بۆ گه‌شتن به‌یه‌كسانى، ژنان داواى گێرانه‌وه‌ى مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانیان ده‌كه‌ن

سه‌ربارى كاریگه‌ر بوونى كۆمه‌ڵگاى كوردى به‌ به‌شێك له‌چه‌مكه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كانى دنیاى جیهانگیری وژیانى سه‌رده‌مه‌وه‌ به‌ڵام، لاى زۆرێك له‌ژنان تاوه‌كو ئێستاش قسه‌كردن له‌باره‌ى ژیانێكى كۆمه‌ڵایه‌تى یه‌كسان له‌نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زدا نه‌بۆته‌ جێگاى بایه‌خ، خودى كۆمه‌ڵگاش راستگو نه‌بووه‌ له‌پراكتیزه‌كردنى راسته‌قینه‌ى چه‌مكى یه‌كسانى ره‌گه‌زیدا، پێشیان وایه‌ باشترین رێگا بۆ چه‌سپاندنى بنه‌ماكانى یه‌كسانى گۆرینى سیسته‌مى په‌روه‌رده‌و گێرانه‌وه‌ى مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانيانه.

م.ع (46 ساڵ) دانیشتووى شارى سلێمانى، تایبه‌ت بۆ ماڵپه‌رى چاوى خه‌ڵك، ده‌لێت" قسه‌كردن له‌باره‌ى بابه‌تى یه‌كسانى جیاوازتره‌ له‌وه‌ى به‌كردارى جێبه‌جی بكرێت به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر ئاستى خێزانى چونكه‌، بمانه‌وێت یاخوود نا زۆرینه‌ى ئه‌ركه‌كانى رۆژانه‌ى ماڵ وهه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌كردنى منداڵیش له‌ئه‌ستۆى ژنان دایه‌، ئیدى شتێك نامێنێته‌وه‌ به‌ناوى یه‌كسانى ".. م.ع كه‌دایكى 3 منداڵه‌و ژنى ماڵه‌وه‌یه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، هه‌رچه‌نده‌ هاوسه‌ره‌كه‌ى درك به‌وه‌ ده‌كات به‌شى هه‌ره‌زۆرى ئه‌ركه‌كانى رۆژانه‌ى خێزان وپه‌روه‌رده‌كردنى منداڵیش له‌ئه‌ستۆى دایه‌ به‌ڵام، پێى وایه‌ ئه‌وه‌ ئه‌ركى ژنه و ده‌بێت خودى ژن خۆى جێبه‌جێى بكات !.
به‌شێك له‌ژنانى به‌شداربووى نێو ئه‌م راپۆرته‌ واى ده‌بینن، په‌سه‌ندكردنى چه‌مكى یه‌كسانى له‌زهنییه‌تى تاكه‌كاندا به‌بێ بوونى تێگه‌شتنێكى كۆمه‌ڵایه‌تى دروست وپێشوه‌خت ده‌شێت ده‌ره‌نجامێكى پێچه‌وانه‌و نه‌رێنى بهێنێته‌ ئاراوه‌، به‌وپێه‌ى قسه‌كردن له‌بابه‌تێكى له‌وشێوه‌یه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌لایه‌نى په‌روه‌رده‌یى وكه‌لتوورى كۆمه‌ڵگاوه‌، خودى كۆمه‌ڵگاش شیكردنه‌وه‌یه‌كى ڕوون ودروستى نییه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌.. سه‌رگوڵ سه‌عید( 51 ساڵ)، فه‌رمانبه‌ر له‌یه‌كێك له‌فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانى شارى سلێمانى، ده‌لێت" بابه‌تى یه‌كسانى ره‌گه‌زى بۆ كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌هێشتا دیدێكى دروستى نییه‌ له‌باره‌ى ماف وئازادییه‌كانه‌وه‌ ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆكارى سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌ى خێزانى وكۆمه‌ڵایه‌تى"، پێشى وایه‌، كۆمه‌ڵگا راستگۆنییه‌ له‌به‌كردار كردنى بابه‌تى یه‌كسانى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌بنه‌ره‌تدا خێزانه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى یه‌كسانى دانه‌مه‌زراون وهه‌میشه‌ ئه‌وله‌وییه‌ت بۆ پیاوان بووه‌ له‌ماف وئه‌رك دا ".. به‌بۆچوونى خاتوو سه‌رگوڵ كه‌ماوه‌ى ماوه‌ى 24 ساڵه‌ وه‌كو فه‌رمانبه‌رى كه‌رتى حكومى ده‌ستبه‌كاره‌، ده‌كرێت له‌برى جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌چه‌مكى یه‌كسانى تیشكى زیاتر بخرێته‌ سه‌ر مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانى ژنان، ده‌شلێت" گه‌رانه‌وه‌ى مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانى ژنان له‌لایه‌ن به‌شێك له‌پیاوانه‌وه‌ باشترین رێگایه‌ بۆ گه‌شتن به‌یه‌كسانى ره‌گه‌زى چ له‌سه‌ر ئاستى خێزان وهه‌روه‌ها له‌شوێنه‌كانى كاركردنیشدا".
هاتنه‌كایه‌وه‌ى وه‌رچه‌رخانى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌هه‌ر بووارێكدا په‌یوه‌سته‌ به‌ڕاده‌ى پێشكه‌وتنى سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ له‌كۆمه‌ڵگاكاندا له‌سه‌ر ئاستى خێزان وهه‌روه‌ها ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كانيش كه‌رۆڵى یه‌كلایكه‌ره‌وه‌ ده‌بینن له‌ئاراسته‌كردنى فیكرى تاك به‌رامبه‌ر به‌كۆى ئه‌و پرسانه‌ى په‌یوه‌ستن به‌ماف وئازادییه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ى سیسته‌م وبه‌رنامه‌یه‌كى پلان بۆ داریًژراودا، له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ رۆشنا سه‌مه‌د ( 24ساڵ) خوێندكار له‌زانكۆى سلێمانى، پێى وایه‌، پێویسته‌ سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ بكرێته‌ ده‌روازه‌یه‌كى سه‌ره‌كى بۆ گۆرینى تێگه‌شتنه‌ هه‌ڵه‌كانى كۆمه‌ڵگا به‌رامبه‌ر به‌چه‌مكه‌كانى ئازادى وماف ویه‌كسانى، ده‌لێت" له‌هه‌رێمى كوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌یى پێویستى به‌سه‌رله‌نوێ دارشتنه‌وه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌هاوتا بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانى مافى مرۆڤ وژیانێكى مه‌ده‌نیانه‌ى پێشكه‌وتوخواز كه‌تێدا مافه‌كانى هه‌ردوو ره‌گه‌ز له‌ژیانێكى یه‌كسان پارێزراو بێت ".
به‌بۆچوونى نیاز محه‌مه‌د فه‌تاح مامۆستاى بووارى كۆمه‌ڵناسى له‌زانكۆى سلێمانى، له‌ئێستادا هه‌ندێك گۆرانكارى كۆمه‌ڵایه‌تى هاتۆنه‌ته‌كایه‌وه‌ به‌ڵام، به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌كۆمه‌ڵگا خۆى كارى بۆ كردبێت به‌ڵكو هاوشێوه‌ى زۆرێك له‌كۆمه‌ڵگا رۆژهه‌ڵاتییه‌كان خراوه‌ته‌ ژێر كاریگه‌رى دنیاى جیهانگیرییه‌وه‌ كه‌هه‌ندى كه‌لتوورى هێناوه‌ته‌ نێو كۆمه‌ڵگاوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى ئاماده‌كارى پێشوه‌ختى بۆ بكرێت یاخوود ویستى راسته‌قینه‌ هه‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنى به‌شێوازێكى كردارى، بۆ ماڵپه‌رى چاوى خه‌ڵك، وتى" كۆمه‌ڵگاى كوردى كۆمه‌ڵگایه‌كى لاساییكه‌ره‌وه‌یه‌و به‌شێك له‌و پێشكه‌وتنانه‌ش له‌ئێستادا ده‌یبینین ته‌نها به‌ركه‌وتنى پریشكى گۆرانكارییه‌كانى وڵاتانى كه‌یه‌، له‌بنه‌ره‌تیشدا هیچ ئاماده‌كارییه‌كى نه‌بووه‌ بۆ وه‌رگرتنى كه‌لتوورى نۆی له‌چوارچێوه‌ى دنیاى جیهانگیریدا"، زیاتریش وتى" لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی داره‌كان له‌نێۆ كۆمه‌ڵگاى كوردیدا وه‌كو پێویست به‌رپرسیارێتى ئاماده‌كرنى كۆمه‌ڵگایان بۆ قۆناغى ئه‌مرۆى جیهانگیرى نه‌گرتۆته‌ ئه‌ستۆ، بۆ تێگه‌شتنى دروست به‌رامبه‌ر به‌چه‌مكى یه‌كسانى ده‌بێت له‌هه‌موو ئاسته‌كانه‌وه‌ كارى له‌سه‌ر بكرێت چونكه‌ كۆى بابه‌ته‌كه‌وه‌ له‌دواجاردا ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ خێزان وپه‌روه‌رده‌ وه‌كو دووفاكته‌رى به‌هێزى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى وێناى سه‌رجه‌مى چه‌مكه‌كان، ئه‌وه‌ش له‌رێگاى راگه‌یاندن ورێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى وهه‌روه‌ها یاساكانه‌وه‌ ده‌بێت كه‌چۆن  كار بۆ گۆرینى دیدى كۆمه‌ڵگا بكه‌ن به‌تایبه‌ت له‌باره‌ى پرسه‌كانى ماف ویه‌كسانی دا".

چاوى خه‌ڵك


AM:11:25:24/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌