8ى مارس چى لەدۆخى ژنانى جیهان گۆرى؟

لەرۆژى جیهانى ژناندا (8ى مارس)، ژنانى جیهان تاوەکو ئێستاش نەبوونەتە ژمارەیەکى کاریگەر لەبووارو کایەجیاوازەکانى ژیانى رۆژانەدا.. دوواین سەرژمێریش لەوبارەیەوە ئەوە ئاشکرا دەکات کەژنان لەوڵاتانى جیهاندا بەگشتى هێشتا بەپەراویزخراونى ماونەتەوەو وبوواری پێویستیشیان بۆ نەرەخساوە کەهاوشێوەى رەگەزى بەرامبەر مافەکانى خۆیان دەستەبەر بکەن .

* خوێندن
لەسەرجەمى وڵاتانى جیهاندا ژنان (یەک لەسەر سێى) رێژەى نەخوێندەوارى (أمیة) پێکدەهێنن.. بەپێ ئامارە تایبەتەکانیش لەماوەى 20 ساڵى رابردوودا ئەو وێژەیە وەکو خۆى ماوەتەوەو هیچ گۆرانکارییەکى بەسەردا نەهاتووە، هەروەها دوواین سەرژمێرى تایبەتیش کە لەلایەن رێکخراوى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ئەنجامدراوە دەرکەوتووە وڵاتانى باشوورى ئاسیاو باکوورى ئەفریقیا زۆرترین رێژەى ژنانى نەخوێندەوار لەخۆدەگرن ئەوەش بەهۆى بەرزبوونەوى رێژەکانى هەژارى بەشێوەیەکى تایبەت.

* کار
ئامارە فەرمییەکان ئاشکراى دەکەن ژنان لەبووارى کارکردندا 118 ساڵى تریان پێویستە تاوەکو لەگەڵ رەگەزى بەرامبەردا یەکسان بن بەتایبەت لەبووارى  داهات وکرێى کار دا، جگە لەوەش لەئێستادا 600 ملیۆن ژنى کرێکار وخاوەن پیشە  لەبیمەکانى تەندروستى وکۆمەڵایەتى بێبەشن ولەژێر مەترسییەکانى کارکردندان کەئەوەش رێژەیەکى ئێجگار بەرزەو دەشێت ببێتە سەرچاوەى دروستبوونى مەترسیی بۆ سەر ئایندەى ئەو ژنانە .

 *بەرێوەبردن

500 گەورە کۆمپانیاى جیهانى لەبووارە جۆراوجۆرەکاندا لەئێستادا بازارە جیهانییەکانى کاریان کۆنترۆلکردووە، بەپێ ئامارێکى رێکخراوى کارى نێودەوڵەتیش لەکۆى ئەو ژمارەیەدا تەنها 4% ى ژنان لەپێگەکانى ناوەندى بریار لەو کومپانیایانەدا دەستبەکارن وەکو " بەرێوەبەرى جێبەجێ کار"و لەپۆستەباڵاکانى وەکو (بەرێوەبەرى گشتى کۆمپانیا) تاوەکو ئێستا بوونیان نییەو بوواریان بۆ نەرەخساوە لەوپێگانەدا دەستبەکاربن.. لەم رووەشەوە جیاوازییەکى ئەوتۆ  بەیى ناکرێت لەنێوان وڵاتە پێشکەوتووەکان و وڵاتانى جیهانى سێهەم دا.

*سیاسەت
بەشدارى سیاسى ژنانیش هاوشێوەى زۆرێک لەبووارەکانى تر جێگاى پرسیارە بەتایبەت لەبووارى نوێنەرایەتى کردن لەپەرلەمان ودەزگا تەشریعیێەکاندا.. دوواین ئامارى فەرمیش ئاماژە بەوە دەکات رێژەى نوێنەرایەتى ژنان لەنێو پەرلەمانى وڵاتانى جیهاندا تەنها (22%)، سەبارەت بەپۆستى سەرۆکایەتى وڵاتیش تاوەکو کۆتایى ساڵى 2014 تەنها (19) ژنى سیاسى توانیویانە بگەنە باڵاترین ناوەندى بریارى سیاسى لەڵاتەکانیان کەئەوەش سەرۆکایەتى وڵاتە ئەوەش بەدرێژایى ماوەى 20 ساڵى رابردوودا.

چاوى خەڵک/ ئاژانسەکان






PM:07:52:10/03/2017




ئه‌م بابه‌ته 157 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌