رۆژهه‌ڵاتى ئاسیا.. ده‌روازه‌یه‌ك بۆ شۆرشى ژنان دژ به‌گێچه‌ڵ ولاقه‌كردنى سێكسى

چیتر رووداوه‌كانى گێچه‌ڵ وده‌ستدرێژى سێكسى بۆ سه‌ر ژنان له‌كۆمه‌ڵگاكانى رۆژهه‌ڵاتى ئاسیا ( هیندستان، پاكستان، ژاپۆن" به‌شاراوه‌ى نامێننه‌وه‌، باشترین رێگاش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌و پاراستنیان له‌توندوتیژییه‌ سێكسى وجه‌ستییه‌كان ئاشكراكردنى تاوانه‌كان، فراوانكردنى زیاترى بازنه‌ى كه‌مپینه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گێچه‌ڵ توندووتیژییه‌ سێكسى وجه‌سته‌ییه‌كانه‌.


" نابۆ پاراستنى تاوانبارانى ده‌ستدرێژى سێكسى"، " دادپه‌روه‌رى بۆ كچانى هیندستان"، " ئێمه‌ى كچان له‌سكى دایكمان، له‌جیهانى ده‌ره‌وه‌ش پارێزراو نین".. ئه‌مانه‌ به‌شێكن له‌و دروشمانه‌ى  هه‌فته‌ى رابڕدوو له‌خۆپێشاندانێكى ژنانى شارى نیودلهى پایته‌ختى هیندستان ڕوبه‌ڕووى ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌و وڵاته‌كرانه‌وه‌ وه‌كو ناڕه‌زایه‌تییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌زنجیره‌یه‌ك تاوان وده‌ستدرێژى سێكسى كه‌ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌كچانى ئه‌و وڵاته‌ى كردبووه‌ ئامانج، دواهه‌مینيشیان ده‌ستدرێژى سێكسى به‌كۆمه‌ڵ بوو له‌لایه‌ن 4سه‌ربازى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان وئه‌فسه‌رێكى خانه‌نیشین كراوه‌وه‌ بۆ سه‌ر كچێكى ته‌مه‌ن 8 ساڵ به‌ناوى" ئاصیفه‌ بانو"، دواتریش كوشتنى له‌كه‌شێكى ته‌م ومژاوییدا.


به‌لێنه‌كانى حكومه‌ت بۆ پاراستنى ژنان وكچان" بڵقى سه‌ر ئاون" 

دوابه‌دواى رووداوى لاقه‌كردن وكوشتنى " ئاصیفه‌ بانو"ى ته‌مه‌ن 8ساڵ.. ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى ژنانى هیندستان زیاتر په‌ره‌ى سه‌ند، زنجیره‌یه‌ك خۆپیشاندانى یه‌ك به‌دواى یه‌كیش له‌زۆرێك له‌شاره‌ گه‌وره‌كانى ئه‌و وڵاته‌دا سه‌ریانهه‌ڵدا وه‌كو زه‌نگێكى ئاگادار كردنه‌وه‌ بۆ به‌رپرسانى وڵاته‌كه‌.. له‌و رووه‌شه‌وه‌ ناریندرا مودى سه‌رۆك وه‌زیرانى هیندستان، رۆژى 13 ى حوزه‌ریانى 2018 له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا بۆ ڕاى گشتى وڵاته‌كه‌ى به‌لێنى به‌سزاگه‌یاندنى تاوانبارى رووداوه‌كه‌ى دا، جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه‌ دادپه‌روه‌ردى بۆ كچانى هیندستان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات به‌ڵام، لاى زۆرێك له‌چالاكوانانى بوواره‌كانى مافى مرۆڤ وژنان له‌و وڵاته‌دا به‌لێنه‌كانى سه‌رۆك وه‌زیران ته‌نها بڵقى سه‌ر ئاون وناچنه‌ بووارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.. سه‌رئه‌نجامیش حكومه‌تى ئه‌و وڵاته‌ بۆ هه‌ڵمژینى ڕاده‌یى ناره‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان رۆژى 21 ى حوزه‌یرانى بۆ كۆبونه‌وه‌ى به‌په‌له‌ى حكومه‌ت راگه‌یاند، دوابه‌دواى ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ش بڕیار له‌سه‌ر سزاى له‌سێداره‌دان بۆ تاوانبارى ده‌ستدرێژى سێكسى بۆسه‌ر منداڵانى خوار ته‌مه‌ن 12 ساڵ درا، هاوكات رێوشوێنه‌ یاساییه‌كانیش بۆ كاراكردنى زیاترى بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌ت خرایه‌بووارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.


"یه‌ك هه‌ست، یه‌ك ئازار".. خاڵى هاوبه‌شى ژنانه‌ له‌وڵاتانى رۆژهه‌ڵاتى ئاسیا

ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى ژنانى هیندستان دژ به‌رووداوه‌كانى لاقه‌كردن وده‌ستدرێژى كردنه‌ سه‌ریان، له‌هه‌ریه‌ك له‌وڵاتانى ژاپۆن وپاكستانیش كاردانه‌وه‌ى كۆمه‌لایه‌تى جۆراوجۆرى به‌دواى خۆیدا هێنا، زۆرێك له‌ژنانى ئه‌و وڵاتانه‌ش له‌رێگاى جۆره‌ها كه‌مپینى ناڕه‌وایه‌تییه‌وه‌ پێیان وابوو ئازاره‌كانى ژنان له‌زۆرێك له‌وڵاتانى كیشوه‌ره‌ زه‌رده‌كه‌ وكۆمه‌ڵگا رۆژهه‌ڵاتییه‌كانیش به‌گشتى هه‌مان ئازاره‌و ده‌بێت هه‌مووان به‌یه‌ك ده‌نگ ڕووبه‌رووى ببنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ مه‌به‌سته‌ش چه‌ند كچه‌ رۆژنامه‌نووسێكى به‌ره‌گه‌ز ژاپۆنى وهه‌روه‌ها" میشا شافى" كچه‌ گۆرانیبێژى ناودارى پاكستانى له‌رێگاى هاشتاگى  ME TOO به‌سه‌رهاتى خۆیان له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كانى گێچه‌ڵ پێكردنى سێكسى له‌لایه‌ن ژماریه‌ك له‌خاوه‌ن كارو پیاوانى سیاسى باڵاده‌سته‌وه‌ بۆ ڕاى گشتى وڵاته‌كانیان خسته‌ڕوو، داواشیان له‌حكومه‌تى وڵاته‌كانیان كرد رێوشوێنه‌ یاساییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌تاوانبارانى رووداوه‌كانى ده‌ستدرێژى سێكسى چڕتر بكاته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك هه‌مووان دوور له‌پله‌و پۆستى سیاسى و وه‌زیفى له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ هه‌مان لێپیچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.


چاوى خه‌ڵك/ ئاژانسه‌كان


 



PM:12:27:22/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 319 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌