هاوسه‌رگیرى پێشوه‌خت رێگره‌ له‌بنبركردنى هه‌ژارى له‌وڵاتانى جیهانى سێیه‌م

له‌تازه‌ترین راپۆرتی هاوبه‌شدا هه‌ریه‌ك له‌رێكخراوى بانقى نێوده‌وڵه‌تى وسه‌نته‌رى نێوده‌وڵه‌تى بۆ توێژینه‌وه‌كانى ژنان، جه‌ختیان له‌وه‌كرده‌وه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌كانى هاوسه‌رگیرى پێشوه‌خت له‌وڵاتانى جیهانى سێیه‌مدا مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ى بۆ سه‌ر هه‌وڵه‌كانى بنبركردنى هه‌ژارى له‌و وڵاتانه‌دا دروست كردووه‌و ته‌نها چاره‌سه‌ریش بۆ بنبركردنى ئه‌و جۆره‌ هاوسه‌رگیرییه‌ ده‌كرێت له‌رێگاى په‌ره‌پێدانى زیاتره‌وه‌ بێت به‌تواناكانى كچان له‌بووارى خوێندن دا .

39 كچان پێش گه‌شتن به‌ته‌مه‌نى 18 ساڵى هاوسه‌رگیرى ئه‌نجام ده‌ده‌ن
به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌كانى هاوسه‌رگیرى پێشوه‌خت له‌وڵاتانى تازه‌پێگه‌شتوودا كه‌ناسراون به‌وڵاتانى جیهانى سیێه‌م له‌زۆرێك له‌وڵاتانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست وباكوورى ئه‌فریقیا به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو رووى له‌زیادبوون كردووه‌، به‌پێ راپۆرته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى رێكخراوى بانقى نێوده‌وڵه‌تى وسه‌نته‌رى نێوده‌وڵه‌تی بۆ توێژینه‌وه‌كانى ژنان له‌كۆى 25 وڵات  كه‌توێژینه‌وه‌كه‌یان تێدا ئه‌نجامدراوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ 39% كچان له‌و وڵاتانه‌دا پێش گه‌شتنیان به‌ته‌مه‌نى 18 ساڵى ده‌چنه‌ نێو پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرییه‌وه‌و هه‌روه‌ها له‌هه‌موو پێنج كچیش یه‌ك كچ له‌خووارووى ئه‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ ( 18 ساڵ) منداڵى یه‌كه‌مى ده‌هێنێته‌ ژیانه‌وه‌ كه‌ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌ رێژه‌ى 37% ، راپۆرته‌كه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌روو له‌ئه‌گه‌رى به‌رده‌وامبوونى به‌رزبوونه‌وه‌ى ئه‌و رێژانه‌ى كه‌ئاماژه‌یان پێدرا ده‌شێت زۆرینه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ تاوه‌كو ساڵى 2030 رووبه‌رووى شكستێكى ئابوورى گه‌وره‌ ببنه‌وه‌ به‌ده‌یان ترلیۆن دۆلار له‌خه‌رجیێه‌كاندا.. ئه‌وه‌ش واده‌خوازێت هه‌وڵه‌كان له‌ئێستادا چرتر بكرێنه‌وه‌ بۆ رێگرتن وقه‌ده‌غه‌كردنى ئه‌و جۆره‌ هاوسه‌رگیرییه‌ كه‌ده‌ره‌نجامێكى راسته‌وخۆى ده‌بێت له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى دانیشتووان وله‌و رووه‌شه‌وه‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى رێژه‌كانى هه‌ژارى له‌و وڵاتانه‌دا.

هاوسه‌رگیرى پێشوه‌خت.. ده‌روازه‌یه‌كى له‌بار بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌كانى تاوان وتوندووتیژى خێزانى
كوێنتین وودۆن به‌رێوه‌به‌رى گشتى پرۆژه‌ى نه‌هێشتنى هه‌ژارى له‌رێكخراوى بانقى نێوده‌وڵه‌تى، ده‌لێت" ئه‌نجامدانى هاوسه‌رگیرى له‌پێش قۆناغى 18 ساڵى پێشێلكارییه‌كى راسته‌وخۆى مافه‌كانى كچانه‌ له‌ژیانێكى ئارام و هه‌روه‌ها له‌چۆنییه‌تى بریاردان له‌ویست وژیانى خۆیان.. هاوكات به‌ماناى مه‌ترسییه‌كى راسته‌وخۆش دێت بۆ سه‌ر كۆمه‌لێك لایه‌نى تر كه‌په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى به‌ژیانى رۆژانه‌ى كچانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌خوێندن ولایه‌نى ته‌ندروستى به‌تایبه‌ت"، جه‌خت له‌وه‌شده‌كاته‌وه‌ " هاوسه‌رگیرى پێشوه‌خت كچان رووبه‌رووى جۆره‌ها توندووتیژى ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستى خێزانى وهه‌روه‌ها له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانیشه‌وه‌، هاوكات گورزێكى كوشنده‌ش ده‌بێت بۆ كوشتنى تواناكانیان له‌بوواره‌ جیاوازه‌كاندا.. ده‌بێت زۆر به‌روونى ئاماژه‌ به‌وه‌ش بده‌م به‌هوى نه‌بوونى ئاماده‌باشى ته‌واو له‌رووى جه‌سته‌ییه‌وه‌ ده‌كرێت مه‌ترسیێه‌كانى دووگیانى بوون ودایكاتى پێشوه‌خت بۆ سه‌ر ئه‌و كچانه‌ دووهێنده‌ زیاتر بێت"، كوێنتین وودۆن به‌رێوه‌به‌رى گشتى پرۆژه‌ى نه‌هێشتنى هه‌ژارى له‌رێكخراوى بانقى نێوده‌وڵه‌تى، له‌كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ش ده‌كات" گرنگیدان به‌توناكانى كچان له‌بووارى خوێندندا وهاوكارى كردنیان له‌به‌رده‌وامبوون یه‌كێكه‌ له‌به‌هێزترین رێگاكانى بنبركردنى دیارده‌ى هاوسه‌رگیرى پێشوه‌خت ، چونكه‌ ده‌كرێت له‌و رێگایه‌وه‌ كچان ببنه‌ خاوه‌نى هۆشیارى ته‌واو وهه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌وى جیاوازتریشیان هه‌بێت له‌باره‌ى سه‌رجه‌مى كایه‌جیاوازه‌كانى تایبه‌ت به‌ژیانى كه‌سێیه‌تییانه‌وه‌".

هه‌ژارى، نه‌بوونى یه‌كسانى وهه‌لى كار له‌هۆكاره‌كانى دیارده‌ى هاوسه‌رگیرى پێشوه‌ختن
به‌پێ ئاماره‌ فه‌رمیێه‌كانى سه‌نته‌رى نێوده‌وڵه‌تى بۆ توێژینه‌وه‌كانى ژنان، نه‌بوونى یه‌كسانى له‌زۆرێك له‌كایه‌ جیاوازه‌كانى رۆژانه‌ى ژیاندا وایكردووه‌ كچان زۆرجار له‌ته‌منێكى زۆر پێشوه‌خته‌وه‌ په‌ناببنه‌ به‌ر هاوسه‌رگیرى وه‌كو رێگاچاره‌یه‌ك بۆ ده‌ربازبوون له‌ فشاره‌جۆراوجۆره‌كان به‌بێ گوێدانه‌ لایه‌نه‌ نه‌رینیێه‌كانى ئه‌و بژارده‌یه‌، له‌و رووه‌شه‌وه‌  سوزان بترۆنى به‌رپرسى سه‌نته‌رى نێوده‌وڵه‌تى بۆ توێژینه‌وه‌كانى ژنان، روونیده‌كاته‌وه‌" هه‌موو رۆژێك له‌سه‌ر ئاستى جیهان  41 هه‌زار هاوسه‌رگیرى پێشوه‌خت ئه‌نجام ده‌درێت.. هۆكاره‌كه‌ش زۆر روونه‌ كه‌خۆى له‌نه‌بوونى یه‌كسانى ره‌گه‌زى وهه‌لى كارو هه‌روه‌ها هه‌ژارى ده‌بینێته‌وه‌"، سوزان ده‌شلێـت" به‌شێكى زۆرى قوربانیدان ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانى كچان وژنان به‌گشتى.. خێزانه‌كان بۆ ده‌ربازبوون له‌ئاسه‌واره‌كانى هه‌ژارى كچه‌كانیان ده‌فرۆشن به‌رامبه‌ر به‌برێك پاره‌ یاخوود به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى تایبه‌ت.. ئه‌م دیارده‌یه‌ش له‌ئێستادا له‌ناوچه‌ى عه‌ره‌بى به‌تایبه‌ت گه‌شتۆته‌ رێژه‌ى 14% ئه‌وه‌ش به‌هۆى جه‌نگ وورێرانكاریێه‌كانه‌وه‌.. به‌راستى ئه‌وه‌ كاره‌ساته‌و پێویسته‌ چیتر له‌ئاستیدا بێده‌نگى هه‌لنه‌بژێرێت".

چاوى خه‌ڵك/ ئاژانسه‌كان




PM:02:21:05/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 231 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌