ژنێك 25 ساڵه‌ كاری كڕین‌و فرۆشتنی خانو‌و زه‌وی ده‌كات

مریه‌م عه‌لی كه‌ له‌گه‌ڕه‌كی مامه‌یاره‌ی شاری سلێمانی نیشته‌جێیه‌و ماوه‌ی 25 ساڵه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا دوكانی نوسینگه‌ی كڕین‌و فرۆشتنی خانوزه‌وی هه‌یه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كاتێك كاری كڕین‌و فڕۆشتنی زه‌وی كردوه‌ به‌هه‌نگاو زه‌ویه‌كانیان پێواوه‌‌و پێش ئه‌وه‌ی كاری نوسینگه‌ بكات به‌شێوه‌ی هه‌وایی كاری كڕین‌و فرۆشتنی زه‌وی بۆ كه‌سانێك كردوه‌‌و مامه‌ڵه‌ی‌ به‌خانوزه‌ویه‌وه‌ كردوه‌.
 مریه‌م عه‌لی‌ له‌باره‌ی‌ كاره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند "ئه‌وه‌ هیوایه‌تێكی ژیانم بو‌و سه‌ره‌ڕای رێگه‌پێنه‌دانی كه‌سوكاره‌كه‌م به‌رده‌وام بوم له‌كاره‌كه‌م‌و تامردن ده‌ستبه‌رداری‌ ئه‌م كاره‌م نابم”.
مریه‌م عه‌لی كه‌ خه‌ریكی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بو كه‌ په‌یوه‌ندیان پێوه‌ ده‌كرد بۆ كڕین‌و فرۆشتن‌و به‌كرێدانی خانوه‌كانیان‌و له‌ده‌وری كۆببونه‌وه‌‌و داوایان ده‌كرد مامه‌ڵه‌كانیان بۆ ئه‌نجام بدات‌و ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌خاوه‌ن خانوه‌كان ده‌یوت گه‌ر تۆ قسه‌ی تێدا نه‌كه‌یت ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ سه‌رناگرێت.
مریه‌م ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ساڵی 1993ه‌وه‌ كاری مامه‌ڵه‌ی شاره‌وانی بۆ زه‌وی كه‌سانێكی نزیكی ئه‌نجامداوه‌‌ كه‌ زۆربه‌ی فه‌رمانبه‌رانی شاره‌وانی له‌به‌ر وته‌كانی كاره‌كانیان بۆ رایی ده‌كرد‌و هاوكارییان ده‌كرد.
هه‌روه‌ها وتی‌" ئه‌وكات هاوسه‌ره‌كه‌م له‌جێگه‌دا ده‌كه‌وێت‌و كاسپكارمان نابێت‌و خاوه‌نی شه‌ش كوڕو سێ‌ كچ بوم، بۆیه‌ منیش ده‌ستمدایه‌ ئه‌و كاره‌ ".
وتیشی‌ "ئه‌وكاتانه‌ی من كاری یاسایم ده‌كرد له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی مامه‌یاره‌و رۆژهه‌ڵات ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م خانوبه‌ره‌ی تێدابو كه‌ شه‌وانه‌ ده‌ترساین كه‌سانێكی خراپ بێنه‌ سه‌رمان‌و ماڵه‌كانمان تاڵان بكه‌ن‌و بمانكوژن كه‌ ناوچه‌یه‌كی زۆر چۆڵ بو كه‌ دواتر كاری كڕین‌و فرۆشتنی پێوه‌كرا قه‌ره‌باڵغ بو زۆرینه‌یان من كاری یاساییم بۆ ئه‌نجام داون".

‌ئه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌سه‌ره‌تاوه‌ ناوبانگی‌ په‌یدا كردوه‌‌و خه‌ڵكی‌ به‌دوایدا گه‌ڕاون‌و داوایان لێكردوه‌ له‌شاره‌وانی‌ مامه‌ڵه‌كانیان بۆ رایی‌ بكات.
مریه‌م عه‌لی‌ وتیشی" له‌دواتردا كه‌ چاوم كرایه‌وه‌‌و سودێكی باشم بینی له‌كاره‌كه‌م‌و پاره‌م په‌یداكرد‌و خه‌ڵكی ده‌هاتن پرسیان پێده‌كردم له‌كڕین‌و فرۆشتنی خانو زه‌ویه‌كانیاندا".
ئه‌و جه‌غت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌شێوازێكی سه‌رپێی ده‌ستیكردوه‌ به‌كڕین‌و فرۆشتنی خانوزه‌وی‌و ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك به‌شێوه‌ی سه‌رپێی له‌كڕین‌و فرۆشتنی زه‌وی به‌رده‌وام بوه‌‌و وتی‌ "بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌مه‌ قسه‌ی كه‌سوكاره‌كه‌م كه‌ ژماره‌یه‌كیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كارێكی پیاوانه‌م هه‌ڵبژاردوه‌ نایانه‌وێت بێنه‌ ماڵم‌و مه‌رحه‌بام ناكه‌ن".
وتیشی‌ "چه‌ندین جاریش تاهاوسه‌ره‌كه‌م مابو قسه‌ی پێده‌گوتم‌و ده‌یوت نابێت ئه‌و كاره‌ بكه‌یت‌و منیش له‌وه‌ڵامدا پێمده‌وت ده‌ هه‌سته‌ نان بۆ منداڵه‌كان په‌یدابكه‌و بامن هیچ كارێك نه‌كه‌م".
ئه‌و جه‌غت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "نایه‌وێت ده‌ست له‌كه‌س پان بكاته‌وه‌‌و ده‌یه‌وێت پشت به‌خۆی‌ ببه‌ستێت”.
مریه‌م ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ یه‌كه‌م كه‌س بوه‌ له‌ژندا بیرۆكه‌ی نوسینگه‌ی خانوزه‌وی بۆدروست ده‌بێت‌و بڕیار ده‌دات دوكانێكی كڕین‌و فرۆشتنی خانوزه‌وی بكاته‌وه‌‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی‌ "له‌ساڵی 2002 نوسینگه‌ی خانوزه‌ویم هه‌یه‌‌و بژێوی خۆم‌و منداڵه‌كانم له‌سه‌ر ئه‌وكاره‌یه‌و نامه‌وێت وازی لێبهێنم تامردن به‌رده‌وام ده‌بم له‌كاره‌كه‌م".
وتیشی‌ "به‌م كاره‌م پاره‌یه‌كی باشم په‌یدا كردوه‌‌و یارمه‌تی كه‌سوكارو كچ‌و كوڕه‌كانم لێداوه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كیان ئێستا ماڵی خۆیان هه‌یه‌و به‌جیا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد”له‌ئێستادا كچێكی له‌گه‌ڵدایه‌ كه‌ وه‌ك دواین منداڵی له‌سه‌ر ماڵ ماوه‌و كاره‌كانی بۆ رایی‌ ده‌كات”.
مریه‌م زوربه‌ی كاره‌كانی له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆن‌و خاوه‌ن نوسینگه‌كانی دیكه‌وه‌ كاری كڕین‌و فڕۆشتنی بۆ ده‌كرێت‌و وتی‌ "ده‌بێت ژماره‌یه‌كی زۆر باش خه‌ڵك بناسیت تا كاری كڕین‌و فڕۆشتن‌و به‌كرێدانی خانوت ده‌ست بكه‌وێت‌و سه‌ركه‌وتوبیت".
له‌باره‌ی‌ كاری كڕین‌و فڕۆشتنی خانو‌و به‌كرێدانیشی‌ وتی‌ "له‌سنوری راپه‌رین‌و به‌كره‌جۆ خانوم لایه‌و نرخه‌كان شاره‌زام تاده‌گاته‌ سنوری قڕگه‌و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر هاوڵاتی دێن تاخانویان بۆ بگرم به‌كرێ‌‌و یان كڕین‌و فرۆشتنیان بۆ ئه‌نجام بده‌م كه‌ زۆركات ئه‌وه‌ به‌نوسینگه‌یه‌كی دیكه‌ ناكرێت رێزی من ده‌گرن‌و چ كڕیارو چ فرۆشیار خاتری منیان لایه‌”.
وتیشی‌"له‌و ژماره‌یه‌ی دێنه‌ نوسینگه‌كه‌م ژماره‌یه‌كی زۆریان ئاواره‌ن‌و من مامه‌ڵه‌‌و كاری به‌كرێ‌ گرتنیان بۆ ئه‌نجام ناده‌م‌و نامه‌وێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئاواره‌دا بكه‌م".
ناوبراو ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ نرخێكی دیاریكراوی نییه‌ بۆ مشته‌ریه‌كانی‌و وتی "گه‌ر خانویه‌ك بفرۆشرێت به‌ده‌ ده‌فته‌ر من ته‌نها دو وه‌ره‌قه‌ وه‌رده‌گرم‌و گه‌ر خانویه‌ك بگرم به‌كرێ‌ بۆ كه‌سێك ته‌نها سێ‌ هه‌زار دیناری لێ وه‌رده‌گرم‌و زۆركاتیش هه‌رچه‌نێكیشم بده‌نێ‌ وه‌ریده‌گرم".
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا "بۆیه‌ مامه‌ڵه‌ش ناكه‌م یان نرخێكی گونجاو وه‌رده‌گرم تاخه‌ڵكی بێنه‌وه‌ نوسینگه‌كه‌م‌و ببن به‌موشته‌ری‌و سه‌ردانم بكه‌ن".
وتیشی‌ "نرخی خانو له‌سێ‌ ده‌فته‌ره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا پانزه‌ ده‌فته‌ر به‌ره‌و ژور به‌پێی جۆر‌و شوێنی‌‌و هه‌رچی خانوی كرێشه‌ له‌دو سه‌دو په‌نجا هه‌زاره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات بۆ سێ‌ سه‌د هه‌زار".
مریه‌م جه‌غتیشی‌ كرده‌وه‌ "به‌ده‌ر له‌كاری نوسینگه‌كه‌م هیوایه‌تێكی زۆرم بۆ ئه‌و فیلم‌و درامایانه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام كاری شه‌ڕو چه‌كهه‌ڵگرتنی تێدایه‌”.
وتیشی‌ "هه‌مو جل‌و به‌رگ‌و تاقمێكی سه‌ربازیم هه‌یه‌‌و حه‌زده‌كه‌م بزانم چۆن شه‌ڕده‌كه‌ن‌و ئه‌وه‌ش هیوایه‌تی ژیانمه‌".

مه‌زهه‌ر كه‌ریم / ئاوێنەنیۆز

PM:03:25:23/02/2017




ئه‌م بابه‌ته 158 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌