ژنان هێزێكى فشارى كاریگه‌رن له‌ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا

به‌رده‌وامبوونى قه‌یرانى ئابوورى و سه‌پاندنى سیسته‌مى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ سه‌ر چینى مووچه‌خۆران، سنوور ورێگره‌ خێزانى وكۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌به‌رده‌م به‌شدارى ژنان له‌ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا تێكده‌شكێنێت،  ژنانی شارى سلێمانیش ده‌كاته‌ ژماره‌یه‌كى كاریگه‌ر له‌بازنه‌ى خۆپیشاندانه‌كاندا.. ژنه‌ فه‌رمانبه‌رێكیش بۆ ماڵپه‌رى چاوى خه‌ڵك، ده‌لێت" گرنگه‌ ده‌ركه‌وتنى ژنان له‌خۆپیشاندانه‌كاندا بكرێته‌ نه‌ریت، كار بۆ جێگیركردنى بكرێت له‌نێو كۆمه‌ڵگادا".

سۆما فه‌رهاد ( 31 ساڵ)، فه‌رمانبه‌ر له‌یه‌كێك له‌فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانى شارى سلێمانى، بۆ ماڵپه‌رى (چاوى خه‌ڵك) روونیده‌كاته‌وه‌" ئه‌گه‌رچى ئامانجه‌كانى ناره‌زایه‌تییه‌كان ڕوونن، بۆ مووچه‌و باشتركردنى دۆخى ئابوورى وسیاسى هه‌رێمن به‌ڵام، وه‌كو خۆم دڵخۆشم به‌ به‌شدارێكردنى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ژنانى مامۆستا وفه‌رمانبه‌ر له‌خۆپێشاندانه‌كاندا.. له‌راستیدا ئه‌وه‌ نیشانه‌یه‌كى ڕوونه‌ بۆ ته‌شه‌نه‌كردنى بیرى مه‌ده‌نییه‌ت وئازادى ڕاده‌ربرین "، ده‌شلێت" گرنگه‌ ده‌ركه‌وتنى ژنان له‌ناره‌زایه‌تى و خۆپیشاندانه‌كاندا بكرێته‌ نه‌ریت وكار بۆ جێگیركردنى بكرێت له‌نێو كۆمه‌ڵگادا بۆ ئه‌وه‌ى ژنانیش هاوشانى پیاوان یه‌كسان بن له‌به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و مافه‌دا، هاوكات ببنه‌ هانده‌رێكیش بۆ هاتنه‌پێشه‌وه‌ى ژنانى توێژه‌كانى تریش له‌ئاست رووداوه‌ جیاوازه‌كانى ترى ژیانى رۆژانه‌ى كۆمه‌ڵگادا".
سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى ئابوورى له‌هه‌رێمى كوردستاندا بۆ نزیكه‌ى 4 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه‌ ( 2014)، ئه‌و ده‌مه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ روبه‌رووبونه‌وه‌ى ده‌رهاوێشته‌ نه‌رینییه‌كانى فشاره‌ ئابوورى ودارایییه‌كان سیسته‌مى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران، مامۆستایان وهه‌روه‌ها به‌شى هه‌ره‌زۆرى مووچه‌خۆرانى حكومى له‌كه‌رته‌ جیاوازه‌كاندا سه‌پاندوو ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆكارێكى سه‌ره‌كى سه‌رهه‌ڵدانى رێپێوان وناره‌زایه‌تییه‌كان وگرتنه‌به‌رى رێگاى شه‌قام بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى ماف وداخوازییه‌كان كه‌تێیدا ژنان حزورێكى گه‌وره‌و به‌رچاویان نواند له‌ده‌ربڕینى ناره‌زایه‌تییى، هه‌نگاونان به‌ره‌و نه‌هێشتنى جیاكارى ره‌گه‌زى له‌گه‌شتن به‌ماف وداواكارییه‌كان.
( ب. ح ) مامۆستا له‌ئاماده‌یى برادۆستى كچان له‌شارى سلێمانى، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات " ژنان پایه‌یه‌كى سه‌ره‌كى بونیاتناى ژیانى كۆمه‌لایه‌تى ورۆشنبیرى وكه‌لتوورین له‌كۆمه‌ڵگاكاندا،  پێویسته‌ چیتر ده‌نگ وتواناكانى خۆیان قه‌تیس نه‌كه‌ن له‌چوارچێوه‌ داخراوه‌كاندا، به‌ڵكو ده‌بێت حزورى كاریگه‌رو دیاریان هه‌بێت له‌هه‌ر جۆره‌ ناره‌زایه‌تییه‌ك كه‌مه‌به‌ست لێى باشتركردنى دۆخى ژیان وكۆمه‌ڵگا بێت له‌كایه‌ جیاوازه‌كاندا".. ئه‌و مامۆستایه‌ وه‌كو خۆشى جه‌ختى له‌سه‌ر كرده‌وه‌، له‌زۆرینه‌ى رێپێوان وناره‌زایه‌تییه‌كانى مووچه‌خۆرانى شارى سلێمانیدا ئاماده‌بوونى هه‌بووه‌، وتى" بۆگه‌شتن به‌هه‌ر ئامانجێك پێویسته‌ هاوشانى پیاوان ژنانیش بوونى به‌هێزو به‌رچاویان هه‌بێت وببنه‌ به‌شێكى سه‌ره‌كى له‌داینه‌مۆى دروستبوونى گۆرانكارییه‌ جه‌وهه‌رییه‌كان، ئه‌و رۆله‌ش بۆ نه‌وه‌كانى ئاینده‌ بگوازنه‌وه‌".
هه‌رچه‌نده‌ له‌ئێستادا ئامارێكى ڕوون ودیاریكراو له‌به‌رده‌ستدانییه‌ تایبه‌ت به‌ رێژه‌و ژماره‌ى ژنان له‌نێو خۆپێشاندان وناره‌زایه‌تییه‌كانى شارى سلێمانیدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرێت رێژه‌یه‌كى زۆرى ژنانى مووچه‌خۆر له‌مامۆستایان وفه‌رمانبه‌ران وكارمه‌ندانى ترى كه‌رته‌ حكومییه‌كان ئاماده‌بوونێكى به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌نێو ناره‌زایه‌تییه‌كاندا ئه‌وه‌ش به‌ئامانجى باشتركردنى دۆخى ژیانى رۆژانه‌ وهاتنه‌كایه‌وه‌ى سیسته‌مێكى دادپه‌روه‌ر كه‌شكۆ وژیانیان له‌سایه‌یدا پارێزراوبێت، " مووچه‌خۆران له‌دۆخێكى ئابوورى سه‌ختدان وپێویسته‌ حكومه‌تیش رێگاچاره‌یه‌كى خێرا بۆ ئه‌و دۆخه‌ بدۆزێته‌وه‌.. ته‌نها رێگا له‌به‌رده‌م به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى مافه‌كانمان خۆپیشاندان و ده‌ربرینى ناره‌زایه‌تییه‌.. وه‌كو خۆشم به‌رده‌وام ده‌بم له‌گرتنه‌به‌رى رێگاچاره‌ مه‌ده‌نییه‌كان بۆ گێرانه‌وه‌ى مافه‌كانم"، به‌مشێوه‌یه‌ سێوه‌ جه‌لیل (44 ساڵ) یه‌كێكى تر له‌مامۆستایانى به‌شداربوو له‌خۆپێشاندانه‌كانى شارى سلێمانى، باسى له‌هۆكارى بوونى له‌نێو خۆپێشاندانه‌كانى مامۆستایان ومووچه‌خۆران كرد.. سێوه‌ پێى وایه‌ ئه‌گه‌رچى ژنان به‌هۆى ئه‌ركه‌كانى رۆژانه‌ى ماڵ وخێزانه‌وه‌ ده‌كرێت بووارى ده‌ركه‌وتنیان له‌خۆپێشاندانه‌كاندا ته‌سكتر بێت به‌ڵام، پێویسته‌ چیتر ئه‌و هۆكارانه‌ نه‌بنه‌ رێگر له‌به‌رده‌م گه‌شتن به‌خواست وداواكارییه‌كانیان، ده‌لێت" ژنان له‌پاى ئه‌ركه‌كانى ده‌ره‌وه‌دا ئه‌ركى ماڵه‌وه‌ وخێزانیشیان له‌ئه‌ستۆدایه‌ ئه‌وه‌ش له‌ڕاستیدا قورساییه‌كى زیاترى له‌سه‌ر شاندا دروست كردوون به‌ڵام، ناشكرێت چیتر ژنان هه‌ر ده‌سته‌مۆى ئه‌و واقیعه‌بن، به‌ڵكو پێویسته‌ توانا وداواكارییه‌كانى خۆیان له‌سنوورێكى فراوانتردا به‌رجه‌سته‌بكه‌ن كه‌ئه‌وه‌ش ڕووكردنه‌ شه‌قامه‌ بۆ گه‌شتن به‌مافه‌كانیان". 
 
چاوى خه‌ڵك: ئه‌ڤین
 



PM:01:48:27/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 1221 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌