ده‌ستدرێژى سێكسى ناوبانگى رێكخراوێكى جیهانى ده‌خاته‌ ژێر مه‌ترسییه‌وه‌

رۆژنامه‌ى"گاردیان"ى به‌ریتانى له‌تازه‌ترین راپۆرتى دا، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، ژماره‌یه‌ك له‌كارمه‌ندانى رێكخراوى گشتى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان تێوه‌گلاون له‌ئه‌نجامدانى چه‌ندین تاوانى گێچه‌ڵ وده‌ستدرێژى سێكسى بۆ سه‌ر ژنان له‌شوێنه‌كانى كاركردندا، به‌هۆى بوونى مه‌رجه‌كانى پارێزبه‌ندیشه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ روبه‌رووى سزاى یاسایى بكرێنه‌وه‌.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و راپۆرته‌شدا كه‌ دووهه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هاتووه‌" 15 ژنه‌ كارمه‌ند  له‌تیمه‌ جیاوازه‌كانى رێكخراوى گشتى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه‌ له‌10 وڵاتى جیهانى جیاواز ده‌ستبه‌كارن، له‌لایه‌ن كارمه‌نده‌ پیاوه‌كانى هاوپیشه‌یانه‌وه‌ ڕووبه‌رووى گێچه‌ڵ وده‌ستدرێژى سێكسى بوونه‌ته‌وه‌، له‌ئێستاشدا 7 له‌و ژنه‌ كارمه‌ندانه‌ داواى یاساییان له‌سه‌ر كه‌سانى تاوانبار تۆمار كردووه‌و 3 له‌وانه‌ش ڕووبه‌رووى هه‌ڕه‌شه‌ى دوورخستنه‌وه‌و كۆتایهێنان به‌گریبه‌سته‌كانى كاركردنیان بونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام، به‌هۆى بوونى مه‌رجه‌كانى پارێزبه‌ندییه‌وه‌ تاوانباران روبه‌ڕووى سزاى یاسایى نه‌بوونه‌ته‌وه‌.
لاى خۆشیه‌وه‌ ستیڤان دۆگاریك وته‌بێژى فه‌رمى ئه‌میندارى گشتى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، تایبه‌ت به‌و دۆسییه‌ له‌لێدوانیكیدا، وتى" ته‌نها له‌ 3مانگى كۆتایى ساڵى 2017 دا تیمه‌كانى پاراستنى ئاشتى سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان 40 حاڵه‌تى ده‌ستدرێژى سێكسییان تۆماركردووه‌"، وتیشى" روودانى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ كارێكى ئاساییه‌، له‌هه‌موو جێگایه‌ك رووده‌دات".
له‌راپۆرتێكى هاوشێوه‌شدا رۆژنامه‌" The sun" به‌ریتانى، له‌سه‌ر زارى ئه‌ندرو ماكلاود سه‌رۆكى پێشوور ژوورى ئۆپراسیۆنه‌كان له‌سه‌نته‌رى هه‌ماهه‌نگى ئیمێرجنسى له‌رێكخراوى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، روونیكرده‌وه‌" سه‌نته‌رى ناوبراو له‌ماوه‌ى 10 ساڵى رابردوودا نزیكه‌ى 60 هه‌زار حاڵه‌تى ده‌ستدرێژى سێكسى ولاقه‌كردنى ژنانى تۆمار كردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن به‌شێك له‌كارمه‌ندانى رێكخراوى  UN  ئه‌نجام دراون، هۆكارى روودانى ئه‌و حاڵه‌تانه‌شى بۆ نه‌بوونى مه‌رجه‌كانى پارێزبه‌ندى بۆ قوربانیانى ئه‌و تاوانانه‌ گه‌رانده‌وه‌".

چاوى خه‌ڵك/ ئاژانسه‌كان


PM:05:17:07/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 398 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌