باڵانسى جه‌ماوه‌رى ژنانى كاندید ڕوو له‌به‌رزبوونه‌وه‌ ده‌كات

له‌گه‌ڵ زیادبوونى ژماره‌ى ليست وقه‌واره‌ سیاسییه‌كانى به‌شداربوو له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2018ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق ـ بازنه‌ى پارێزگاى سلێمانى،  بوونى ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌ژنان له‌نێو ئه‌و لیستانه‌دا، باڵانسى جه‌ماوه‌رى ژنانى كاندید جۆرێك له‌به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌..  ژنێكیش ده‌لێت" هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ژنانى به‌توانا كێبركێى ژنانى كاندیدى به‌هێزتر كردووه‌ بۆ گه‌شتن به‌ده‌نگ ومتمانه‌ى ده‌نگده‌ر".

ژنان جه‌خت له‌تواناكانى ژنانى كاندید ده‌كه‌نه‌وه‌
س. ع ( 37 ساڵ) فه‌رمانبه‌ر له‌یه‌كێك له‌كۆمپانیاكانى شارى سلێمانى، پێى وایه‌ متمانه‌ى جه‌ماوه‌ر بۆ ژنانى كاندید له‌ئێستادا جۆرێك له‌به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ به‌به‌راورد به‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشووتر ئه‌وه‌ش به‌هۆى بوونى كۆمه‌لێك ژنى به‌توانا له‌نێو لیسته‌كاندا كه‌وایكردووه‌ كێبركێى ژنان به‌هێزتر بێت بۆگه‌شتن به‌ده‌نگ ومتمانه‌ى ده‌نگده‌ر.. ناوبراو، تایبه‌ت به‌ماڵپه‌رى چاوى خه‌ڵك، ده‌لێت" له‌ڕاستیدا هه‌ست به‌جیاوازییه‌كى زۆر ده‌كرێت.. له‌ئێستادا ژماره‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان زیاتر بوون،  هه‌مووشیان كار بۆ ناردنى باشترین نوێنه‌ر ده‌كه‌ن بۆ په‌رله‌مانى داهاتووى عیراق"، پێشى وایه‌، یه‌كێك له‌جیاوازییه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو ئه‌وه‌یه‌ سه‌رجه‌مى لیسته‌كان كۆمه‌لێك ده‌موچاوى نوێ وژنانى به‌توانایان كاندید كردووه‌و پێوه‌رى حزبى بوونیش كه‌متر هه‌ستى پێده‌كرێت هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانى سه‌رجه‌م حزبه‌كان به‌ڵام، وه‌كو خۆى وتى" دڵخۆشم به‌بوونى ژنانى به‌توانا  له‌نێو سه‌رجه‌م لیسته‌كاندا، بێگومان ده‌نگى خۆشم بۆ یه‌ك له‌و ژنانه‌ ده‌بێت له‌رۆژى هه‌ڵبژاردندا ". 
ئه‌زموونى سیاسى، تاچه‌ند به‌شدارى كاراى ژنان له‌ناوه‌نده‌ سیاسى وحزبییه‌كاندا رۆلێكى گه‌وره‌ ده‌گێڕێت له‌ده‌ستنیشانكردنی ژنانى كاندید له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه‌ بۆ هه‌ر پله‌و پۆستێكى سیاسى پێچه‌وانه‌ى پێوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌تاوه‌كو ئێستاش رێگرن له‌گه‌یاندنى ژماره‌یه‌كى زیاتر له‌ژنان بۆ ناوه‌نده‌كانى كارى سیاسى، وپه‌رله‌مانى، خودى ئه‌و رێگرییانه‌ش له‌سه‌رجه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كانى رابردوودا كاریگه‌رى نه‌رێنییان هه‌بووه‌ بۆسه‌ر رێژه‌ى ده‌نگه‌كانى ژنانى كاندید چ له‌سه‌ر ئاستى په‌رله‌مانى كوردستان وهه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراقیش.. نه‌رمین كه‌ریم (46ساڵ) مامۆستا له‌یه‌كێك له‌خوێندنگا ئه‌هلییه‌كانى شارى سلێمانى، جیاوازتر بۆچوونى خۆى له‌باره‌ى ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، پێى وایه‌ له‌رووانگه‌ى واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هێشتا به‌ربه‌سته‌كان له‌رێگاى ژنانى كاندید زۆرن، هۆكارى ئه‌وه‌ش بۆ سروشتى كۆمه‌ڵگاو كه‌لتوورى پیاوسالارى ده‌گه‌رێته‌وه‌، ده‌لێت" هێشتا كۆمه‌ڵگا نه‌یتوانیوه‌ به‌پێ پێویست تواناكانى ژنان له‌بووارى كارى سیاسییدا له‌به‌رچاوبگرێت هه‌ڵبه‌ته‌ كه‌لتوورو نه‌ریتى پیاوسالاریش رۆلێكى گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ له‌تۆخكردنه‌وه‌ى ئه‌و بیروبۆچوونانه‌"، به‌ڵام، ناوبراو له‌و بڕوایه‌شدایه‌ ئه‌گه‌ر پێوه‌ره‌كانى بوێرى وتوانا له‌خه‌سڵه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ژنانى كاندید كراوبن ولایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش هه‌نگاوى زیاتریان به‌ئاراسته‌ى چه‌سپاندنى ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌دا بووبێت بێگومان ده‌نگده‌ریش متمانه‌ى خۆى بۆ ژنه‌كان زیاتر ده‌بێت"، ده‌لێت" له‌ڕاستیدا كۆى بابه‌ته‌كه‌ ته‌نها له‌توانا وئاستى به‌رپرسیارێتى دایه‌، زۆرینه‌ى ئه‌و ژنانه‌ش له‌ئێستادا ده‌ستنیشانكراون به‌بۆچوونى من كۆمه‌ڵه‌ ژنێكى به‌تواناو بوێرن، بوونه‌ته‌ جێگاى متمانه‌ جه‌ماوه‌ر". 

پاراستنى ژنانى كاندید له‌ناوزڕاندن له‌ئه‌ستۆى لایه‌نه‌ سیاسى وته‌شریعییه‌كانه‌
پێچه‌وانه‌ى بۆچوونه‌كانى پێشووتر.. به‌شێك له‌به‌شداربووانى نێۆ راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان نه‌یانتوانیوه‌ گۆرانكارێیه‌كى بنه‌ڕه‌تى له‌دیدى تاكى ده‌نگده‌رو دواتریش له‌شێوازى ده‌ستنیشانكردنى ژنانى كاندید بهێننه‌ ئاراوه‌ به‌تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2018 ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق، به‌شێك له‌و لایه‌نانه‌ش هێشتا سنووره‌ ته‌قلیدییه‌كانى ده‌ستنیشانكردنى ژنانى كاندییان تێنه‌په‌راندووه‌و نه‌یانتوانیوه‌ گۆرانكارى له‌هزر ودیدى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌رامبه‌ر به‌به‌شدارى سیاسى بكه‌نه‌ پێوه‌رى سه‌ره‌كى زیادبوونى باڵانسى جه‌ماوه‌ى ژنانى كاندیدكراو.. له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌  كه‌نار جه‌مال ( 25 ساڵ) فه‌رمانبه‌ر له‌شارى سلێمانى، پێى وایه‌، هه‌ڵبژاردنى داهاتوو ناتوانێت گۆرانكارییه‌كى ئه‌وتۆ له‌باره‌ى به‌شدارى زیاترى ژنان له‌ناوه‌نده‌كانى بڕیارى سیاسییدا به‌هێزتر بكات وهۆكارى ئه‌وه‌ش بۆخودى زۆرێك له‌حزبه‌ سیاسییه‌كان ده‌گه‌رێنێته‌وه‌، ده‌لێت" ئه‌وه‌ى سه‌رنجى راكێشاوم زۆرینه‌ى حزبه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو پێوه‌ره‌كانى جوانى وڕوواله‌تى ده‌ره‌وه‌ى ژنانیان كردۆته‌ پردی په‌رینه‌وه‌ بۆ گه‌شتن به‌ده‌نگى ده‌نگده‌ران هاوشێوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشووتر،  له‌به‌رامبه‌ریشدا پێوه‌ره‌كانى توانا ولێهاتووى كه‌متر هه‌ستیان پێده‌كرێت.. له‌راستیدا پێم وانییه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ بتوانێت ئامانجى خۆى بپێكێت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌كرێت شه‌پۆلى ناوزاندنى ژنانى كاندیدى به‌دوادا بێت وه‌كو ئه‌وه‌ى روویدا له‌ماوه‌ى رابردوودا  كه‌ئه‌وه‌ش متمانه‌ى ده‌نگده‌ر به‌ژنانى كاندید لاوازتر ده‌كات".
به‌ئامانج كردنى ژنانى كاندیدكراو له‌سه‌ر ئاستى عیراق به‌گشتى،  كوردستانیش به‌تایبه‌تى، یه‌كێك بوو له‌و دیارده‌ زه‌قانه‌ى له‌چوارچێوه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌كانى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، له‌رێگاى تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ كه‌سایه‌تى ژماره‌یه‌ك له‌ژنانى كاندیدى نێو حزبه‌كانى كرده‌ ئامانج و هاوكات شه‌پۆلێكى فراوانى ناڕه‌زایه‌تى چالاكوانان ورێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ وكۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نیشى به‌دواى خۆیدا هێنا... لاى به‌شێك له‌هاوڵاتیان ئه‌وه‌ى ڕوویدا به‌رامبه‌ر به‌ژنانى كاندید ئامانج لێى دوورخستنه‌وه‌ى ژنان بوو له‌كایه‌كانى كارى سیاسى وهاوكات هه‌ولێكى نه‌زۆكیش بوو به‌ئاراسته‌ى لێدان له‌متمانه‌ى ده‌نگده‌ر بۆ كاندیده‌ ژنه‌كان.. هه‌ر وه‌كو سه‌عید عه‌بدوڵا ( 37ساڵ) خوێندكار له‌زانكۆى سلێمانى، بۆماڵپه‌رى چاوى خه‌ڵك، روونیكرده‌وه‌ " له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌وڵ هه‌بووه بۆ تێكشكاندى كه‌سایه‌تى ولایه‌نى ده‌روونى ژنانى كاندیدكراو  له‌رێگاى بڵاوكردنه‌وه‌ى جۆره‌ها گرته‌ى ڤیدیۆیى ووێنه‌ى جۆراوجۆر، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ ته‌نها مه‌به‌ست لێیان دوورخستنه‌وه‌ى ژنانه‌ له‌گۆره‌پانى كارى سیاسى"، وتیشى" بابه‌ته‌كه‌ هه‌ستیاره‌ به‌ڵام، پێم وانییه‌ كاریگه‌رییه‌كى ئه‌وتۆى هه‌بێت چونكه‌ له‌كۆتاییدا سه‌رده‌م سه‌رده‌مى ته‌كنه‌لۆژیاییه‌و هه‌ر له‌رێگاى ئه‌و جیهانه‌ فراوانه‌شه‌وه‌ ده‌كرێت جۆره‌ها كارى نه‌شیاو نامرۆڤانه‌ ئه‌نجام بدرێن.. گرنگ لێره‌دا ئاستى هۆشیارى تاكى ده‌نگده‌ر خۆیه‌تى "،  سه‌عید عه‌بدوڵا ( 37ساڵ) خوێندكار له‌زانكۆى سلێمانى، هاوكات به‌گرنگیشى زانى حزبه‌ سیاسییه‌كان رۆڵى زیاتر بگێرن له‌پاراستنى ژنانى كاندید له‌هه‌رجۆره‌ ناوزراندێك كه‌ كه‌سایه‌تییان بخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، وتیشى" گرنگه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ته‌شریعییه‌كاندا كار بۆ پاراستنى ژنان بكه‌ن له‌لێدان وناوڕاندن یاخوود لانى كه‌م له‌رێگاى میدیاكانه‌وه‌ ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانى ئه‌و جۆره‌ سووكای پێكردنانه‌ بۆ راى جه‌ماوه‌ر بخه‌نه‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگاش له‌ئاستى ئه‌و تاوانانه‌ به‌ئاگابێت".

توێژه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تى: هێشتا كۆمه‌ڵگا ژن به‌ره‌كابه‌ر نازانێت، بۆیه‌ هه‌وڵى ناوزڕاندنى ده‌دات
 نیاز مه‌حموود فه‌تاح توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌شارى سلێمانى، ده‌لێت " ناوزڕاندن و به‌كارهێنانى وێنه‌ى ژنانى كاندید بۆ مه‌رامى تایبه‌ت ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك له‌وانه‌ شێوازى په‌روه‌رده‌ى كۆمه‌ڵگا چونكه‌، تاوه‌كو ئێستاش له‌ڕووانگه‌ى كۆمه‌لایه‌تییه‌وه‌ هێشتا ژنان وه‌كو ره‌كابه‌رێكى سه‌ره‌كى سه‌یر ناكرێن و په‌روه‌رده‌كردنى نه‌وه‌كانیش له‌سه‌ر بیرو باوه‌ڕى ته‌قلیدى وكۆن بێگومان كاریگه‌رى نه‌رێنى خۆى ده‌بێت، دواتریش دانانى ژنان له‌نێو لیسته‌كاندا له‌لایه‌ن زۆرێك له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ ته‌نها بابه‌تێكى ڕووكه‌شییه‌و خۆشیان هێنده‌ بڕوایان به‌تواناكانى ژنان نییه‌ بۆیه‌ جه‌ختى زیاتریان له‌ڕوواله‌ت وشێوازى ده‌ره‌وه‌ى ژنانى كاندید كردووه‌.. لێره‌شه‌وه‌  پێویسته‌ ژنان خۆشیان تواناى پاراستن وبه‌رگرى كردنیان هه‌بێت له‌خۆیان به‌رامبه‌ر به‌و كرده‌وانه‌ى ده‌یانكاته‌ ئامانج وبه‌ئاسانى نه‌بنه‌ نیچێرێكى ئاسان بۆهه‌موو ئه‌وانه‌ى مه‌به‌ستیان دوورخستنه‌وه‌ى حزورى ژنانه‌ له‌ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كاندا".. ئه‌و خانمه‌ توێژه‌ره‌، پێشى وایه‌ ده‌بێت ژنانى كاندید له‌و ماوه‌ كه‌مه‌ى له‌به‌رده‌ستدایه‌ جه‌ختى زیاتر له‌به‌ده‌ستهێنانى ده‌نگى ژنانى ده‌نگده‌ر بكه‌نه‌وه‌و هه‌وڵى ته‌واو بده‌ن زۆرترین رێژه‌ له‌ ژنان بوونیان هه‌بێت به‌ئاراسته‌ى به‌هێزبوونى زیاترى پێگه‌و حزورى ژن له‌رۆژى ده‌نگداندا.

هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق، رۆژى 12/5/2018 له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانى عیراقدا ئه‌نجام ده‌درێت، له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستانیش 503 پالێوراو له‌كێبركێدان بۆ گه‌شتن به‌خولى داهاتووى په‌رله‌مان، له‌و ژماره‌یه‌شدا 357 كاندیدیان له‌ره‌گه‌زى نێر، 146 كاندیدیش له‌ره‌گه‌زى مێین.

چاوى خه‌ڵك/ تایبه‌ت


AM:09:04:02/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 271 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌