چالاكوانێكى بوارى ژنان: نامه‌وێت كچه‌كه‌م هه‌مان ئازار بچێژێت

" كراسێكى ره‌شیان له‌به‌ركردم وپێیان وتم ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ئافره‌ته‌دا برۆیت .. به‌راستى نه‌مده‌زانى چى رووده‌دات، دواتر بردیانمه‌ ژوورێك وبه‌توندى ده‌ست وقاچیان گرتم و خه‌ته‌نه‌یان كردم.. ئه‌و رۆژه‌ ناخۆشترین رۆژى ته‌مه‌نم بوو، چونكه‌ ناچاریان كردم دوور له‌ویستى خۆم ده‌ستبه‌ردارى به‌شێك له‌جه‌سته‌م بم".. به‌مشێوه‌یه‌ دیاریاتۆلاه ژنه‌ چالاكوانى فه‌ره‌نسى، كه‌ به‌ره‌گه‌ز خه‌ڵكى وڵاتى كینیایه‌ یه‌كه‌مین چركه‌ساته‌ تاڵه‌كانى ژیانى منداڵى خۆى ده‌گێرێته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات چۆن له‌لایه‌ن خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ ناچاركراوه‌ به‌ئه‌نجامدانى خه‌ته‌نه‌كردن ودواتریش له‌ته‌مه‌نێكى زۆر پێشوه‌خته‌وه‌ هاوسه‌رگیرى پێ ئه‌نجامدراوه‌.. هاوكات ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات" له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نایه‌وێت كچه‌كه‌شى هه‌مان ئازار بچێژێته‌وه‌.. ناتوانێت جارێكى تر بگه‌رێته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ى خۆى".

10 خوله‌ك.. ته‌مه‌نێك له‌شۆك وئازار
" چێژى مناڵییان لێسه‌ندمه‌وه‌"، ئه‌مه‌ ناونیشانى ئه‌و كتێبه‌یه‌ كه‌دیاریاتولاه له‌ساڵى 2006 بڵاوى كردۆته‌وه‌و تێدا باس له‌هه‌موو ئه‌و ئازارانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ژیانى منداڵیدا وله‌سه‌ر ده‌ستى خێزانه‌كه‌ى رووبه‌رووى بۆته‌وه‌.. ئه‌و خانمه‌ چالاكوانه‌، وه‌كو خۆى ئاماژه‌ى پێده‌كات له‌كتێبه‌كه‌ى" ته‌مه‌نم ته‌نها 8 ساڵ بوو كه‌خه‌ته‌نه‌یان كردم،  ئه‌وان له‌ماوه‌ى ته‌نها 10 خوله‌كدا ته‌مه‌نێك ئازاری هه‌میشه‌ییان پێ به‌خشیم كه‌له‌بیركردنى زۆر قورس ومه‌حاڵه‌"، ده‌شلێت " كه‌هاوسه‌رگیریم ئه‌نجامدا ته‌مه‌نم ته‌نها 13 ساڵ بوو، هیچ زانیاریێه‌كم نه‌بوو ده‌رباره‌ى ژیانى هاوسه‌رگیرى.. ته‌نانه‌ت باسكردن له‌هه‌ر بابه‌تێكى سێكسیش بۆ من قه‌ده‌غه‌كراو بوو.. هاوسه‌ره‌كه‌م 30 ساڵ له‌خۆم گه‌وره‌تر بوو، هاوكات 3 ژنى كه‌شى هه‌بوو، ئه‌و به‌رده‌وام لێی ده‌دام وسووكایه‌تى پێده‌كردم .. زۆر جاریش به‌ته‌نها له‌ماڵه‌وه‌ به‌جێده‌هێشتم وده‌چووه‌ لاى ژنه‌كانى ترى ، ژیانى هاوسه‌ریم ته‌نها 4 ساڵ به‌رده‌وام بوو كه‌ به‌لاى منه‌وه‌ وه‌كو 40 ساڵ وابوو، به‌لام دواتر توانیم لێى جیاببمه‌وه‌و ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى له‌رێگاى TV وه‌ به‌رنامه‌یه‌كى تایبه‌تم به‌قوربانییانى توندوتیژى خێزانى بینى وهه‌موو ئه‌و زانیارییانه‌شم لاى خۆم تۆمار كرد كه‌پێویست بوو بۆ چۆنیێه‌تى ده‌ربازبوون له‌و كاره‌ساته‌ ".

داب ونه‌ریت هۆكارێكى به‌هێزى به‌رداوامبوونى نه‌هامه‌تیێه‌كانى ژنانه‌ 
له‌به‌شێكى ترى كتێبه‌كه‌یدا دیاریاتولاه، باس له‌لایه‌نى داب ونه‌ریتى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌كات له‌به‌رده‌وامبوونى نه‌هامه‌تیێه‌كانى ژنان له‌كۆمه‌ڵگا ئه‌فریقیێه‌كانداو پێى وایه‌ ژنان له‌زۆرێك له‌وڵاتانى كیشوه‌ره‌ ره‌شه‌كه‌ قوربانى سیسته‌مه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیێه‌كانن، ده‌لێت" خێزانه‌كان هه‌رچه‌نده‌ رۆشنبیر وسه‌رده‌مییانه‌ بن، به‌ڵام له‌كۆتاییدا هه‌ر ناچار ده‌بن به‌پره‌وكردنى سیسته‌مه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیێه‌كه‌.. واتا ناچار ده‌بن به‌په‌یره‌و كردنى فشاره‌ خێزانى وخێله‌كیێه‌كان كه‌سه‌رچاوه‌ى هه‌موو ئه‌وانه‌ش بۆ داب ونه‌ریت ده‌گه‌رێته‌وه‌"، هاوكات ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات" ئه‌گه‌رچى من له‌ئێستادا له‌وڵاتى فه‌ره‌نسا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌م، به‌ڵام ترسیێه‌كى زۆرم هه‌یه‌ له‌گه‌رانه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌م، چونكه‌ من له‌ئێستادا خاوه‌نى كچێكى ته‌مه‌ن 18 مانگم و ترسى ئه‌وه‌م هه‌یه‌ له‌كاتى گه‌رانه‌وه‌م هه‌مان چاره‌نووسى ژیانى منداڵى خۆم رووبه‌رووى كچه‌كه‌م ببێته‌وه‌.. له‌راستیدا نامه‌وێت ببێته‌ قوربانى خه‌ته‌نه‌كردن وئازاى هه‌میشه‌یى بچێژێت.. بۆیه‌ ده‌بێت هه‌مووان هه‌نگاو به‌ره‌و شكاندنى ئه‌و داب ونه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ بنین كه‌ژیانى ژن ده‌كاته‌ دوزه‌خ وبۆ هه‌میشه‌ ده‌یكاته‌ قوربانى بیرى ته‌سكى كۆمه‌لایه‌تى".

سه‌ربارى ئازاره‌كان .. ژیان به‌رده‌وامه‌ 
دیاریاتولاه له‌ئێستادا وه‌كو ژنه‌ چالاكوانێكى فه‌ره‌نسى له‌بووارى مافه‌كانى ژنان ده‌ستبه‌كاره‌، ناوبراو دواى ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیێه‌ى به‌سه‌ر ژیانیدا هات بریارى به‌رده‌وامبوون ده‌دات، ده‌لێت" دواى هه‌موو ئه‌وانه‌ى روویاندا بریارم دا به‌رده‌وام بم وله‌بووارێك  ده‌ستبه‌كاربم كه‌ئازاره‌كانى خۆمى تێدا ببینمه‌وه‌.. به‌لێ، من له‌ئێستادا له‌كۆمه‌ڵه‌یه‌كى فه‌ره‌نسى كارده‌كه‌م كه‌له‌بووارى ژنانى سته‌م لێكراو كارده‌كات وهه‌وڵى ژیانێكى شایسته‌تر ده‌دات بۆ ئه‌و ژنانه‌ى رووبه‌رووى توندوتیژى خێزانى بوونه‌ته‌وه‌.. كاركردنم له‌و بوواره‌دا جێگاى خۆشحاڵییه‌كى زۆره‌ .. ده‌بێت ئازاره‌كانمان بكه‌ینه‌ سه‌ره‌تاى به‌رده‌وامبوونمان به‌ئاراسته‌ى نه‌هێشتنى توندوتیژییه‌كانى دژ به‌ژنان، بێگومان ئه‌وه‌ش ئیراده‌یه‌كى پۆڵاینى ده‌وێت وئێمه‌ش له‌و رێگایه‌دا  به‌رده‌وام ده‌بێن".
به‌پێ ئامارێكى رێكخراوى گشتى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه‌ له‌ساڵى 2016 ئه‌نجامدراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ 200 ملیۆن كچ رووبه‌رووى خه‌ته‌نه‌كردن وشێواندنى ئه‌ندامى زاوزێى بوونه‌ته‌وه‌، هه‌ر به‌پێ ئه‌و ئاماره‌ش 80% حاڵه‌ته‌كانى خه‌ته‌نه‌كردنى كچان له‌سه‌ر ئاستى وڵاتانى جیهان به‌گشتى ده‌كه‌وێته‌ 27 وڵاتى جیهان له‌وڵاتانى كیشوه‌رى ئاسیا وئه‌فریقیا به‌شێوه‌یه‌كى دیاریكراو. 

چاوى خه‌ڵك/ ئاژانسه‌كان







AM:10:05:07/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 131 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌