردنى جۆراوجۆر وهه‌روه‌ها توانج لێدان ده‌بنه‌وه‌ به‌تایبه‌تیش ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ى به‌شێوازى مه‌یدانى رۆماڵى ڕووداوه‌كان ده‌كه‌ن واتا له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌زگاكان.. ته‌نانه‌ت هه‌ندیك جار هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌رێگاى ئامێره‌كانى په‌یوه‌ندى وهاككردنى په‌یج وئه‌كاونتى تایبه‌ت به‌رۆژنامه‌نووسه‌كانیش بوونیان هه‌بووه‌ چ له‌لایه‌ن تاكه‌كه‌سه‌وه‌ یاخوود له‌لایه‌ن ده‌زگا فه‌رمییه‌كانیشه‌وه‌ به‌ڵام، ئه‌وه‌ى ئێمه‌ نیگه‌ران ده‌كات داكۆكی نه‌كردنر ڕاسته‌قینه‌یه‌ له‌رۆژنامه‌نووسانى سه‌ربه‌خۆ له‌لایه‌ن سه‌نته‌رو سه‌ندیكاو ئه‌و رێكخراوانه‌ى كاریان داكۆكیكردنه‌ له‌رۆژنامه‌نووسان"، زیاتریش ده‌لێت" بێگومان هۆكارى ئه‌و هه‌ره‌شانه‌ى ئاماژه‌م پێكرد ده‌كرێت به‌پله‌ى یه‌كه‌م بۆ خودى پیشه‌كه‌ بگه‌رێته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ش بۆ مێینه‌بوون .. وه‌كو خۆشم له‌ماوه‌ى رابردوودا كارم له‌سه‌ر كه‌یسێكى توندتیژى كرد به‌رامبه‌ر به‌ژنێك كه‌ 17 په‌راسۆى شكێنرابوو به‌ڵام، دواتر له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ روبه‌رووى هه‌ره‌شه‌ بوومه‌وه‌ هه‌روه‌ها، هه‌ندى جار ویستوومه‌ له‌رێگاى په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ هه‌ندێك ده‌زگاى فه‌رمی بدوێنم له‌باره‌ى ڕووداوێكى دیاریكراوه‌وه‌ به‌ڵام، به‌داخه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان به‌سه‌ردا داخستوینه‌ته‌وه‌ كه‌ئه‌وه‌ش جۆرێكى تره‌ له‌پێشێلكارى به‌رامبه‌ر به‌ژنانى رۆژنامه‌نووس به‌تایبه‌ت  بۆیه‌، دامه‌زراندنى سه‌نته‌رێك تایبه‌ت بێت به‌داكۆكیكى كردن له‌ژنانى رۆژنامه‌نووس كارێكى گرنگه‌ به‌ڵام، له‌وه‌ش گرنگتر بتوانێت به‌شێوازێكى كردارى ئه‌ركه‌كانى خۆى راپه‌رێنێت ".

ئا/ رێكخراوى خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدان PDO


AM:10:35:13/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 422 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌