په‌یجه‌كانى ژنان له‌فه‌یسبووك.. ده‌نگێكى ژنانه‌ى كاریگه‌ر له‌واقعێكى ئالۆزدا

كرانه‌وه‌ى له‌ناكاوى كۆمه‌ڵگا به‌ڕووى دنیاى تۆره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان، ژیانێكى سه‌رده‌مییانه‌دا كه‌چه‌مك وئاماژه‌كانى دنیاى جیهانگیرى تێدا باڵاده‌سته‌، خه‌باتى ژنى كوردى له‌پێناو گه‌شتن به‌ماف وئازادییه‌كانى له‌چوارچێوه‌ى ئه‌م جیهانه‌ فراوانه‌دا به‌چ ئاراسته‌یه‌ك گه‌یاندووه‌؟.. له‌كاتێكدا ده‌یان په‌یج وگروپى تایبه‌ت به‌ژنان له‌ئێستادا، له‌رێگاى تۆره‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كانه‌وه‌ كار له‌سه‌ر گه‌یاندنى په‌یامى ژنان ده‌كه‌ن له‌ژیانێكى شایسته‌و یه‌كسان به‌كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌هێشتا دۆسییه‌ى ژن تێدا به‌ئالۆزى ولاسه‌نگى ماوه‌ته‌وه‌.
ماڵپه‌رى"چاوى خه‌ڵك" بۆ پرسه‌كانى ژنان، له‌دیمانه‌یه‌كى ناراسته‌وخۆدا له‌گه‌ڵ دوو له‌و په‌یجانه‌ى كار له‌سه‌ر دۆسییه‌كانى ژنان ده‌كه‌ن چه‌ند ته‌وه‌رێكى وروژاند، به‌مشێوه‌یه‌ش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانیان دایه‌وه‌:

چاوى خه‌ڵك: سه‌ربارى بوونى كۆمه‌لێك په‌یجى تاییه‌ت به‌ژنان له‌تۆرى كۆمه‌لایه‌تى فه‌یسبووك وكاركردنى زۆرێك له‌و په‌یجانه‌ به‌ئاراسته‌ى هێنانه‌كایه‌وه‌ى ماف ویه‌كسانى زیاتر بۆ ژنان به‌ڵام، تێبینى ده‌كرێت هێشتا ته‌رحێكى بوێرانه‌ نییه‌ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر دۆسییه‌ى ژن له‌كۆمه‌ڵگاى كوردیدا.. هۆكار چییه‌ ؟
سه‌نته‌رى ژنان: به‌چه‌ندین هۆكار بزووتنه‌وه‌ى ژنانى كورد نه‌یتوانیوه‌ بچێته‌ ناو به‌سته‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى، ئالوده‌بوونى كوردستانى به‌شه‌رى ناوخۆ وده‌ره‌وه‌و سه‌قامگیرنه‌بوونى قه‌واره‌یه‌كى كوردى له‌دیاریترین هۆكاره‌كانى دابه‌شبوونى هێزى ژنى كوردو به‌شێك له‌و هێزو توانایه‌ یه‌ بۆ باسى نه‌ته‌وه‌یى ته‌رخان كراوه‌، خه‌باتیشى بۆ یه‌كسانى هه‌ڵپساردووه‌ بۆدواى رزگارى نه‌ته‌وه‌یى ..دواتر پارچه‌ پارچه‌ بوونى كوردستانیش رۆڵى زۆرى هه‌بووه‌ به‌وه‌ى كێشه‌ى ژنى كورد له‌هه‌ر پارچه‌یه‌كدا به‌ئاراسته‌یه‌كى جیاوازدا ببات وداخوازییه‌كان له‌هه‌ر پارچه‌یه‌ك به‌گوێره‌ى دۆخى سیاسى ده‌سه‌ڵات له‌و پارچه‌یه‌دا بگوردرێ بۆیه‌، تاوه‌كو ئێستا ته‌رحێكى یه‌كده‌ست بوونى نییه‌ كه‌بتوانێت سه‌رجه‌م ژنانى كورد كۆبكاته‌وه‌.. ته‌نانه‌ت له‌ناو هه‌ر پارچه‌یه‌كى كوردستانیش پرۆژه‌یه‌كى یه‌ك ده‌نگ ویه‌ك ده‌ست نییه‌ كه‌بتوانێت ژنانى ئه‌و به‌شه‌ یاخوود ئه‌و پارچه‌یه‌ى كوردستان له‌ده‌ورى یه‌كتر كۆبكاته‌وه‌. 

چاوى خه‌ڵك: بمانه‌وێت یاخوود نا، سیسته‌مى سه‌رمایه‌دارى باڵى به‌سه‌ر زۆرێك له‌بوواره‌كانى ژیانى رۆژانه‌ى كۆمه‌ڵگاى كوردیدا كێشاوه‌ به‌تایبه‌تیش بووارى میدیا وتۆره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كاندا كه‌زۆر جار ژنان وه‌كو كاڵایه‌ك له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌كارهێنراون زیاتر له‌وه‌ى له‌روانگه‌ مرۆییه‌كه‌وه‌ تواناو خواسته‌كانیان له‌به‌رچاو بگیرێت.. چۆن بتوانین به‌ره‌نگارى ئاسه‌واره‌ نه‌رینییه‌كانى ئه‌م دیارده‌یه‌ ببینه‌وه‌ ؟
ژن وكۆمه‌ڵگا: هه‌ڵبه‌ته‌ ئێمه‌ ده‌توانین سوود له‌هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كان وه‌بگرین به‌تایبه‌تیش له‌بوواره‌كانى میدیا وتۆره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان به‌گشتى بۆئه‌وه‌ى دیوه‌ نه‌رینییه‌كانى سیسته‌مى سه‌رمایه‌دارى  له‌كه‌لتوورى باوى پیاوسالارى كۆمه‌لایه‌تى به‌كۆمه‌ڵگا ئاشنا بكه‌ین به‌وه‌ى كه‌ سیسته‌مێك له‌پشته‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌ دایه‌ مه‌به‌ستى هێشتنه‌وه‌ى ژنه‌ به‌پله‌دوویى وبه‌كارهێنانییه‌تى وه‌كو ئامرازێك بۆ به‌كاڵاكردنى سێكسى.  

چاوى خه‌ڵك: زۆرێك له‌و په‌یجانه‌ى كار له‌سه‌ر دۆسییه‌كانى ژنان ده‌كه‌ن، دابه‌ش بوون به‌سه‌ر كۆمه‌لێك ئایدیاى جیاوازدا، هه‌ریه‌ك له‌وانه‌ له‌ڕوانگه‌ى ئاراستیه‌كى فكرى دیاریكراودا كار بۆ ژن ده‌كات.. به‌راى ئێوه‌ ئه‌م دابه‌شبوونه‌ تاچه‌ند له‌خزمه‌تى دۆسییه‌ى ژن بووه‌، تاچه‌ند ئامانجى راسته‌قینه‌ى خۆى پێكاوه‌ ؟
سه‌نته‌رى ژنان: په‌رته‌وازه‌بوونى ژنانى رۆشنبیر ویه‌ك نه‌گرتووییان بۆشاییه‌كه‌ى گه‌وره‌ى دروست كردووه‌ كه‌ ئه‌و ژنانه‌ نه‌توانن موماره‌سه‌ى یه‌كسانى بهێننه‌ نێو به‌سته‌رى كۆمه‌لایه‌تییه‌وه‌، دواتریش سه‌رلێشێواوى كۆمه‌ڵگا له‌نێوان په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كانى ده‌ورانى فیودالى ویارییه‌كانى قۆناغى سه‌رمایه‌دارى وتێپه‌ر نه‌كردنى ئه‌و قۆناغانه‌ش به‌ئاسانى.. له‌پاڵ سونه‌ت وئاین وخێله‌كى بوونى كۆمه‌ڵگاش، به‌شێوه‌یه‌ك ره‌گى داكوتاوه‌ كه‌ته‌نانه‌ت له‌نێو به‌ناو رۆشنبیره‌كانیشدا سه‌رلێشێواوییه‌كى زۆر هه‌بێت .

چاوى خه‌ڵك: هیچ پێناسه‌یه‌كى دیاریكراو هه‌یه‌ بۆ ژن له‌دنیاى تۆره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان دا ؟
ژن وكۆمه‌ڵگا: هێشتا پێناسه‌یه‌كى ڕوون نییه‌ به‌تایبه‌ت له‌فه‌زاى تۆره‌كۆمه‌لایه‌تییه‌كاندا، چونكه‌ به‌شێك له‌و په‌یج وگروپانه‌ى له‌ژێر هه‌ژموونى حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانن یاخوود هه‌ندێك له‌وانه‌ى ئۆپۆزسیۆن وبه‌ناو ئیسلامییه‌كانیش سوودیان له‌تۆره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان بینیوه‌ بۆ شكاندنى كه‌سایه‌تى ژن، له‌قاڵبدانى.

چاوى خه‌ڵك: ئه‌وه‌ى له‌نێو دنیاى تۆره‌كۆمه‌لایه‌تییه‌كان وپه‌یجه‌كانى ژنان ده‌گوزه‌رێت جیاوازتره‌ له‌دنیاى واقعى ژن به‌وپێیه‌ى ژنان له‌م جیهانه‌دا ئازادانه‌تر گوزارشت له‌ڕاوبۆچوونى خۆیان ده‌كه‌ن.. ده‌پرسم ئایا په‌یجه‌كانى ژنان توانیویانه‌ له‌رێگاى تۆره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بره‌وه‌ى زیاتر به‌خه‌باتى ژن بده‌ن بۆ گه‌شتن به‌ماف وئازادییه‌كانیان؟
سه‌نته‌رى ژنان: ئه‌و هه‌وڵ ته‌قه‌لایانه‌ى له‌تۆره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كاندا ده‌بینرێت شتێكى باشه‌ به‌ڵام، ناتوانێت بچێته‌ ناو دڵى كۆمه‌ڵگاوه‌و پراكتیزه‌ بكرێت.. بۆ نموونه‌ له‌وانه‌یه‌ زۆرێك له‌وانه‌ى بیرۆكه‌و ووتارى باش ده‌نووسن له‌دنیاى مه‌جازى فه‌یسبووك وتۆره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كاندا بۆ خۆیان ئه‌و كه‌ره‌سه‌و هه‌وێنه‌یان نه‌بێت كه‌ له‌په‌یوه‌ندى وهه‌ڵسوكه‌وته‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كانى خۆیاندا بیچه‌سپێنن .. ئه‌وه‌ى لێره‌دا پێویسته‌ پێش هه‌ر شتێكى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ژنى كورد باوه‌ر به‌مافه‌كانى خۆى بهێنێت وهه‌مان ئه‌و مافانه‌ش بۆ هاوره‌گه‌زه‌كانى خۆى به‌ڕه‌وا ببینێت به‌ڵام، به‌داخه‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌فه‌زاى مه‌جازیشدا ده‌بینرێت ژنانى چالاكوان سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى كه‌سه‌رجه‌م ئه‌و وشه‌و ڕستانه‌ى بۆ وێناكردنى كێشه‌كان به‌كارى ده‌هێنن وه‌ك یه‌ك وان به‌ڵام، به‌ده‌گمه‌ن له‌سه‌ر كارێكى هاوبه‌ش وته‌رحێكى یه‌ك ده‌نگ رێك ده‌كه‌ون یاخوود له‌هه‌ندى كاتیشدا له‌مپه‌ریش بۆیه‌كتر دروست ده‌كه‌ن .. بێگومان قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ به‌ماناى كه‌مكردنه‌وه‌ نییه‌ له‌تواناكانى ئه‌و ژنانه‌ى ساڵانیكى زۆره‌ خۆیان بۆ به‌دیهێنانى كۆمه‌ڵگایه‌كى یه‌كسان ته‌رخان كردووه‌ به‌ڵام، به‌هۆى نه‌بوونى یه‌ك ته‌رحى ویه‌ك ده‌نگی وهه‌روه‌ها یه‌كتر قبوڵكردنه‌وه‌ خه‌باتى ژنان به‌وجۆره‌ى كه‌پێویسته‌ پێشكه‌وتنى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌ چ له‌بوارى تیۆرى وهه‌روه‌ها پراكتیكیش.

چاوى خه‌ڵك: ده‌وترێت ژنان له‌نێۆ دنیاى تۆره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كاندا ئازادانه‌ تر گوزارشت له‌بۆچوونه‌كانى خۆیان ده‌كه‌ن.. ئایا ئه‌م ئازادییه‌ گواستراوه‌ته‌ نێو ژیانى واقیع ژن وكۆمه‌ڵگاش ؟
ژن وكۆمه‌ڵگا: ئه‌توانین بلێین هه‌ندێك له‌و په‌یج وگروپانه‌ى كار له‌سه‌ر دۆسییه‌كانى ژنان ده‌كه‌ن كاریگه‌رییه‌ ئه‌رینییه‌كانیان زیاتر بووه‌  چ به‌شێوازى ڕاسته‌وخۆ یاخوود ناڕاسته‌وخۆ ئه‌وه‌ش له‌رێگاى پۆست ولایڤ وبلاوكردنه‌وه‌ى سیمینارو هه‌روه‌ها جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌به‌رنگاربوونه‌وه‌ى دیارده‌كانى خۆكوشتنى ژنان وسووكایه‌تی پێكردن له‌لایه‌ن كه‌سانى ئاینییه‌وه‌.

چاوى خه‌ڵك:" سه‌نته‌رى ژنان" سه‌ر به‌كێیه‌، به‌چ ئاراسته‌یه‌ك كار ده‌كات؟
سه‌نته‌رى ژنان: سه‌نته‌رى ژنانى كورد، رێكخراوێكى ناحكومى سه‌ربه‌خۆیه‌، له‌ژنانى كوردى باشوور ورۆژهه‌ڵاتى كوردستان پێكهاتووه‌، باره‌گاكه‌شى له‌شارى كۆڵنه‌ له‌وڵاتى ئه‌ڵمانیا.. ژنانى ئه‌ندام له‌م رێكخراوه‌دا هه‌ڵگرى كۆمه‌لێك ئایدۆلۆژیاى جیاوازن وهه‌مووان كار بۆ هێنانه‌كایه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگایه‌كى یه‌كسان ده‌كه‌ن، خاڵى هاوبه‌شى ژنانیش له‌م رێكخراوه‌دا ژنبوون وخه‌باته‌ بۆ به‌دیهێنانى یه‌كسانى كۆمه‌ڵایه‌تى.

چاوى خه‌ڵك: "ژن وكۆمه‌ڵگا"، یه‌كێكه‌ له‌و په‌یجانه‌ى كار له‌سه‌ر دۆسییه‌كانى ژنان ده‌كات.. چۆن پێناسه‌ى په‌یجه‌كه‌تان ده‌كه‌ن؟
ژن وكۆمه‌ڵگا: په‌یجى ژن وكۆمه‌ڵگا مینبه‌رێكه‌ بۆ داكۆكیكردن له‌مافه‌كانى ژنان، له‌لایه‌ن چالاكوانێكى ژنان ومافه‌ مه‌ده‌نییه‌كانه‌وه‌ به‌رێوه‌ ده‌چێت وچه‌ند ئه‌دمێنێكش هاوكارى ده‌كه‌ن كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى كوردستان ده‌ژین.. كاركردنى په‌یجى ژن وكۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌ماى هۆشیاركردنه‌وه‌ى ژنان وكۆمه‌ڵگایه‌، هه‌روه‌ها بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى كۆنه‌په‌رستى وله‌قاڵبدانى ژنانه‌ له‌چوارچێوه‌ داخراوه‌كاندا.

چاوى خه‌ڵك/ ئه‌ڤین

تێبینى* بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردنى زیاترى ئه‌م بابه‌ته‌، ماڵپه‌رى" چاوى خه‌ڵك" په‌یوه‌ندى كرد به‌په‌یجى" ژن له‌میدیادا" وه‌كو یه‌كێكى تر له‌و په‌یجانه‌ى كار له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وى رۆشنبیرى میدیایى وچه‌سپاندنى ڕوانگه‌ى مرۆیى ده‌كات له‌كارى میدیاییدا به‌ڵام، سه‌ربارى وه‌رگرتنى ڕه‌زامه‌ندى وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیان نه‌داینه‌وه‌.


PM:10:57:11/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 1695 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌