به‌وێنه‌.. دیدارى كۆبه‌ندى ژنان ده‌توانن - كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان

دیدارى گروپى كۆبه‌ندى ژنان ده‌توانن- كوردستان ( WOMEN CAN DO IT- KURDISTAN)، له‌شارى سلێمانى بۆ لاى به‌شێك له‌پارت ولایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى كوردستان به‌مه‌به‌ستى ڕه‌خساندى زه‌مینه‌سازى له‌بار بۆ كاراكردنى زیاترى به‌شدارى سیاسى ژنان وهه‌روه‌ها زیادكردنى رێژه‌یان له‌ناوه‌نده‌ باڵاكانى بڕیاردانى حزبى وحكومى دا.. بڕیاریشه‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له‌چه‌ند رۆژى داهاتوودا سه‌ردانى چه‌ند لایه‌نێكى سیاسى تر بكریت.

فۆتۆ/ ئه‌ڤین

ناوه‌رۆكى یاداشتى گروپى كۆبه‌ندى ژنان ده‌توانن - كوردستان بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان: 
 
بەڕێزان\ پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان 
 
 ئێمە وەک (كۆبەندی ژنان دەتوانن- كوردستان) كە پێكهاتووین  لە ژمارەیەك ژنانی ناو پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و ژنانی ناو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ئامانجمان بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژنان‌و زیاد كردنی بەشداری ژنانە لە ناوەندەكانی بڕیاردان و گۆرینی دۆخی ژنان لە پەراوێزخستنەوە بۆ  بەشدارییەكی ڕاستەقینە لەسەرجەم بوارەكاندا.
بەشداری ژنان لە ناوەندەكانی بڕیاردان دیاردەیەكی جیهانییە لەسەرجەم ووڵاتاندا ، هەرچەندە لە ئاستی دەستە بژێردا خۆی دەبینێتەوە، لە كاتێكدا ژنانی كوردستان هەر لەسەرەتای دروستبوونی شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكان‌و قۆناغە جیاوازەكانی پرۆسەی سیاسیی‌و  نەتەوەیی كوردستان پێش ڕاپەرین و پاش راپەرین هەتا ئێستا بەشدارییەكی كاریگەریان هەبووە بە تایبەت لە مومارەسەی   مافە سیاسیی و مەدەنییەكان ، بەڵام بوونیان  لە ناوەندە باڵاكانی بریارداندا  لە ئاستێكی لاوازدایە، بە پێی توێژینەوەیەك كە لەسەر ڕەوشی ژنانی هەرێمی كوردستان لە نێوەندی بریارسازیدا  ئەنجامدراوە  " ڕێژەی بەشداری  ژنان لە ناوەندەكانی بریاردا لەسەرجەم پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا لە %2 " ، ئەگەر بەشێكی دوورە پەرێزیی ژنان،  كلتورو هزری كۆمەڵگە بێت،  ئەوا بەشێكی  زۆری  پەیوەستە بە ئیرادەی دەسەڵاتی سیاسیی و كارنامەی حزبە سیاسییەكانەوە. 
بۆیە (ئێمە وەك كۆبەندی ژنان دەتوانن- كوردستان،) داواكارین لە بەرێزتان لە داڕشتنەوەی پەیڕەو و پرۆگرامی پارتە كەتان‌  زەمینە سازی پێویست  بخوڵقێنن بۆ زیادبونی  رێژەی  بەشداری  ژنان لە ناوەندە باڵاكانی بڕیاردان‌و پاڵپشتیكردنی ژنانی كاندید لە پرۆسەی هەڵبژاردندا . پارێزبەندی بۆ ژنان دەستەبەر بكەن تا ژنان بە متمانەو دڵنیاییەوە بەشداری ئەم پرۆسه گرنگە بكەن. 
هەر بۆیە پێگەو ڕۆڵی ژنان لەپرۆسەی سیاسیی  خاڵێكە بۆ دیموكراتیزەبوونی كۆمەڵگەو هاوسەنگ كردنی باڵانسی یەكسانی جێندەری و نەهێشتنی عەقڵیەتی ڕەگەزگەرایی و سڕینەوەی هزری بێ ئیرادەكردنی ژنان و پەراوێزخستنیان، لە پێناو چەسپاندنی كرۆكی دیموكراسیی و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن، گرنگە پارتە سیاسییەكان پراكتیزەی ئەم هەنگاوە بكەن‌و پشتیوانی ژنان بن. 

                                                 كۆبه‌ندى ژنان ده‌توانن - كوردستان


AM:11:55:26/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 626 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌