ئه‌ركه‌ خێزانیێه‌كان ژنان ماندوو ده‌كه‌ن، پیاوانیش هاوكارێكى باش نین

ژنان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن به‌رێكردنى كاروبارى رۆژانه‌ى ماڵ وخێزان له‌سه‌رده‌مى ئێستاى گۆرانكارییه‌ كۆمه‌لایه‌تیێه‌كاندا زۆر جیاواتره‌ له‌سه‌رده‌مانى پێشووترو ئه‌ركى ئه‌وانیش له‌و ڕووه‌وه‌ قورستر بووه‌.. پێشیان وایه‌ نه‌بوونى رۆڵ وهاوكارى پێویست له‌لایه‌ن زۆرێك له‌هاوسه‌ركانه‌وه‌ وایلێكردوون ببنه‌ شوێنگره‌وه‌ى پیاوان له‌ به‌جێگه‌یاندنى زۆرێك له‌ئه‌رك وكاره‌ قورسه‌كانى ژیانى رۆژانه‌ى خێزانه‌كاندا.

گه‌لاوێژ حه‌مه‌عه‌لى ( 39 ساڵ)، فه‌رمانبه‌ر له‌یه‌كێك له‌خوێندنگاكانى شارى سلێمانى، بۆ ماڵپه‌رى"چاوى خه‌ڵك"، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات" هه‌موو به‌یانیێه‌ك ده‌چم بۆ كڕین وئاماده‌كردنى ژه‌مه‌خواردنى به‌یانی، دواتریش منداڵه‌كه‌م ده‌به‌م بۆ خوێندنگا.. هاوسه‌ره‌كه‌شم زۆرینه‌ى كاته‌كانى رۆژ له‌ماڵه‌وه‌ نییه‌و ئه‌و ده‌مه‌ى ده‌شگه‌رێته‌وه‌ ئیدى هه‌موو شتێك ئاماده‌كراوه‌.. له‌ڕاستیدا ئه‌ركى خێزانى ژن له‌سه‌رده‌مى ئێستادا زۆر قورستر بووه‌ وهاوكارى پیاوانیش به‌پێ پێویست نییه‌، وه‌كو خۆشم زۆرێك له‌و ئه‌ركانه‌ى كه‌ به‌ئیش وكارى پیاو ناسراون له‌رووى خێزانییه‌وه‌ خۆم ئه‌نجامیان ده‌ده‌م ".
به‌پێ ئه‌و به‌دواداچوونانه‌ى له‌م راپۆرته‌دا ئه‌نجامدراون، به‌شێك له‌ژنان كۆى بابه‌ته‌كه‌ له‌وه‌دا ده‌بیننه‌وه‌ به‌جێگه‌یاندنى ئه‌ركه‌ قورسه‌كانى رۆژانه‌ى خێزان ته‌نها له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌، جگه‌ له‌به‌كاربردنى تواناكانى ژنان هیچ مانایه‌كى تر هه‌ڵناگرێت، به‌شى زۆرى پیاوانیش له‌و رووه‌وه‌ ئه‌ركى راسته‌قێنه‌ى خۆیان له‌بیركردووه‌.. د.ك ( 41 ساڵ)، دانیشتووى گه‌ره‌كى زه‌رگه‌ته‌ى شارى سلێمانی، ده‌لێت" كاركردنى هاوبه‌شى ژن وپیاو له‌پێناو راپه‌راندنى ئه‌ركه‌كانى رۆژانه‌ى ماڵه‌وه‌ كارێكى پێویسته‌ به‌ڵام، به‌داخه‌وه‌ زۆرێك له‌پیاوان تواناكانى ژنان له‌و رووه‌وه‌ ئیستیغلال ده‌كه‌ن وته‌نانه‌ت كاره‌ قورسه‌كانیش ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆى ژن وئه‌ركى راسته‌قینه‌ى خۆیان وون ده‌كه‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ى به‌رێوه‌بردنى ماڵ وخێزان ته‌نها ئه‌ركى ژن بێت"، هاوكات ده‌شلێت" بازاركردن وڕاده‌ستكردنى پسوله‌ى ئاو وكاره‌باو ته‌نانه‌ت دابینكردنى خه‌رجى رۆژانه‌ى منداڵه‌كانیشم له‌ئه‌ستۆى من دان، هاوسه‌ره‌كه‌شم له‌به‌ر ئه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رى خانه‌نیشینه‌ زۆرینه‌ى كاته‌كانى رۆژ له‌ماڵه‌وه‌یه‌.. ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌موكورتییه‌كیش هه‌بێت كێشه‌و ده‌مه‌قاڵى دروست ده‌كات ". 
له‌به‌رامبه‌ریشدا.. به‌شێكى تر له‌ژنان خوێندنه‌وه‌ى جیاوازترییان هه‌یه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌رچى به‌شى هه‌ره‌زۆرى قورساییه‌كانی ژیانى رۆژانه‌و كاروبارى ناوماڵ كه‌وتوونه‌ته‌ ئه‌ستۆى ژن به‌ڵام، كارئاسانى پێویستیش له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆئه‌وه‌ى ژنان رۆڵى زیاتر بگێڕن له‌تێپه‌راندنى ئه‌ركه‌كانى رۆژانه‌ى ماڵ وخێزان ویارمه‌تیده‌رێكى باشیش بن بۆ هاوكارى كردنى هاوسه‌ره‌كانیان له‌به‌رێكردنى ئیشوكاره‌كانى ژیانى رۆژانه‌ى خێزانه‌كاندا، " چى تێدایه‌؟.. دابینكردنى پێداویستى رۆژانه‌ى ماڵ ئه‌ركى هاوبه‌شى هاوسه‌ره‌كانه‌ به‌بێ جیاوازى، دواتریش هه‌رچه‌نده‌ شێوازى ژیان وبژێوى له‌ئێستادا ئالۆزتر بووه‌ به‌ڵام، كارئاسانى زۆریش له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ ژنان له‌باره‌ى ڕاپه‌راندنى ئه‌ركه‌كه‌كانى رۆژانه‌ى خێزانه‌وه‌.. من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌نه‌بێت ره‌نگه‌ كێشه‌ له‌نێوان هاوسه‌ره‌كاندا دروست ببێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى جگه‌ له‌ئه‌ركى ماڵه‌وه‌ ئه‌ركى ده‌ره‌وه‌ش له‌كاتى ئێستادا زیاتر بووه‌ چ بۆ ژنان وهه‌روه‌ها بۆ پیاوانیش "، به‌مشێوه‌یه‌ نێرگز حسامه‌دین فه‌رمانبه‌ر له‌شارى سلێمانى، بۆچوونى خۆى له‌باره‌ى بابه‌ته‌كه‌وه‌ بۆ ماڵپه‌رى"چاوى خه‌ڵك"، خسته‌ڕوو، وتیشى" پێویسته‌ هاوسه‌ره‌كان له‌وه‌ تێبگه‌ن چیدى ئه‌ركه‌كانى رۆژانه‌ى ماڵ وخێزان ناكرێت له‌ئه‌ستۆى یه‌ك لایه‌ن بێت به‌ڵكو، پێویسته‌ به‌هاوبه‌شى كاره‌كان به‌رێ بكرێن و قورساییه‌كانیش هه‌میشه‌ نه‌كه‌ونه‌وه‌ سه‌شانى یه‌ك لایه‌ن".
رۆژگار حسین توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى وچالاكوانى بووارى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى له‌شارى سلێمانى، پێى وایه‌ رۆڵى ژن له‌چوارچێوه‌ى خێزاندا له‌هه‌موو سه‌رده‌م وقۆناغێكدا رۆلێكى كرنگ وكاریگه‌ره‌، ته‌نانه‌ت له‌زۆرێك له‌كاته‌كانیشدا رۆڵى به‌رپرسى یه‌كه‌مى خێزانى له‌ئه‌ستۆ دابووه‌ به‌تایبه‌تیش له‌ڕووى په‌روه‌رده‌كردن وبه‌رێكردنى كاروبارى رۆژانه‌ى ماڵ وخێزاندا، له‌و رووانگه‌یه‌شه‌وه‌ جیاوازییه‌كى دیارو ئه‌وتۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنى ئه‌ركه‌كان له‌نێوان هاوسه‌ره‌كاندا.. ناوبراو، تایبه‌ت به‌ماڵپه‌رى "چاوى خه‌ڵك"،باس له‌وه‌ش ده‌كات" ژنان جگه‌ له‌ئه‌ركى رۆژانه‌ى ماڵ وخێزان هاوكات ئه‌ركى ده‌ره‌وه‌شیان له‌ئه‌ستۆدایه‌ ئه‌وه‌ش بۆ دابینكردنى بژێوى ژیان خێزانه‌كانیان به‌ڵام، ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه‌ زۆرێك له‌ژنان له‌ئێستادا ته‌نانه‌ت ئه‌ركه‌ قورسه‌كانى رۆژانه‌شیان كه‌وتۆته‌ سه‌رشان كه‌ له‌راستیدا ده‌شێت زۆرێك له‌و ئه‌ركانه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ركى پیاوان بن له‌چوارچێوه‌ى ژیانى رۆژانه‌ى خێزاندا".. ئه‌و خانمه‌ چالاكوانه‌، پێشى وایه‌" له‌ساڵانى رابروودا ژنان ئه‌ركى خێزانى زۆریان له‌ئه‌ستۆدا بووه‌و  به‌به‌راورد به‌سه‌رده‌مى ئێستاش جیاوازییه‌كى ئه‌وتۆ نییه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌ركى خێزانى قورسیان له‌ئه‌ستۆدایه‌ وئه‌وه‌ش وایكردووه‌ فشاره‌كان له‌سه‌ر ژنان زیاتر بن به‌تایبه‌ت له‌ڕووى ده‌روونى وجه‌سته‌ییه‌وه‌".. رۆژگار حسین توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى وچالاكوانى بووارى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى له‌شارى سلێمانى،  جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌" دیارى كردنى ئه‌ركى ژن وپیاو له‌ناو خێزاندا وله‌سه‌ر ئاستى كاروبارى رۆژانه‌دا بۆ قۆناغى ئێستاى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى گونجاوترینه‌و ده‌ره‌نجامێكى باشتریشى ده‌بێت له‌ڕووى پاراستنى هاوسه‌نگى وكه‌متر كردنى فشاره‌كان له‌سه‌ر ژنان به‌تایبه‌تى ".
رۆڵ گۆرینه‌وه‌و وهاوكارى هاوسه‌ره‌كان بۆ یه‌كتر له‌رووى كۆمه‌ڵایه‌تی وخێزانییه‌وه‌، ئاماژه‌یه‌كى ڕوونه‌ بۆ گه‌شه‌كردنى فه‌رهه‌نگى یه‌كسانى له‌ئه‌رك ومافه‌كاندا به‌ڵام، له‌وه‌ش گرنگتر ده‌شێت ئه‌وه‌بێت ئاخۆ هاوسه‌ره‌كان تاوه‌كو چه‌ند توانیویانه‌ سنووره‌ جێنده‌رى وكه‌سییه‌كانى یه‌كتر به‌پارێزراوى بهێڵنه‌وه‌ به‌ئاراسته‌ى جێبه‌جێكردنى ئه‌ركه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌كاندا، هه‌روه‌كو كاڵى سه‌عید مامۆستا له‌شارى سلێمانى، وتى" هه‌رگیز رێگام نه‌داوه‌ سنووره‌كانى ژنێتیم تێكبشكێنرێت.. به‌ڵى، زۆرجار یارمه‌تى هاوسه‌ره‌كه‌م ده‌دم ته‌نانه‌ت له‌كاره‌ قورسه‌كانیشدا ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌به‌ر ئارامى خێزانه‌كه‌م وخۆشگوزه‌رانى منداڵه‌كانم به‌ڵام، ئه‌گه‌ر كار بگاته‌ ئه‌وه‌ى رۆڵه‌كان بگۆردرێنه‌وه‌و ته‌واوى ئه‌رك وكاره‌كانى خێزان وماڵ له‌ئه‌ستۆى مندا بێت پێم وانییه‌ چیتر پێویستیم به‌پیاوێك هه‌بێت وه‌كو هاوسه‌رو هاوبه‌ش له‌ژیانى رۆژانه‌مدا.. ئێمه‌ زۆرجار هاوكارى یه‌كتر بووین به‌ڵام، له‌ئه‌ركه‌كاندا یه‌كسان بووین وهه‌ردووكمان كارو ئه‌ركى دیاریكراومان هه‌بووه‌و وئه‌و سنوورانه‌شمان له‌نێوان هه‌ردوولاماندا پاراستووه‌". 

ئاـ ئه‌ڤین


PM:06:31:11/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 590 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌