نوێنه‌رى رێكخراوى PDO " كۆنفرانسه‌كه‌ى ئه‌ڵمانیا هه‌لێكى باش بوو بۆ ناساندنى دۆخى ئێستاى ژن له‌كوردستان"

به‌به‌شدارى ژماره‌یه‌ك له‌رێكخراوه‌كانى ژنان وكۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى، رۆژانى 19ـ 20/ 10 /2018 له‌وڵاتى ئه‌ڵمانیا كۆنفرانسێكى تایبه‌ت به‌بابه‌تى "زه‌برى ده‌روونى" ئه‌نجامدرا، رێكخراوى خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدانیش PDO وه‌كو یه‌كێك له‌رێكخراوه‌كانى NGO له‌هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى كۆنفرانسه‌كه‌ى كرد... به‌هار مونزیر نوێنه‌رى رێكخراوى ناوبراو، له‌دیدارێكى ماڵپه‌رى "چاوى خه‌لك" به‌ووردى تیشكى خسته‌سه‌ر ناوه‌رۆكى كۆنفرانسه‌كه‌، جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌" سازدانى كۆنفرانسێكى له‌وشێوه‌یه‌ هه‌لێكى باش بوو بۆ ناساندنى دۆخى ئێستاى ژن له‌هه‌رێمى كوردستان".

چاوى خه‌ڵك: چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به‌رێزتان به‌شداربوون له‌كۆنفرانسێك له‌وڵاتى ئه‌ڵمانیا.. كۆنفرانسه‌كه‌ ده‌رباره‌ى چیبوو، بانگێشت كردنى ئێوه‌ وه‌كو رێكخراوى خه‌ڵك بۆگه‌شه‌پێدان له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك بوو؟
به‌هار: وه‌كو رێكخراوى خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدان له‌لایه‌ن رێكخراوى هاوكارى ئه‌ڵمانى وبه‌هاوكارى رێكخراوى خانزاد، بانگێشت كراین بۆ به‌شداریكردن له‌چه‌ند چالاكییه‌ك له‌شارى به‌رلینى وڵاتى ئه‌ڵمانیا، یه‌كێك له‌و چالاكییانه‌ى به‌شداریمان تێدا كرد بریتى بوو له‌پانێلێكى تایبه‌ت به‌قسه‌كردن له‌سه‌ر دۆخى ژنان وهه‌روه‌ها كارو چالاكییه‌كانى رێكخراوى خه‌ڵك بۆگه‌شه‌پێدان به‌ڵام، ئه‌وه‌ى زیاتر جه‌ختى له‌سه‌ر كرایه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و پانێله‌دا تاچه‌ند به‌ره‌وپێشچوونى بزووتنه‌وه‌ى ژنان بوو له‌هه‌رێمى كوردستان به‌شێوه‌گشتییه‌كى ئه‌وه‌ش به‌ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌كه‌سانى پسپۆر ودیار له‌ناوخۆى وڵاتى ئه‌ڵمانیا.

چاوى خه‌ڵك: ئاماژه‌ت به‌وه‌كرد یه‌كێك له‌ته‌وه‌ره‌ گرنگه‌كانى پانێڵه‌كه‌ قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر دۆخى ژنانى له‌هه‌رێمى كوردستان.. تاچه‌ند توانیتان ئه‌و ته‌وه‌ره‌ بكه‌نه‌ خالێكى جه‌وهه‌رى وزۆرترین گفتوگۆى له‌سه‌ر بكه‌ن؟
به‌هار: بیگومان ئێمه‌ توانیمان كۆمه‌لێك بابه‌ت ودۆسییه‌ى تایبه‌ت به‌ژنان له‌هه‌رێمى كوردستان بجولێنین به‌ڵام، دۆسییه‌ى ژنانى ئێزیدى یه‌كێك بوو له‌و بابه‌تانه‌ى به‌چڕى قسه‌ى له‌سه‌كرا، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا بوو نزیكه‌ى 1000 ژنى ئێزیدى له‌ده‌ربازبووانى ده‌ستى تیرۆرستانى داعش له‌ئێستادا له‌وڵاتى ئه‌ڵمانیا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن..  هاوكات توانیمان زۆرترین جه‌ختیش له‌چالاكییه‌كانى رێكخراوى خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدانیش بكه‌ینه‌وه‌  له‌هه‌ریه‌ك له‌كه‌مپه‌كانى خانكى، شاریا وهه‌روه‌ها كه‌پرتو 1، 2  له‌ناوخۆى كوردستان كه‌ژماره‌یه‌كى زۆر له‌خێزانى ئێزیدى تێیاندا نیشته‌جێن وتاچه‌ند توانیومانه‌ یارمه‌تی پێویستیش بۆئه‌و ژنانه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین كه‌گه‌راونه‌ته‌وه‌ له‌ڕووى ژماره‌ى كه‌یسه‌كان وجۆرى خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌.

چاوى خه‌ڵك: جگه‌ له‌دۆسییه‌ى ژنانى ئێزیدى هیچ دۆسییه‌كى تر هه‌بوو بتوانن كار بۆ وروژاندنى زیاترى بكه‌ن له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى، تایبه‌ت به‌ژنان له‌كوردستان؟
به‌هار: به‌ڵى، رۆژى 10/16/ 2018 كه‌رۆژى یه‌كه‌مى چالاكییه‌كان بوو، یه‌كێك له‌و بابه‌ته‌ گرنگانه‌ى تر توانیمان بیوروژێنین قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ هاوسه‌رگیرى پێشوه‌خت كه‌به‌شێوازێكى دۆكومێنت كراو كارمان له‌سه‌ر كردبوو وه‌كو رێكخراوى خه‌ڵك بۆگه‌شه‌پێدان وله‌گه‌ڵ رێكخراوى (تاراتێك) پێشكه‌شمان كرد.. هه‌روه‌ها یه‌كێكى تر له‌وبابه‌تانه‌ى خرایه‌به‌ر گفتوگۆ بریتى بوو له‌دۆسییه‌ى به‌شدارى سیاسى ژنان ورێگرییه‌ كه‌لتوورییه‌كان ئه‌وه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌رێگاى توێژینه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌چه‌ند سالێك وه‌كو رێكخراوى خه‌ڵك بۆگه‌شه‌پێدان كارمان له‌سه‌ر كردبوو.. دواتریش له‌رۆژى دووه‌مى چالاكییه‌كان، توانیمان سه‌ردانى سه‌نته‌رێكى تایبه‌ت به‌داڵده‌دانى ئه‌و كچانه‌ بكه‌ین كه‌رووبه‌ڕووى ده‌ستدرێژى بووبوونه‌وه‌ به‌ناوى سه‌نته‌رى "دۆنیا"، خودى ئه‌و سه‌نته‌ره‌ش له‌ئێستادا به‌پشتیوانى حكومه‌تى ئه‌ڵمانیا له‌گه‌شه‌كردنى به‌رده‌وامدایه‌.. سه‌ردانى كردنى سه‌نته‌رى ناوبراو سوودێكى زۆرى هه‌بوو، ئه‌وه‌ى جێگاى خۆشحاڵيش بوو جۆرى دۆسییه‌كانن كه نزیكن له‌یه‌كتر به‌ڵام، له‌ڕووى خزمه‌تگوزارییه‌كانى وحكومه‌ت جیاوازى هه‌یه‌ له‌كاتێكدا ئێمه‌ وه‌كو رێكخراوى خه‌ڵك بۆگه‌شه‌پێدان له‌ئێستادا چه‌ندین سه‌نته‌رى تایبه‌تمان هه‌یه‌ بۆژنان له‌چه‌ندین ناوچه‌ى جیاوازى كوردستاندا، هه‌چه‌نده‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ى ئه‌وان زیاتر بۆ پاراستن وپشتیوانى كردن بوو له‌و كچانه‌ى كه‌ له‌ناوخۆى ماڵه‌كانى خۆیاندا روبه‌ڕووى توندوتیژى ده‌بنه‌وه‌، سه‌ردانى سه‌نته‌رى دۆنیا ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستى پاراستن وچاودێرى كردنیان... هه‌ڵبه‌ته‌ كۆنتاك كردن له‌گه‌ڵ سه‌نته‌رى ناوبراو یه‌كێك بوو له‌هه‌نگاوه‌ زۆر پێویسته‌كان بۆ ئێمه‌ وه‌كو رێكخراوى خه‌ڵك بۆگه‌شه‌پێدان له‌داهاتوو ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستى گۆرینه‌وه‌ى زانیارى وشێوازى كاركردن.

چاوى خه‌ڵك: دیدارو كوبوونه‌وه‌كان ته‌نها له‌سه‌ر ئاستى رێكخراوه‌یى بوون یاخوود له‌سه‌ر ئاستى حكومى وده‌زگا حكومیێه‌كانیش؟
به‌هار: بێگومان ته‌نها له‌سه‌ر ئاستى رێكخراوى نه‌بوون، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ئابوورى وگه‌شه‌پێدانیش له‌حكومه‌تى ئه‌ڵمانیاى فیدراڵ كۆبونه‌وه‌مان ئه‌نجامدا، ئه‌و دیداره‌شمان له‌لایه‌ن رێكخراوى هاوكارى ئه‌ڵمانییه‌وه‌ بۆ رێكخرا وتوانیمان له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا كه‌یس وپرۆژه‌كانى خۆمان ڕاده‌ستیان بكه‌ین.. هه‌روه‌ها به‌شداريمان له به‌رنامه‌یه‌كى رادیۆی ئه‌ڵمانیا كرد كه‌په‌خشه‌كه‌ى بۆ هه‌ریه‌ك له‌شاره‌كانى كوڵن ودۆسڵدۆرفه‌ وله‌و به‌رنامه‌یه‌شدا زۆرترین تیشكمان خسته‌سه‌ر كاروچالاكییه‌كانى رێكخراوى خه‌ڵك بۆگه‌شه‌پێدان، بزووتنه‌وه‌ى ژنان له‌كوردستان، ئه‌و ئاسته‌نگییانه‌ى ڕوبه‌ڕووى ژنانى چالاكوان ده‌بنه‌وه‌و هه‌روه‌ها كه‌یسه‌كانى كوشتنى ژنان وئه‌و گیروگرفتانه‌ى له‌لایه‌ن حكومه‌ت وداموده‌زگا یاساییه‌كانه‌وه‌ روبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه‌.. هه‌ڵبه‌ته‌ رێكخراوى خانزاندیش به‌شداربوون له‌و به‌رنامه‌ رادیۆییه‌دا.. جگه‌ له‌وانه‌ش ئاماژه‌م پێكرد،  به‌شدارىيمان له كۆنفرانسێكى نێوده‌وڵه‌تى دوو رۆژیش كرد له‌شارى فرانكفۆرتى ئه‌ڵمانیا تایبه‌ت به‌زه‌برى ده‌روونى ( تراوما) كه‌تێدا نزیكه‌ى 13ـ14 رێكخراوى جیهانى به‌شداربوون وئاماده‌بووانى ئه‌و كۆنفرانسه‌ش كه‌نزیكه‌ى 130 كه‌س ده‌بوون پێیان وابوو سیاسه‌تێكى جیهانى له‌ئارادایه‌ زۆرترین جه‌خت له‌سه‌ر بایه‌نى زه‌برى ده‌روونى ده‌كاته‌وه‌ وگرنگییه‌كى ئه‌وتۆ به‌لایه‌نه‌كانى تر نادات به‌تایبه‌تیش كارى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌زۆر پێویسته‌ بۆباشتر بوونى دۆخى كه‌یسه‌كانى ژنان وئاواره‌ وپه‌نابه‌ران .. یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ش كه‌جێگاى بایه‌خى ئێمه‌ له‌كۆنفرانسه‌كه‌دا ئه‌وه‌بوو نابێت رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌بێ گه‌رانه‌وه‌ بۆ ڕاى رێكخراوه‌ ناوخۆی ولۆكاڵییه‌كان هیچ پرۆژه‌و فاندێك خه‌رج بكه‌ن وبیخه‌نه‌ بووارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌وكاته‌ى نه‌زانرێت ئاخۆ چى پێویسته‌ بكرێت له‌ناو كۆمه‌ڵگادا، بیگومان له‌دوو رۆژى كۆنفرانسه‌كه‌ش ئێمه‌ زۆرترین جه‌ختمان كرده‌وه‌ له‌گرنگى كارو چالاكییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى رێكخراوى خه‌ڵك بۆگه‌شه‌پێدان وكاریگه‌رییان بۆسه‌ر كه‌یسه‌كان وهه‌روه‌ها ئاماژه‌دان به‌وگروپانه‌ى له‌ناو سه‌نته‌ره‌كان دان بۆ سه‌ر ژیانى ژنه‌كان له‌ڕووى دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كارو گرنگیدانى زیاتر به‌و چالاكییانه‌ى ئامانج لێیان باشتركردنى دۆخى ژیانى ژنانه‌ به‌گشتى وه‌كو گروپى میوزیكى چل كه‌زى وئه‌و كرۆپانه‌ى كار بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئابوورى بچووك ده‌كه‌ن بۆ ژنان له‌رێگاى ئه‌و كۆرسانه‌ى ئه‌نجامیان ده‌ده‌ین له‌سه‌نته‌ره‌كاندا، له‌هه‌موو وانه‌ش گرنگتر چۆن بتوانین گرنگى زیاتر به‌پرۆژه‌كانى گه‌شه‌پێدان بده‌ین له‌پاڵ پرۆژه‌كانى خزمه‌تگوزارى وگرنگى زۆر زیاتریش به‌كۆرسه‌كانى پێگه‌یاندن وگه‌شه‌پێدانى ژنانى كاندید بده‌ین هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ى هه‌ستاین به‌ئه‌نجامدانى بۆ كۆمه‌لێك له‌ژنانى كاندید بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، 3 له‌و ژنانه‌ش خۆشبه‌ختانه‌ توانییان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن وبگه‌نه‌ خولى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان... ئێمه‌ جگه‌ له‌هه‌موو ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ى قسه‌مان له‌سه‌ر كرد له‌رۆژى دووه‌مى كۆنفرانس هاوكات توانیمان له‌هه‌مان رۆژدا به‌شدارى مێزگه‌ردێكیش بكه‌ین وه‌كو رێكخراوى خه‌ڵك بۆگه‌شه‌پێدان بۆقسه‌كردن له‌سه‌ر چالاكییه‌كان وچى پێویسته‌ بكرێت بۆ قۆناغه‌كانى داهاتووش له‌ڕووانگه‌ى بابه‌تى گه‌شه‌پێدان وهه‌روه‌ها چۆنییه‌تى به‌ره‌وپێشچوونى زیاترى بزووتنه‌وه‌ى ژنانیش به‌شێوه‌یكى گشتى، هه‌ر له‌چوارچێوه‌ى رۆژى دووه‌مى كۆنفرانه‌سه‌كه‌ش به‌نده‌ به‌هاوكارى دكتۆرێكى ده‌روونى كه‌هاوكات مامۆستاى زانكۆشه‌ سه‌رپه‌رشتى گرۆپێكى جینده‌رم كرد كه‌ژماره‌یان نزیكه‌ى 13 كه‌س بوون وسه‌رجه‌میان له‌ناو كه‌مپه‌كاندا ده‌ستبه‌كاربوون، كۆتایى كۆنفرانسه‌كه‌ش به‌نمایشێكى ڤیدیۆیى گروپى چل كه‌زى كه‌ له‌كۆمه‌لێك كچانى ئاواره‌ى دهۆك وشاریاو خانكى پێكهاتوون كۆتایى به‌چالاكییه‌كان هێنرا.. زۆریش به‌پێویستى ده‌زانم سوپاسى هه‌ریه‌ك له‌رێكخراوى خانزاد ورێكخراوى هاوكارى ئه‌ڵمانى بكه‌م بۆ بانگێشت كردنمان به‌مه‌به‌ستى به‌شدارى كردن له‌كۆنفرانسه‌كه‌.. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ش كارێكى زۆر پێویسته‌ بۆ ناساندنى كارو چالاكى رێكخراوى خه‌ڵك بۆگه‌شه‌پێدان وهه‌روه‌ها دروستكردنى پردى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ وڵاتانى جیهاندا.




PM:11:39:06/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 242 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌