چى له‌هه‌گبه‌ى ژنانى كاندیده‌ بۆ په‌رله‌مانى داهاتووى عیراق؟

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2018ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق.. ژنانى كاندید له‌پارێزگاى سلێمانی، تواناكانى خۆیان به‌ئاراسته‌ى ڕاگرتنى باڵانسى جێنده‌رى وشكاندنى به‌ربه‌سته‌ سیاسى وكۆمه‌لایه‌تییه‌كانى به‌رده‌م به‌شدارى سیاسى ژن له‌ناوه‌نده‌كانى بڕیاردا چڕتر ده‌كه‌نه‌وه‌.. پسپۆرێكى بوارى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنیش ده‌لێت" بۆ به‌ده‌ستهێنانى متمانه‌ى ده‌نگده‌ر ده‌بێت ژنان په‌یامێكى ڕوونتریان هه‌بێت".

به‌رپرسیاریتییه‌كان زیاترن
شیرین كه‌مال كاندیدى  ژماره‌ 25 له‌ لیستى 153ى هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى ودادپه‌روه‌رى، تایبه‌ت به‌ماڵپه‌رى" چاوى خه‌ڵك"، ده‌لێت" له‌كایه‌ى سیاسییدا ژنان كه‌مترین به‌شدارییان پێكراوه‌، ره‌خنه‌ى زۆریش هه‌یه‌ له‌باره‌ى شێوازى به‌شدارى كردنیان كه‌زیاتر ڕووكه‌شى بووه‌.. بۆیه‌، به‌رپرسیارییه‌تى ژنان له‌نێو پارت وقه‌واره‌ نوێیه‌كاندا زیاتر ده‌بێت له‌قۆناغه‌كانى داهاتوودا به‌تایبه‌تیش له‌ڕووى كارو ئه‌ركه‌وه‌ چونكه‌، ئه‌وان جگه‌ له‌وه‌ى نوێنه‌رى قه‌واره‌كانى خۆیانن، هاوكات ده‌بێت داكۆكیكه‌رێكى راسته‌قینه‌ى مافه‌كانى گه‌له‌كه‌یان وهه‌روه‌ها ژنانیش بن"، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌" ژنانى كاندید له‌ لیست وقه‌واره‌ نوییه‌كان ده‌بێت هه‌نگاوه‌كانى داهاتوویان به‌ئاراسته‌ى شكاندنى ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ بێت كه‌پیاوانى سیاسى بۆیان دروست كردوون، بتوانن به‌دروستترین شێواز بیسه‌لمێنن ژنانیش تواناى ده‌سته‌به‌ركردنى په‌یوه‌ندى سیاسى دروست وهاوسه‌نگیان هه‌یه‌".. شرین كه‌مال كاندیى ژماره‌ 25 له‌سه‌ر هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى ودادپه‌روه‌رى پێشى وایه‌، جیاوازى ژنانى لیستى هاوپه‌یمانى له‌وه‌دایه‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كن له‌بیرو باوه‌ڕه‌ جیاوازه‌كان، بڕواى ته‌واویشیان به‌وه‌یه‌ كه‌مرۆڤ بوون سه‌نته‌ره‌، ئه‌ركیشیان دروستكردنه‌وه‌ى تاكى كۆمه‌ڵگایه‌ نه‌وه‌كو زه‌قكردنه‌وه‌ى ئایدیایه‌كى دیاریكراو".

ئه‌وله‌وییه‌ت بۆ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانه‌
له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاى سلێمانى حزبى شیوعى كوردستان جیاوازتر له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى رابردوو، 5 ژنه‌ كاندیدكراوى خۆى له‌چوارچێوه‌ى لیستێكى ژنانه‌دا ڕه‌وانه‌ى كێبركییه‌كانى هه‌ڵبژاردن ده‌كات.. هه‌نگاوه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌ بۆ به‌گڕخستنى زیاترى تواناكانى ژن له‌كایه‌ى كارى سیاسییدا به‌بۆچوونى شلیر عه‌بدولمه‌جید كاندیدى ژماره‌ 1 له‌لیستى 147 ى حزبى شیوعى كوردستان،  هه‌نگاوێكى بوێرانه‌یه‌ بۆ بایه‌خدانى زیاتر به‌رۆڵى ژن وه‌كو خۆشى ده‌لێت" له‌قۆناغى ئێستادا به‌شدارى ژنان له‌ناوه‌نده‌كانى بڕیارى سیاسی دا له‌ئاستى پێویستدا نییه‌، وه‌كو حزبى شیوعى كوردستانیش هه‌موو هه‌ولێكمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ رێژه‌ى ژنان زیاتر بكه‌ین له‌كایه‌ى كارى سیاسى وپه‌رله‌مانییدا، وبتوانین به‌شێوازێكى پراكتیكى ژنان بهێنینه‌ نێو كایه‌كانى بڕیارى سیاسییه‌وه‌"، شلێر عه‌بدولمه‌جید، كه‌هاوكات سه‌رۆكى لیستى حزبى شیوعییه‌ له‌بازنه‌ى سلێمانى جه‌خت له‌وه‌شده‌كاته‌وه‌،  بوونى ژنان له‌ناوه‌نده‌كانى بڕیاردا پێویستى به‌یه‌كده‌نگى ژنانه‌ له‌سه‌رجه‌م كایه‌ وپرسه‌ جیاوازه‌كاندا نه‌وه‌كو بۆ دۆسییه‌و پرسێكى دیاریكراو، ده‌شلێت" به‌شدارى سیاسى ژن ته‌نها بۆ داكۆكیكردن نییه‌ له‌مافه‌كانى ژنان به‌ڵكو، ئه‌وه‌ى له‌ئه‌وله‌وییه‌تى كاره‌كانماندایه‌ ده‌سته‌به‌ر كردنى مافه‌ ده‌ستورییه‌كانى گه‌لى كورده‌ .. دواتریش وه‌كو خۆم ئامانجى سه‌ره‌كیم داكۆكیكردنه‌ له‌دارشتنى ئه‌و ده‌ستوره‌ى كه‌یاساكانى بارى كه‌سییه‌تى له‌خۆده‌گرێت له‌باره‌ى مافه‌كانى ئافره‌تانه‌وه‌ به‌شێوازێكى پێشكه‌وتووخوازانه‌، دوور له‌بیروبۆچوونى كۆنه‌په‌رستى به‌شێوه‌یه‌ك كه‌چیدى ئافره‌تان وه‌كو پله‌دوو هه‌ژمار نه‌كرێن".

پسپۆرێكى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن: پرۆسه‌یه‌كى ئاسان نابێت بۆ ژنان
به‌بۆچوونى پسپۆرانى بووارى بانگه‌شه‌، ژنانى كاندید له‌قۆناغى ئێستادا ئه‌ركی قورسیان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، پرسى بانگه‌شه‌ش ته‌نها پرسێكى سیاسى نییه‌ به‌ڵكو، سیاسى وسایكۆلۆژییه‌و په‌یوه‌سته‌ به‌ تاچه‌ند دروستكردنى متمانه‌ لاى كه‌سى ده‌نگده‌ر.. ئاشتى حه‌مه‌ ساڵح پسپۆرى بووارى راگه‌یاندن وبانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌شارى سلێمانى، تایبه‌ت به‌ماڵپه‌رى" چاوى خه‌ڵك"، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات" بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌یه‌كى سیاسى وسایكۆلۆژییه‌و پێویستى به‌كۆمه‌لێك رێوشوێن هه‌یه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى متمانه‌ى ده‌نگده‌ر، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش هه‌رچه‌نده‌ بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌ز به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌یه‌ به‌ڵام، بۆ كاندیده‌ ژنه‌كان پرۆسه‌یه‌كى هێنده‌ ئاسان نابيت به‌وپێیه‌ى ژنان كه‌متر ڕوو له‌كایه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن، له‌و رووانگه‌یه‌شه‌وه‌ شێوازى په‌یام وتواناو ئاستى زمانزانى ژنان رۆلێكى گه‌وره‌ ده‌گێرن له‌به‌ده‌ستهێنانى متمانه‌ى جه‌ماوه‌ر"... ئاشتى حه‌مه‌ ساڵح، پێشى وایه‌ بابه‌ته‌ى بانگه‌شه‌ لاى زۆریك له‌كاندیده‌كان ئه‌وه‌نده‌ى بریتییه‌ له‌تیشك خستنه‌سه‌ر به‌شدارى كردن ئه‌وه‌نده‌ نه‌بۆته‌ پرسی هاوبه‌شیكردن، وخودى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش له‌بنه‌ره‌تدا بریتییه‌ له‌پرۆسه‌یه‌كى دووجه‌مسه‌ریی له‌به‌شدارى وهاوبه‌شیكردن، ده‌لێت" كاندیده‌كان به‌گشتى وژنانیش به‌تایبه‌تى له‌ئێستادا به‌رنامه‌و په‌یامێكى روونیان نییه‌و گرنگه‌ ژنانى كاندید په‌یامێكى روونتریان هه‌بێت بۆ جه‌ماوه‌ر وبتوانن له‌رێگایه‌وه‌ متمانه‌یان به‌ده‌ست بهێنن".

كۆمسیۆن: 64 ژنه‌ كاندید له‌كێبركێدان
به‌پێ ئامارێكى فه‌رمى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان ـ ئۆفیسى سلێمانى، له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاى سلێمانى وده‌وروبه‌رى، له‌كۆى 12 پارت وقه‌واره‌ى سیاسیدا (206) كاندید له‌كێبركێدان بۆ گه‌شتن به‌ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق، له‌كۆى ئه‌و ژماره‌یه‌شدا ( 64) كاندیدى مێ و ( 144) كاندیدیش له‌ره‌گه‌زى نێر خۆیان كاندید كردووه‌، هاوكات 3 لیستى عه‌ره‌بیش به‌شدارن له‌كێبركییه‌كانى به‌ده‌ستهێنانى كورسى له‌سه‌ر ئاستى بازنه‌ى سلێمانى بۆ په‌رله‌مانى داهاتووى عیراق .

كه‌مپینى هاوبه‌ش زامنى به‌هێز بوونى پێگه‌ى ژنه‌ له‌په‌رله‌مانى داهاتووى عیراق
له‌لایه‌كى تره‌وه‌، د.هێشو رێبوار مامۆستاى زانكۆ، كاندیدى ژماره‌ 13 له‌ لیستى 184 ى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ هه‌لبژاردنه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق، پێى وایه‌ ئه‌ركى ژنانى كاندیده‌ له‌ئه‌گه‌رى گه‌شتنیان بۆ په‌رله‌مانى داهاتووى عیراق كار بۆباشتر كردنى دۆخى سیاسى وكۆمه‌ڵایه‌تى ژنان بكه‌ن، دوور له‌ئینتیماى سیاسى وحزبى خۆیان، وه‌كو ئاماژه‌ى پێ ده‌كات" ئێمه‌ پێمان وایه‌ گه‌نجان وئافره‌تان سێكته‌رێكى گرنگى پایه‌كانى كۆمه‌ڵگان وپێویسته‌ له‌ناوه‌نده‌كانى بڕیاردان دا رۆڵى گه‌وره‌یان هه‌بێت.. بۆیه‌ یه‌كێك له‌ئه‌وله‌وییه‌تى كاره‌كانمان باشتركردنى دۆخى ئافره‌تان ده‌بێت له‌ڕووه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌.. هاوكات جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌" به‌هێزبوونى پێگه‌ى ژن له‌ناوه‌ندى كارى په‌رله‌مانییدا په‌یوه‌سته‌ به‌یه‌كڕیزى ویه‌ك هه‌ڵویستی سه‌رجه‌م لیست وقه‌واره‌كان ئه‌وه‌ش له‌رێگاى دروستكردنى كه‌مپینى هاوبه‌شه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن وه‌كو هێزێكى فشارى راسته‌قینه‌ كار بۆ باشتركردنى دۆخى ژنان وسه‌رجه‌مى دۆسییه‌كانى تر بكه‌ن".
 
چاوى خه‌ڵك: ئه‌ڤین

تێبینى:ـ  بۆ زیاتر تیشك خستنه‌سه‌ر به‌رنامه‌و پرۆگرامى ژنانى كاندید كراو له‌سه‌رجه‌م لیست وقه‌واره‌ سیاسییه‌كانى به‌شداربووى هه‌ڵبژاردن له‌ئاستى پارێزگاى سلێمانى..  ماڵپه‌رى" چاوى خه‌ڵك" په‌یوه‌ندى به‌ژماره‌یه‌ك له‌ژنانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى تره‌وه‌ كرد به‌ڵام، په‌یوه‌ندییه‌كان وه‌رنه‌گیران وبه‌رده‌ست نه‌بوون.
 





AM:07:53:20/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 645 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌