راپۆرتێک: ژنانى پەرلەمانتار لەمەترسیدان

یەکێتى پەرلەمانتارانى نێودەوڵەتى لەتازەترین راپۆرتى ساڵانەى خۆیدا کەچەند رۆژێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە جەختى لەوەکرد " لەئێستادا لەسەر ئاستى وڵاتانى جیهان بەگشتى جیاکارى جێندەرى وتوندوتیژى بەرۆکى بەژنانى پەرلەمانتار گرتووەو ئەمەش ئاماژەیەکى ترسناکە بۆسەرکووتکردنى دەنگى ژن لەگۆرینى هاوکێشە سیاسى وکۆمەلایەتییەکانى جیهان لەئایندە دا ".
لەو بارەیەشەوە ئاژانسى" رۆیتەرز" ى بەریتانى لەراپۆرتێکى تایبەت دا ئاماژەى بەوەکرد" راپۆرتەکەى یەکێتى پەرلەمانتارانى نێودەوڵەتى دەرەنجامێکى حەتمییە بۆ زنجێرەک پێشلێکارى بەرامبەر بەژنانى پەرلەمانتار لەوڵاتى فەرەنسا وچەند وڵاتێکى ترى جیهان ئەوەش دواى ئەوەى ژمارەیەک لەو ژنانە سکاڵاى خراپ مامەڵەکردنیان لەلایەن دەسەڵاتەوە رادەستى یەکێتى ناوبراو کرد و بەشێکیشیان ئاماژەیان بەوە دابوو رووبەرووى تەشهیرو ناوزراندن بوونەتەوە"، هەر لەبەشێکى ترى ئەو راپۆرتەشدا یەکێتى پەرلەمانتارانى نێودەوڵەتى روونیکردەوە" زۆرینەى ئەو ژنەپەرلەمانتارانەى لەخوارووى تەمەنى 40 ساڵییەوەن رووبەرووى هەرەشەکردنى کوشتن ولاقەکردن وهەروەها رفاندن بوونەتەوە وئەو رێژەیەش لەئێستادا گەشتووتە 44،4% ".
لەکۆتایى راپۆرتەکەشیدا یەکێتى ناوبراو، هۆکارى ئەو مەترسییانەى بۆکۆمەلێک هۆکار گەراندەوە وجەختى لەوەکرد" هەموو ئەو مەترسییانەى لەئێستادا بەرۆکیان بەژنانى پەرلەمانتار گرتووە هۆکارەکەى بۆ ئەندامبوونی ئەو ژنانە لەپارتە ئۆپۆزسیۆنەکان یاخوود ئینتیمایان بۆکەمینەیەک لەکەمینەکان دەگەریتەوەو پێویستە لەسەر وڵاتان چیتر رێگە نەدەن ئەو مەترسییانەى بچنە قۆناغى گەشەکردنى زیاترەوە".

چاوى خەڵک/ ئاژانسەکان



AM:09:20:29/10/2016




ئه‌م بابه‌ته 355 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌