ئیمان عه‌بدولره‌حمان: پێویستیمان به‌ژنانى سه‌ركرده‌یه‌

له‌عیراقى ئه‌مرۆدا ژن له‌كۆێى پرۆسه‌ى سیاسى وئه‌جینداى پارته‌ ئیسلامى ومه‌زهه‌بییه‌كان دایه‌.. ناره‌زایه‌تییه‌كانى گه‌لانى عیراق بۆ ژیانێكى شایسته‌تر پێگه‌ى ژنى تاچه‌ند به‌هێز كردوه‌ه‌ له‌ڕووى به‌شدارى وده‌ركه‌وتنه‌وه‌ وه‌كو ده‌نگێكى كاریگه‌ر به‌ئاراسته‌ى به‌دیهاتنى گۆرانكارى فیعلى له‌پێگه‌و تواناى ژن له‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تى وسیاسیشه‌وه‌.. ئیمان عه‌بدولره‌حمان چالاكوانى بووارى مه‌ده‌نى وسه‌رۆكى په‌یمانگاى ژنانى سه‌ركرده‌ له‌عیراق، له‌دیدارێكى تایبه‌تى ماڵپه‌رى " چاوى خه‌ڵك"، ده‌لێت" بۆ قۆناغى ئه‌مرۆى عیراق پێویستیمان به‌ژنى سه‌ركرده‌یه‌"، پێشى وایه‌ قه‌یرانه‌ جۆراوجۆره‌كانى وڵات، له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ قه‌یرانى بێكارى ده‌نگى ژنانى بڵندتر كردووه‌ به‌ئاراسته‌ى بانگه‌شه‌ بۆ گۆرانكارى وژیانێكى شایسته‌تر.

چاوى خه‌ڵك: به‌شدارى سیاسى ژن له‌عیراقى ئه‌مرۆدا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
ئیمان: ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر رۆڵى ژنانى په‌رله‌مانتار بكه‌ین له‌خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان ده‌توانین بلێین به‌شدارییه‌كى دیارو به‌رچاویان هه‌بوو له‌ناو پارته‌ سیاسییه‌كانى خۆیاندا، له‌سه‌ر ئاستى كارى په‌رله‌مانى به‌ڵام، ئاخۆ تواناكانى ئه‌وان  تاچه‌ند له‌ئاستى خواستى ئێمه‌ى ژنان بوو؟.. ئه‌مه‌ به‌شى هه‌ره‌ گرنگى پرسیاره‌كه‌یه‌ كه‌ده‌بێت ڕاشكاوانه‌تر قسه‌و گفتۆگۆى له‌سه‌ر بكه‌ین.. ئه‌وه‌ى تێبینى كرا به‌شى هه‌ره‌ زۆرى ژنانى كاندید بریتى بوون له‌كۆمه‌ڵه‌ ژنێكى نه‌ناسراو له‌سه‌ر ئاستى جه‌ماوه‌رى وله‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ خاوه‌ن پێگه‌و كاریگه‌رى نه‌بوون به‌شێوه‌یه‌ك كه‌بتوانن له‌رێگاى كۆمه‌ڵگاوه‌ پاڵپشتى پێویست به‌ده‌ست بهێنن .. دواتریش هه‌ڵمه‌تى ناوزڕادنى ژنانى كاندید وهه‌وڵدان بۆ شێواندى وێناى ژن له‌ڕووى به‌شدارى سیاسییه‌وه‌ یه‌كێكى تر بوو له‌و بابه‌تانه‌ى كاریگه‌رى نه‌رێنى هه‌بوو له‌سه‌ر ژنان به‌ڵام، سه‌ربارى هه‌موو ئه‌وانه‌ى ئاماژه‌م پێكرد ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌یاد بێت كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ژنان توانییان به‌تواناو لێهاتووى خۆیان ودوور له‌سیسته‌مى كۆتا بوونى خۆیان له‌گۆره‌پانى كارى سیاسى وپه‌رله‌مانیدا بسه‌لمێنن كه‌ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كى دڵخۆشكه‌ر بوو له‌وه‌ى ئه‌و ژنانه‌ توانیان تاڕدایه‌ك متمانه‌ى شه‌قامى عیراقى به‌ده‌ست بهێنن له‌ڕووى نوێنه‌رانه‌تى و گرنگى به‌شدارى ژن له‌كایه‌ سیاسییه‌كاندا. 

چاوى خه‌ڵك: ژنان رێژه‌ى 57% كۆمه‌ڵگاى عیراق پێكده‌هێنن به‌ڵام، سه‌رباره‌ى ئه‌و رێژه‌ به‌رزه‌ تاوه‌كو ئێستاش جیاكارى ڕه‌گه‌زى وپێوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بونه‌ته‌ به‌ربه‌ستێكى به‌هێز له‌به‌رده‌م به‌شدارى سیاسى ژن له‌ناوه‌نده‌كانى بڕیارى حزبى وحكومییدا.. ئه‌گه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ین ده‌توانین یاخوود ده‌كرێت بلێین مۆركى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ئێستادا به‌هێزترین پێوه‌ره‌ بۆ گه‌یاندنى ژن به‌ناوه‌نده‌كانى بڕیارى سیاسى دوور له‌بڕیارو پێوه‌رو حزبی وسیاسییه‌كان؟
ئیمان: له‌ڕووى فاكته‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى وبابه‌تى جیاكارى ره‌گه‌زیه‌وه‌ به‌ڵى، دۆسییه‌ى به‌شدارى سیاسى ژن له‌پاشه‌كشه‌ دایه‌ .. ئێمه‌ زۆرجار كه‌باس له‌بوونى ژنانى لیهاتوو وخاوه‌ن توانا ده‌كه‌ین گۆێمان له‌وه‌ ده‌بێت هه‌ندێك له‌ئاراسته‌كان پێمان ده‌لێن نه‌ك هه‌ر ژنان به‌ڵكو پیاوانى خاوه‌ن توانا ولێهاتووى ته‌واویش بوونیان نه‌بووه‌ كه‌بتوانن به‌شدارى سیاسى كاریگه‌رو دیاریان هه‌بێت هه‌رچه‌نده‌ دۆخه‌كه‌ بۆ پیاوان زۆر جیاوازتره‌ وبووارێكى فراوانیشیان له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ چوونه‌ نێو پرۆسه‌ى سیاسییه‌وه‌.. به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌میشه‌ به‌لاى ئێمه‌ى ژنانه‌وه‌ مه‌به‌ست بووه‌و جه‌ختمان له‌سه‌ر كردۆته‌ بوونى ژنانێكه‌ كه‌بتوانن بۆچوونى كۆمه‌ڵگاو شه‌قامى عیراقى له‌باره‌ى به‌شدارى سیاسی ژنانه‌وه‌ به‌ئاراسته‌یه‌كى نه‌رێنیانه‌ى زیاتردا ببه‌ن ومتمانه‌ بۆ تواناكانى ژن بگه‌رێننه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستى كۆمه‌ڵگا.. واتا ژنانێك بن خاوه‌ن كاریگه‌رى به‌ڵام، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ژنانه‌مان نه‌بینى.. دواتریش واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تى  بۆ ژن هه‌میشه‌ قورستر بووه‌.. ته‌نانه‌ت پرۆسه‌ى سیاسیش پرۆسه‌یه‌كى ناكامڵ بووه‌ به‌هۆى بوونى جۆره‌ها قه‌یرانى ئه‌منى وسیاسى وئابوورى وهه‌روه‌ها قه‌یرانه‌كانى نه‌بوونى خزمه‌تگوزاری، هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌ش كاریگه‌رى راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر كۆى پرۆسه‌كه‌ هه‌بووه‌ وهه‌روه‌ها بۆسه‌ر به‌شدارى ژنانیش له‌كایه‌ سیاسییه‌كاندا. 

چاوى خه‌َڵك: ئاین باڵى به‌سه‌ر زۆرێك له‌دامه‌زراوه‌ ته‌شریعى وحكومییه‌كانى عیراقدا كێشاوه‌، به‌شى هه‌ره‌ زۆرى پارته‌ سیاسییه‌كانیش  له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاین ومه‌زهه‌ب دامه‌زراون.. ده‌پرسم، له‌وڵاتێكى ئاوا ئاینى ومه‌زهه‌بیدا ژنان چۆن بتوانن بگه‌نه‌  لوتكه‌ى بڕیارى سیاسى یاخوود لانى كه‌م به‌شداربن له‌دراشتنه‌وه‌ى بڕیاره‌ سیاسییه‌كان له‌كاتێكدا خودى زۆرێك له‌پارته‌ سیاسییه‌كانى عیراق به‌هۆى كه‌وتنه‌ژێر كاریگه‌رى ئاین ومه‌زهه‌به‌وه‌ ده‌شێت به‌رامبه‌ر به‌م پرسه‌ تێبینى زۆریان هه‌بێت؟
ئیمان: من پێم وایه‌ به‌شێك له‌پارته‌ ئاینى وئیسلامییه‌كانیش جۆرێك له‌گۆرانكارییان له‌به‌رنامه‌و نه‌هجى سیاسى خۆیان ئه‌نجامداوه‌ به‌تایبه‌تیش له‌دوواین هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌سه‌ر ئاستى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق 2018 وجۆرێك له‌كرانه‌وه‌یان به‌ڕووى به‌شدارى سیاسى ژن خستۆته‌ڕوو .. بۆ نموونه‌ له‌چوارچێوه‌ى قه‌واره‌كه‌ى موقته‌دا سه‌دڕ یه‌كێك له‌ژنه‌ كاندیده‌كان كه‌په‌رله‌مانتارێكى خولى پێشوو وهاوكات به‌رپرسى لێژنه‌ى دارایش بوو، توانى ژماره‌یه‌كى زۆرى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت وبه‌بێ سیسته‌مى كۆتا سه‌رۆكایه‌تى لیستیك له‌ئه‌ستۆ بگرێت كه‌ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كى دڵخۆشكه‌ره‌ له‌ڕاستیدا، له‌كاتێكدا له‌سه‌ر ئاستى پارته‌ میانره‌و دیموكراتیخوازه‌كانیش نه‌مانبینى ژنێك سه‌ربكه‌وێت وسه‌رۆكایه‌تى لیستێكى سیاسى پێ بسپێرێت به‌ڵام، گرنگه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش بكه‌ینه‌وه‌ ئایا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دروست بوو؟.. ئه‌و ژنه‌ش كه‌ له‌داهاتوودا ده‌بێته‌ سه‌رۆكى یه‌كێك له‌لیسته‌ سیاسییه‌كان ئازادى ته‌واوى بۆ فه‌راهام ده‌كرێت بۆ گۆزارشت كردن له‌ده‌نگى راسته‌قینه‌ى خۆى یاخوود ته‌نها ژماره‌یه‌ك ده‌بێت بۆته‌واوكردنى ژماره‌یه‌كى حزبى وهیچى كه‌. 

چاوى خه‌ڵك: " په‌یمانگاى ژنانى سه‌ركرده‌ له‌عیراق"، چۆن پێناسه‌ى ده‌كه‌یت، ستراتیژى كاركردنتان له‌چوارچێوه‌ى ئه‌م په‌یمانگایه‌دا چۆنه‌؟
ئیمان: بیرۆكه‌ى دامه‌زراندنى په‌یمانگاى ژنانى سه‌ركرده‌ له‌عیراق، بۆ ساڵى 2004 ده‌گه‌رێته‌وه‌ وه‌كو ده‌ره‌نجامێك بۆ كه‌مى بوونى رێژه‌ى ژنانى سه‌ركرده‌ له‌كاتێكدا ئێمه‌ له‌وپه‌رى پێویستیدا بووین بۆ بوونى ژنانێك كه‌به‌ماناى ته‌واو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ژنانى سه‌ركرده‌یان تێدا ره‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بێت.. بۆیه‌ كارمان له‌سه‌ر دامه‌زراندنى په‌یمانگایه‌كى له‌و شێوه‌یه‌دا كرد كه‌بتوانێت ژنان وكچانى سه‌ركرده‌ پێبگه‌ێنێت یاخوود بره‌وى زیاتر به‌تواناكانیان بدات له‌هه‌موو ئاسته‌كان، چ سیاسى وكۆمه‌ڵایه‌تى ته‌نانه‌ت ژنانی سه‌ركرده‌ش له‌سه‌ر ئاستى خێزانى وله‌شوێنه‌كانى كاركرندا.. دواتر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ده‌ستمان به‌چالاكییه‌كانمان كرد، ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌ژنانى په‌رله‌مانتارو سه‌ركرده‌ش ده‌توانین بلێن ده‌رچووى په‌یمانگاى ژنانى سه‌ركرده‌ بوون له‌عیراق، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ژنانى نێۆ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكانیش .. ئامانجه‌كانى په‌یمانگاى ژنانى سه‌ركرده‌ هه‌مه‌لایانه‌ن.. ئێمه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ژنان چۆن بتوانن بگه‌نه‌ پێگه‌كانى بریاردان، یاخوود چۆن بتوانین به‌شێك له‌برگه‌كانى رێكه‌وتننامه‌ نێۆ ده‌وڵه‌تییه‌كان له‌چوارچێوه‌ى یاساو رێساكانى عیراق جێگیر بكه‌ین وهه‌روه‌ها چۆنیش بتوانین چاودێرى ئه‌و یاسایانه‌ بكه‌ین كه‌تایبه‌تن به‌ژن وخێزان وكۆمه‌ڵگا وكاریگه‌رییه‌كانیان بخه‌ینه‌ ژێر چاوێرى وورده‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش بۆ دۆسییه‌كانى توندوتیژى دژ به‌ژنان وجیاكارى ره‌گه‌زى له‌سه‌ر ئاستى خێزانى وكۆمه‌ڵایه‌تى. 

چاوى خه‌ڵك: ئاشكرایه‌ له‌ئێستادا عیراق به‌قۆناغێكى سیاسى وكۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ستیاردا تێده‌په‌رێت، له‌زۆرینه‌ى ناوچه‌كانیش خۆپیشاندان وناڕه‌زایه‌تى جه‌ماوه‌رى له‌په‌ره‌سه‌ندى به‌رده‌وامه‌... لێره‌وه‌ ده‌پرسم، رۆل، پێگه‌و ده‌نگى ژن له‌ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى ئه‌مرۆى گه‌لانى عیراقدا له‌چ ئاستێكدایه‌.. ئایا ژنان توانیویانه‌ بوونى خۆیان وه‌كو هێزێكى كاریگه‌ر ودیار بسه‌لمێنن به‌شێوه‌ نه‌رینییه‌كه‌ى؟
ئیمان: به‌دڵنییایه‌وه‌ زۆرینه‌ى خۆپیشاندانه‌كان له‌لایه‌ن ژنان وكچانى سه‌ركرده‌وه‌ سه‌رپه‌رشى ده‌كرێن.. له‌ئێستادا بزووتنه‌وه‌ی گه‌نجان له‌وپه‌رى به‌هێزى دایه‌ وكچانیش رۆڵى گه‌وره‌تریان هه‌یه‌ له‌و ڕووه‌وه‌ .. هه‌روه‌ها ئێمه‌ش وه‌كو ژنانى نێۆ رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى كاریگه‌رى وفشارى گه‌وره‌مان هه‌یه‌ .. له‌راستیدا عیراق گه‌شتۆته‌ قۆناغێكى خراپ وهه‌ستیاریش له‌زۆرێك له‌ڕووه‌كانه‌وه‌.. هاوارى ئێستاى عیراقییه‌كان هاوارى چینێكى دیاریكراو نییه‌ به‌ڵكو، ئازارو خه‌م وهاوارى كۆى كۆمه‌ڵگایه‌ به‌گشتى وهه‌مووانیش له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌شدارن له‌روبه‌رووبونه‌وه‌ به‌تایبه‌تیش ژنان ئه‌گه‌رچى به‌شدارییه‌كى ئه‌وتۆشیان نه‌بێت له‌خۆپیشاندانه‌كاندا به‌ڵام، ئه‌وان لایه‌نێكى سه‌ره‌كى ناره‌زایه‌تییه‌كانن .. له‌عیراقى ئه‌مرۆدا بێكارى ته‌نگى به‌هه‌مووان هه‌ڵچنیوه‌ ژنانیش سه‌ره‌كیترین توێژن ژێركه‌وتووى كاریگه‌رییه‌كانى بێكارى بن، زۆرینه‌ى ئه‌و خێزانانه‌ عیراقییانه‌ى له‌ژێر هێلى هه‌ژاری دان له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌برێن وسه‌رپه‌رشتى ده‌كرێن ئه‌وه‌ش دانگى ژنى بڵندتر كردووه‌ به‌ئاراسته‌ى بانگه‌شه‌ بۆ گۆرانكارى وژیانێكى شایسته‌تر.

چاوى خه‌ڵك: به‌شدارى سیاسى ژن له‌هه‌رێمى كوردستان چۆن ده‌بینن؟ 
ئیمان: به‌شدارى سیاسى ژن له‌هه‌رێمى كوردستان له‌پاش ساڵى 2003 وه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌شدارییه‌كى به‌رچاو بووه‌، هه‌ڵ وبڕواو هه‌روه‌ها رووبه‌رێكى فراوانتریش بۆ ژنانى هه‌رێم ره‌خساوه‌ له‌ڕووى به‌شدارى سیاسى وهه‌روه‌ها ئه‌و یاسایانه‌ش تایبه‌تن به‌دۆسییه‌كانى ژنان.. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستى بیركردنه‌وه‌و ژیانى رۆژانه‌شدا گۆرانكارییه‌كى گه‌وره‌ به‌دیهاتووه‌ كه‌ئه‌وه‌ش جێگاى ستایش وتێرامانه‌ .. به‌ڵى، له‌هه‌رێمى كوردستاندا ژینگه‌یه‌كى له‌بار تر بۆ به‌شدارى ژن فه‌راهام كراوه‌ له‌زۆرێك له‌ڕووه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌. 

چاوى خه‌ڵك: به‌رێزتان چالاكوانێ بووارى ژنانن، هاوكات سه‌رۆكى په‌یمانگاى ژنانى سه‌ركرده‌شن له‌عیراق وساڵانێكى زۆریش وه‌كو پارێژه‌ر ده‌ستبه‌كاربوون.. ئایا له‌كارنامه‌تان نه‌بووه‌ ڕوو له‌بوارى سیاسیش بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له‌و رێگایه‌وه‌ جێده‌ستى خۆتان زیاتر بنه‌خشێنن له‌كۆى ئه‌و پرسانه‌ى په‌یوه‌ستن به‌ژنان وكۆمه‌ڵگاوه‌ به‌تایبه‌ت؟
ئیمان: هه‌رچه‌نده‌ پێشه‌ى سه‌ره‌كى من پارێزه‌ره‌ به‌ڵام، له‌دواى ساڵى 2004 وه‌ ده‌ستبه‌ردارى كارى پارێزه‌رى بووم وڕووم له‌بووارى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى كرد، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانم له‌و رێگایه‌وه‌ جه‌ختى زیاتر له‌سه‌ر بابه‌ته‌ یاساییه‌كان ودۆسییه‌كانى ژنان بكه‌م به‌گشتى وبه‌شێوازێكى ئازادانه‌ تر، سه‌ره‌تاى كاركردن له‌نیۆ رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى له‌سه‌ر ڕه‌شنووسى ده‌ستوور بوو، دواتریش هه‌ندێك له‌برگه‌ یاساییه‌كانى تایبه‌ت به‌دۆسییه‌كانى ژنان وچه‌ند بووارێكى تر.. سه‌باره‌ت به‌وه‌ش ئاخۆ بۆچى تێكه‌ڵ به‌كارو كایه‌ى سیاسى نه‌بووم، من پێم وایه‌ ئه‌و بوواره‌ فراوانه‌ى له‌كارى رێكخراوه‌كانى مه‌ده‌نیدا بۆم ده‌سته‌به‌ر بووه‌ له‌بووارى سیاسه‌تدا بۆم فه‌راهام ناكرێت .. له‌چوارچێوه‌ى كارى رێكخراوه‌ییدا ئازادم به‌چ ئاراسته‌یه‌ك كاربكه‌م یاخوودبه‌چ شێوازێك دیدو بۆچوونى خۆم بخه‌مه‌ڕوو به‌بێ بوونى هیچ فشارو كاریگه‌رییه‌ك به‌ڵام، له‌دنیاى كارى سیاسییدا ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ ئه‌سته‌م بێت چۆنكه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ئێستادا كاركردن له‌چوارچێوه‌ى حزبى سیاسى واتا ده‌بێت په‌یوه‌ست بێت به‌به‌رنامه‌و ئه‌جینداى ئه‌و لایه‌نه‌وه‌... له‌راستیدا ناتوانم هۆكاره‌كه‌ى به‌دیارى كراوى ده‌ستنیشان بكه‌م، ره‌نگه‌ نائۆمیدى بێت به‌ڵام، ئه‌وه‌ى ده‌توانم جه‌ختى له‌سه‌ر بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ كارى من له‌چوارچێوه‌ى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌لگاى مه‌ده‌نیدا ئازادى، كاریگه‌رى وهه‌روه‌ها بووارێكى زیاترى بۆ ره‌خساندووم بتوانم گۆزارشت له‌سه‌ر راوبۆچوونى خۆم بكه‌م. 

چاوى خه‌ڵك/ ئه‌ڤین


AM:11:34:01/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 370 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌