عیراق: زیاتر له‌70 هه‌زار حاڵه‌تى جیابوونه‌وه‌ى هاوسه‌رى له‌ 2017

ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى له‌عیراق، له‌تازه‌ترین به‌یاننامه‌ی دا ئاماژه‌ى به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌رچاوى حاڵه‌ته‌كانى جیابوونه‌وه‌ى هاوسه‌ری كرد له‌سه‌رجه‌مى ناوچه‌ جیاوازه‌كانى عیراق، جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌ له‌ساڵى 2017 دا به‌رزترین رێژه‌ى جیابوونه‌وه‌ تۆماركراوه‌ به‌به‌راورد به‌ساڵانى پێشووتر.

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ عه‌لى كه‌مال دادوه‌ر له‌دادگاى بارى كه‌سى عیراقى، ئاماژه‌ى به‌هۆكاره‌كانى به‌رزبوونه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كانى جیابوونه‌وه‌ى هاوسه‌رى دا، روونیكرده‌وه‌" هۆكاره‌كانى جیابوونه‌وه‌ زۆرن به‌ڵام، دۆسییه‌كانى هاوسه‌رگیرى پێشوه‌خت و به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى بێكارى، هه‌روه‌ها ده‌ستێوه‌ردانى كه‌سوكار له‌پرۆسه‌كانى هاوسه‌رگیرییدا به‌سه‌ره‌كیترین هۆكاره‌كانى زیادبوونى حاڵه‌ته‌كانى جیابوونه‌وه‌ى هاوسه‌رى هه‌ژمار ده‌كرێن"، جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌" پێویسته‌ له‌سه‌ر لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان له‌زووترین كاتدا رێوشوێنى یاسایى پێویست به‌رامبه‌ر به‌و شوێن وجێگایانه‌ بگرنه‌به‌ر كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادگاكان كارئاسانى بۆ پرۆسه‌كانى جیابوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌وانه‌ش نووسینگه‌ شه‌رعییه‌كانى هاوسه‌رگیرى وجیابوونه‌وه‌ ئه‌وه‌ش له‌رێگاى غه‌رامه‌كردن و سزادانى یاسایى".
لاى خۆشیه‌وه‌ به‌سمه‌ محه‌مه‌د عه‌لى پارێزه‌رو چالاكوانى بووارى ژنان، بۆ ئاژانسى " العربى الجدید"، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد" رێژه‌كه‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كى به‌رچاوى تۆماركردووه‌ به‌تایبه‌تیش له‌ساڵى رابردوودا 2017 وهه‌روه‌ها له 4 مانكى یه‌كه‌مى 2018 .. هۆكاره‌كانیش بۆ نه‌بوونى لێكتێگه‌شتن وئامێره‌كانى ته‌كنه‌لۆژیا وتۆره‌كۆمه‌ڵایه‌تییِه‌كان ده‌گه‌رێنه‌وه‌.. جگه‌ له‌وانه‌ش ده‌كرێت نه‌بوونى هه‌لى كار وشوێنى نیشته‌جێبوون دوو له‌به‌هێزترین هۆكاره‌كان بن بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كانى جیابوونه‌وه‌". 
جێگاى ئاماژه‌یه‌ به‌پێ به‌یاننامه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى له‌عیراق، كه‌چوار رۆژ له‌مه‌وبه‌ر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كۆى گشتى حاڵه‌ته‌كانى جیابوونه‌وه‌ى هاوسه‌رى له‌سه‌رجه‌م دادگاكانى عیراق له‌ساڵى 2017 بریتیه‌ له‌ 70097 حاڵه‌تى جیابوونه‌وه‌و به‌غداى پایته‌ختیش له‌پله‌ى یه‌كه‌مدایه‌ به‌تۆماركردنى 27481 حاڵه‌تى جیابوونه‌وه‌.

له‌/ ئاژانسه‌كان
وـ ئه‌ڤین


PM:10:00:11/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 287 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌