مۆندیالى 2018 جیاوازییه‌ ره‌گه‌زییه‌كان بنبڕ ده‌كات ؟

هاوكات له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌چوونى یارییه‌كانى مۆندیالى روسیاى 2018 بۆ تۆپى پێ، جارێكى تر دۆسییه‌كانى مافى ژنان ویه‌كسانى ره‌گه‌زى وه‌كو یه‌كێك له‌به‌هێزترین دۆسییه‌كانى ئه‌م مۆندیاله‌ بووه‌ جێگاى سه‌رنجى چاودێرانى بوواره‌كه‌، سه‌رله‌نوێش ئه‌و پرسیاره‌ى وروژانده‌وه‌ ئاخۆ مۆندیال ده‌توانێت دادپه‌روه‌رى ویه‌كسانى بۆ ژنان بگێرێته‌وه‌ له‌دنیاى تۆپى پێى، له‌بوواره‌ جیاوازه‌كانى ژیانى رۆژانه‌شدا به‌گشتى ؟.

سێشه‌مه‌ى رابردوو 26/6/2018، غیتى ئیمیدجیز كچه‌ فۆتۆگرافه‌رى ئاژانسى هه‌واڵى فۆتۆیى، له‌رێگاى پێشانگایه‌كى تایبه‌ته‌وه‌ له‌ژێر ناونیشانى" هانده‌ره‌ وروژێنه‌ره‌كانى مۆندیاڵ" زۆمى كامێراكه‌ى له‌سه‌ر كۆمه‌لێك له‌كچه‌ هانده‌رانى هه‌ڵبژارده‌ به‌شداربووه‌كانى مۆندیاڵ جێگیركرد، دوابه‌دواى نمایشكردنی وێنه‌كانیش ناوبراو، ڕوبه‌رووى ره‌خنه‌یه‌كى زۆرى به‌كارهێنه‌رانى تۆره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان بویه‌وه‌.. به‌وپێه‌ى كۆمه‌ڵه‌ پێوه‌رێكى به‌سه‌رچووى بۆ وێناكردنى ژنان به‌كارهێناوه‌و له‌ڕووانگه‌یه‌كى ورۆژینه‌ریشه‌وه‌ رۆماڵى ئاماده‌بوونى كچان وژنانى كردووه‌ له‌نێۆ یاریگاكاندا.

له‌ئێستادا به‌شێك له‌چاودێرانى وه‌رزشى پێیان وایه‌ مۆندیالى 2018 ى روسیا، ده‌روازه‌یه‌كى له‌بارى خوڵقاندووه‌ بۆ گێرانه‌وه‌ى به‌شێك له‌مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانى ژنان له‌دنیاى تۆپى پێ دا، بۆ یه‌كه‌م جاريش له‌م مۆندیاله‌دا فیكى سباركس كچه‌ رۆژنامه‌نووسى كه‌ناڵى بى بى سى، توانى وه‌كو یه‌كه‌م ژنه‌ شیكه‌ره‌وه‌ى وه‌رزشى شیكردنه‌وه‌ى راسته‌وخۆ بۆ چه‌ند یارییه‌كه‌ك بكات له‌یه‌كێك له‌كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كانى به‌ریتانیا كه‌ئه‌وه‌ش به‌بۆچوونى زۆرێك له‌چاودێرانى بوواره‌كه‌ وه‌رچه‌رخانێكى به‌هێزه‌ به‌ڕووى دنیاى یه‌كسانى ره‌گه‌زیی له‌نێو یاریگاكاندا.

جیاوازتر له‌بۆچوونه‌كانی چاودێران، جایسۆن كینیدى یاریزانى پێشووى هه‌ڵبژارده‌ى ئینگلته‌را، له‌نووسینێكدا له‌پێگه‌ى فه‌رمى خۆى له‌تۆرى كۆمه‌لایه‌تى تویته‌ر، سه‌رنجى خۆى له‌باره‌ى بابه‌ته‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو، پێى وايه ژنان توانانى رۆماڵكردن وشیكردنه‌وه‌ى یارییه‌كانى مۆندیالیان نییه‌و ژێنه‌ره‌ ده‌نگییه‌كانیش یارمه‌تیده‌رنین بۆ وه‌رگرتنى چێژى ته‌واو له‌لایه‌ن بینه‌رانى یاریكانه‌وه‌ !.. جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، جیهانى تۆپى پێ جیهانێكى فراوانه‌وه‌و ژنانیش پێویستیان به‌كاتى زیاتره‌ بۆ سه‌لماندنى ته‌واوى تواناكانى خۆیان له‌بوواره‌كه‌دا.

چاوى خه‌ڵك/ ئاژانسه‌كان


PM:12:46:02/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 379 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌