8 ى مارس لەمێژوودا

مێژوی ڕۆژی جیهانی ژن هاوکاتە لەگەڵ خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی و جنسی و چەوسانەوەی چینایەتی.. ئەم ڕۆژە ڕۆژی هاوپشتیە بۆ خەبات لە پێناو بەدیهێنانی مافی یەکسان و هەلو مەرجی باشتر لە ژیانی ژناندا.
هۆکاری دیاری کردنی ڕۆژی هەشتەمی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژن، ڕێز لێنان بو لە بیرەوەری خەباتی ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستنی شاری نیۆیۆرکی ئامریکا لە ساڵی 1857.
هەلومەرجی دژواری کاری تاقەتپڕوکێن و هەقدەستی کەمی کرێکارانی ژن، کە لە کۆتایی سەدەی 19 و سەرەتای سەدەی 20 لە وڵاتانی خاوەن پیشەسازی شانبەشان لەگەڵ پیاوان هاتبونە بازاڕی کارەوە، ئەوانی ناچار دەکرد ناڕەزایەتی دەربڕن و بێنە کۆڕی خەباتی یەکسانی خوازیەوە چە بە شێوازی ڕێکخراوەیی مۆنەزەم یان نامۆنەزەم دژی ئەو چەوسانەوەیە.
لەم رۆژەدا کرێکارانی ژن لە کارگەیەکی چنین و ڕستن، دەستیاندایە مانگرتن بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە هەلومەرجی دژواری ئیش و خراپی هەقدەستیان. بیرەوەری ئەم مانگرتنە لە لای کرێکارانی ئەم بەشە مایەوە و ناڕەزایەتی گشتی لەم بارودۆخە لای ژنانی کرێکار بەردەوام بوو.
٨ی مارسی 1908 دووای نیو سەدە، ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستنی کەتان لە شاری نیۆیۆرک لە ساڵیادی ئەو مانگرتنانە، بە هۆی هەڵاواردن و هەژاری و گوشاری زۆری کار و هەقدەستی کەم دەستیاندایە مانگرتن. خاوەنکار و پاسەوانەەکانی کارگەکە بۆ سەرکوت کردن پێشگرتن لە سەرانسەری بونەوەی لە ناو بەشەکانی تر، ئەو ژنە مانگرتوانە لە شوێنەکەی خۆیان دەستبەسەر دەکەن. بە هۆکاری نەزانراو ئاگر لە کارگەکە دەکەوێتەوە و تەنها ژمارەیەکی کەم دەربازیان دەبێت، 129 کرێکاری ژن لە ئاگردا گیان لەدەست دەدەن.
لە ئەوروپا، دووەمین کۆنفرانسیی سوسیالیستی نێونەتەوەی ژنان کە بە بەژداری سەد ژن لە ١٧ وڵاتی جیهانەوە هاتبوون، بە پێشنیازی کلارازتکین ژنە سوسیالیستی ئاڵمانی لە 27ی ئاگۆستی 1910لە کۆپێنهاک ڕۆژی ٨ی مارس دەستنیشانکرا وەک ڕۆژی ژن بۆ بەرگری لە مافەکانیان بە گشتی لە بەرانبەر هەڵاواردنی جنسی.
یەکەمین ڕۆژی جیهانی ژن لە مانگی مارسی 1911 لە دانمارک، ئاڵمانیا، نەمسا، سویسرا و ئامریکا بەڕێوەچوو، بە س
ەدان هەزار ژن بەشداری بەڕێوەچونی ڕۆژی ژنان بوون. سەرەکی ترین داخوازیەکانیان ئەوکاتە بریتی بوون لە یاسایەک بۆ پاڵپشتی کرێکارانی ژن، مافی دەنگدان و بەژداری لە هەڵبژاردن، دژایەتیکردن شەڕی ئەمپریالیزمی نێودەوڵەتی، هەقدەستی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان لە کاری یەکسان، ٨ سەعات کار، پشتگری دایکایەتی و منداڵی ساوا و دیاری کردن لانیکەمی هەقدەست.
ئەزمەی ئابووری گشتی جیهانی لە ساڵەکانی سیەکانی سەدەی ڕابردوو و هەروەها بەرز بونەوەی هەڕەشەی فاشیزم لەم پەیوەندیەدا، پرسی ژنان و دۆخی خەباتی ئەوانی خستە پەراوێزەوە.
لە نێوان دو شەڕی گەورەی جیهانی، بێجکە لەو داخوازیانەی کە پێشتر ئاماژەم پێکرد، داخوازی مافی منداڵ لەبار بردن و داکۆکی لە دایکان بووبە زەرورەتێکی گەورە، خەبات بۆ لەباربردن بزوتنەوەیەکی بەهیزی لێکەوتەوە، بە هۆی نالەباری ئابوری ئەوروپا، ساڵانە نزیکەی یەک میلیۆن ژن ناچاربوون منداڵ لەبار بەرن، لەبەر ئەوەی توانایی بەخێوکردنیان نەبوو.
کاریگەری خراپی نا یاسایی بوونی منداڵ لەباربردن، و بەڕێوە چونی ئەم کردەوەیە بە شێوەی نا یاسایی و دور لە چاودێری تەندروستی، لە ساڵی 1931بە تەنها لە ئەڵمانیا 44000 ژنی کردە قوربانی.
لە لایەکی ترەوە کێشەی نایەکسانی ژن و پیاو لە بەرانبەر کاری یەکسان، کەمکردنەوەی سەعاتکار، دابەزاندنی نرخی شتومەک و ... هتد. داخوازیەکانیان بوو، کە بۆ ئەمڕۆی ئێمەش نامۆ نین... لەئێستاشدا 8 ی مارس لە زۆربەی زۆری ولاتانی دونیا هەمو ساڵێک شکۆدار بەڕێوە دەچێت، و وەک ڕۆژی ناڕەزایەتی گشتی بە بندەستی و توندو تیژی بەرانبەر بە ژنان، وە هەر وەها ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە ئاگری ئەم خەباتەیان هەڵگیرسان بۆ باشتر کردن دۆخی ژنان.
دەسکەوتەکانی دوو دەیەی ڕابردوو و پێشڕەوی بۆ چەسپاندنی یەکسانی هەمەلایەنە بۆ سەپاندنی مافە سەرەتای و ئینسانیەکانی ژنان، کەم نین. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان مافی دەنگدان و بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداری هەڵسوڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە رەسمی ناسرا.
هێشتا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە چوارچێوەی خێزان، کۆمەڵگا وە یان شوێنی کار ژنان ڕوبەڕوی توندو تیژی دەبنەوە، یاسای دینی و پیاوسالاری دژە ژن لە زۆر وڵاتی دواکەوتوی جیهان ژنان ئازار دەدات و کاری پێدەکرێت، هێشتا لە پێشکەوتوو ترین وڵاتانی جیهانیش هێزی کاری ژنان بەرانبەر بە کاری یەکسان لەگەڵ پیاوان، هەرزانترە، ڕێژەی داهاتی ژنان زۆر کەمترە بە بەراوەرد بە پیاوان.
سێ لە سەر چواری نەخوێندەوارەکانی جیهان ژنانن وژنان و منداڵانيش گەورەترین قوربانی ئاوارەیی شەڕەکانن. دیاری کردن جلوبەرگ بۆ ژنان، حیجابی زۆرەملی، قاچاخ و کڕین و فرۆشتنی ژنان، دەستدرێژی سێکسی و جەستەیی، توند و تیژی و تیرۆر لە ژێر ناوی ناموس و شەرەف و ...هتد، نمونەی بندەستی ئاشکرا یە کە ڕۆژانە وەک دیاردەی ئاسایی دژی ژنان بەڕێوە دەچێت.
زیاتر لە سەدساڵ بە سەر مێژوی دەست نیشانکردنی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانی ژن تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا هۆکار زۆرن بۆ ژنان و پارێزەرانی مافەکانی ژنان، لەم ڕۆژەدا لە سەرتاسەری جیهان بێنە مەیدان بۆ بەرگری لە مافە سەرەتایەکانی ژنان وەک بەشێکى سەرەکى وتەواوکەر لەبوونیاتناى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتییدا .

لە/ ئاژانسەکان

AM:09:50:07/03/2017




ئه‌م بابه‌ته 500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌