سێ شێوه‌كاره‌كه‌ى گه‌رمیان: كۆڵناده‌ین وبه‌رده‌وام ده‌بین

دواى ئه‌وه‌ى رۆژى چوارشه‌مه‌ى رابردوو 2018/2/21 سه‌نته‌رى گه‌نجانى كه‌لار پێشانگایه‌كى شێوه‌كارى بو كۆمه‌لێك خوێندكارو فێرخوازى خۆى له‌زانكۆى گه‌رمیان كرده‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌تابلۆكانى پێشانگاكه‌ بوونه‌ جێگاى مشتومڕى ئاماده‌بووان ورووبه‌رووى هه‌ڕه‌شه‌ى شكاندن ولادان بوونه‌وه‌.. ماڵپه‌رى"چاوى خه‌ڵك" بۆ پرسه‌كانى ژن، له‌به‌دواداچوونێكدا بۆ ئه‌و رووداوه‌ چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ 3 له‌خاوه‌نى ئه‌و تابلۆیانه‌ كرد، وبه‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌:

چاوى خه‌ڵك: رووداوه‌كه‌ جۆن بوو ئه‌گه‌ر وورده‌كاریێه‌كه‌ى بگێریته‌وه‌؟
شریهان یونس: دواى ئه‌وه‌ى سه‌نته‌رى گه‌نجانى كه‌لار پێشانگایه‌كى هاوبه‌شى كرده‌وه‌ بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ فێرخوازه‌كانى، نزیكه‌ى 40 تابلۆ له‌و پێشانگایه‌ نمایشكران.. دوابه‌دواى نمایشكردنیشیان له‌نێو بیناى زانكۆى گه‌رمیاندا 4 له‌و تابلۆیانه‌ كه‌یه‌كێكیان تابلۆى من بوو به‌ر شاڵاوى ره‌خنه‌گرتن كه‌وتن وهه‌ڕه‌شه‌ى شكاندن ولابردنيان كرا.

چاوى خه‌ڵك: ناوه‌رۆكى وێنه‌كانت باسیان له‌چى ده‌كرد.. مه‌به‌ستى تۆ چێبوو له‌خستنه‌ڕوو ونمایشكردنیان ؟
بێریڤان محه‌مه‌د: وه‌كو خۆم به‌3 تابلۆ به‌شداریم كرد كه‌ دووانیان به‌ قه‌ده‌غه‌كراو هه‌ژمار كران!.. یه‌كێك له‌و تابلۆكان ناوى" مه‌ینه‌تى" بوو، كه‌ له‌بنه‌ره‌تدا تابلۆى هونه‌رمه‌ندى هۆڵه‌ندى ( ڤان كوخ) ه‌، و باس له‌ ژنێك ده‌كات جلى له‌به‌ردا نییه‌و به‌خه‌مبارى دانیشتووه‌ وسه‌رو رووخساریشى له‌نێو قوڵه‌كانیدا شاردۆته‌وه‌.. ڤان كۆخ له‌باره‌ى ئه‌و وێنه‌یه‌وه‌ بۆ (تیۆ) ى براى ده‌نووسیت وده‌لێت" ئه‌م كچه‌ داماوه‌ كه‌ئێمه‌ى پیاوان پێى ده‌لێین سۆزانى، له‌راستیدا ئه‌وه‌ پیاوان خۆیانن ده‌یكه‌ن به‌سۆزانى وبه‌رامبه‌ر به‌سێكس پاره‌یان پێده‌ده‌ن بۆ بژێوى ژیانیان"، ده‌شلێت" ئه‌و ژنه‌ى نێو تابلۆكه‌ له‌ئێستادا له‌به‌ر تێپه‌ربوونى ته‌مه‌نى چیتر پیاوان سێكسى له‌گه‌ڵدا ناكه‌ن چونكه‌ ئه‌وان به‌دواى ژنى گه‌نجتردا ده‌گه‌رێن بۆ ئه‌وه‌ى چێژیان لێوه‌ربگرن.. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر تێبینى بكه‌یت ژنه‌كه‌ له‌برسێتیدا جه‌سته‌ى لاواز بووه‌"،  من ئه‌و تابلۆیه‌م به‌لاوه‌ پڕمانا بوو بۆیه‌ بڕیارمدا به‌شدارى پێبكه‌م وناویشم لێنا مه‌ینه‌تى .

چاوى خه‌ڵك: سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى گه‌رمیان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆچوونیان چۆن بوو ده‌رباره‌ى رووداوه‌كه‌؟ 
محه‌مه‌د قاسم: دواى رووداوه‌كه‌ زانكۆ وێنه‌كانى لابرد وپێیان وتین ئه‌گه‌ر ئه‌و وێنایه‌ لانه‌به‌ین ده‌یشكێنن. 

چاوى خه‌ڵك: ساته‌وه‌ختى رووداوه‌كه‌ كاردانه‌وه‌ى ئێوه‌ چۆن بوو ؟
شریهان یونس: هه‌وڵماندا راستى ئه‌و وێنایه‌یان بۆ شیبكه‌ینه‌وه‌ كه‌ئه‌وانه‌ تابلۆى ئیرۆتیكن نه‌وه‌كو كۆمه‌ڵه‌ تابلۆیه‌كى سێكسى و وروژێنه‌ر، به‌ڵام دیاربوو ئه‌وان سووربوون له‌سه‌ر بۆچوونه‌كانى خۆیان ودواجاریش به‌بڕیارى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆ تابلۆكان لابران . 

چاوى خه‌ڵك: كێبوون ئه‌وانه‌ى په‌یامى نێو وێنه‌كانى ئێوه‌یان پێ قبوڵ نه‌بوو ؟
بێریڤان محه‌مه‌د: ئه‌وانه‌ى وێنه‌كانى ئێمه‌یان پێ قبوڵ نه‌بوو پێنج كچه‌ خوێندكارى سه‌له‌فى بوون، كاردانه‌وه‌ى ئه‌وان هه‌ڕه‌شه‌ كردن بوو به‌وه‌ى ئه‌گه‌ر وێنه‌كان لانه‌به‌ین ده‌یشكێنن وزمانى زبر وقسه‌ى نه‌شیاویشیان به‌كارهێنا.

چاوى خه‌ڵك: هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌ك یاخوود سكاڵایه‌كتان هه‌بوو دوابه‌دواى رووداوه‌كه‌ ؟.
محه‌مه‌د قاسم: هیچ سكاڵایه‌كمان نه‌كردو ته‌نها كۆمه‌لێك روونكردنه‌وه‌مان دا، به‌ڵام دواتر تابلۆكانمان لابرد.. ئه‌و خوێندكارانه‌ دواى ده‌ربڕینى ناڕه‌زایه‌تى رۆشتبوون بۆ لاى سه‌رۆك به‌ش له‌كۆلێژى په‌روه‌رده‌ى بنه‌ڕه‌ت، دواتریش له‌كۆلێژى نابراوه‌وه‌ ته‌له‌فۆنیان بۆ رێكخه‌رانى پێشانگاكه‌ كردبو ووتبوویان ئه‌و خوێندكارانه‌ ناڕازین ووێنه‌كان لابران.

چاوى خه‌ڵك: په‌یامى تۆ وه‌كو كچه‌ وێنه‌كێشێك دواى ئه‌و رووداوه‌ چییه‌.. به‌رده‌وام ده‌بیت بو گه‌یاندنى په‌یامه‌كانت؟
شریهان یونس: بێگومان به‌رده‌وام ده‌بم. 

چاوى خه‌ڵك: هیچ قسه‌یه‌كى نه‌شیاوتان پێ وترا؟
محه‌مه‌د قاسم: به‌ڵى زۆر قسه‌ى نه‌شیاو ناخۆشیان پێوتین.

چاوى خه‌ڵك: ئه‌م رووداوه‌ له‌سه‌ر ئاستى خێزانى تۆ چۆن بوو وچ كاردانه‌وه‌یه‌كی هێنا ؟
بێریڤان محه‌مه‌د: خێزانه‌كه‌ى من هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى كارى هونه‌ریمه‌وه‌ هاوكارێكى باش و داكۆكیكه‌رێكى سه‌رسه‌ختى كاره‌كانم بوون به‌تایبه‌تیش باوكم كه‌ له‌دروستكردنى ئه‌و تابلۆیانه‌مدا زۆر پشتیوانى كردم .. كاردانه‌وه‌ى ئه‌وان ته‌نها یه‌ك شت بوو ئه‌ویش جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌به‌رده‌وامبوون وكۆڵنه‌دانم .

چاوى خه‌ڵك: چه‌ند تابلۆتان دوورخرایه‌وه‌، بۆچى ؟
محه‌مه‌د قاسم: وه‌كو خۆم به‌2 تابلۆ به‌شدار بووم، به‌ڵام تابلۆیه‌كیان لابرد چونكه‌ مۆرك و فیكرى ئازادى پێوه‌بوو.

ئا: ئه‌ڤین
 


PM:10:19:24/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 5728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌