ساندرای 12 ساڵان ژنی ئەمیرێکی پیر بوو!

ساندرا ناوی خوازراوی کچێکی ئێزدیەو ئێستا تەمەنی ١٤ ساڵانە، ئەو تەمەنی ١٢ ساڵان بوو کە کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی داعشی توندڕەو.
ساندراش چیرۆکی خۆی بۆ مەگەژن گێڕایەوە، هەموویان لە کارەساتێکدا بەزۆر بران، بەڵام هەریەکەیان چیرۆکی تراژیدیای خۆیی لایە. بۆیە لەم بەشەدا چیرۆکی ئەو کچ و ژنانە دەگێڕنەوە.
"ئه‌و رۆژه‌ی داعش هاته‌ شنگال ئێمه‌ هه‌موومان رامانکرد من و دایکم و براکه‌م و 2 خوشکم و باپیرم و پوورم. رامان کرده‌ سه‌ر شاخی شنگال و تا کۆتایی شاخه‌که‌ رۆشتین و ناخۆشی زۆرمان بینی. دوای ئه‌وه‌ی گه‌شتینه‌ کۆتایی شاخه‌که‌ وه‌زعێکی ناخۆشمان هه‌بوو، من و 2 خوشکه‌که‌م و پورم و باپیرم  بریارماندا بچینه‌ خانه‌سو، دایکم و براکه‌م له‌ سه‌ر شاخ مانه‌وه‌. کاتێک چوینه‌ خانه‌سوو له‌وێ ده‌ستگیرکراین و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک خێزانی زۆر ئێمه‌یان گرت.
له‌ خانه‌سوو له‌ لایه‌ن ئه‌و داعشانه‌وه‌ ده‌ستگیر کراین که‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ بوون و عه‌ره‌ب بوون.  ئەوان ئێمه‌یان گرت تاوه‌کو داعشه‌ راستەقینه‌کان هاتن. من و پورم و دوو خوشکه‌که‌م  و هه‌موو ئه‌و ژن وکچانه‌ی تر که‌ له‌ گه‌ڵمان بوون بردیانین بۆ سوریا، ماوه‌ی 7 رۆژ له‌ سوریا ماینه‌وه‌و وه‌زعێکی زۆر قورس و ناخۆشمان هه‌بوو له‌ سوریا، زۆر خراپ بوون له‌گه‌ڵمان و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک  ئازاریان ده‌داین هیچ شتێک باش نه‌بوو له‌ سوریا. سه‌ره‌تا هه‌ره‌شه‌ی ئه‌وه‌یان لێده‌کردین که‌ سه‌رمان ده‌بڕن.
دواتر لە سوریا ‌ هه‌موو کچه‌کانیان کۆ کرده‌وه‌و هه‌موومانیان برد بۆ موسڵ، ته‌نیا کچه‌کانیان ده‌برد و که‌سمان نه‌مانده‌ویست برۆین، بەڵام به ‌زۆر هه‌موومانیان برد. که‌ گه‌شتینه‌ موسڵ کچه‌کان و منیش له‌لایه‌ن ئه‌میره‌کانه‌وه‌ براین هه‌ریه‌که‌مان و ئه‌میرێک بردینی، ئه‌و ئه‌میره‌ی که‌ منی برد زۆر له‌ ته‌مه‌ندا گه‌وره‌ بوو و پیاوێکی زۆر ناشرین و قێزه‌ون بوو.
کاتێک که‌ هه‌موومان جیا کراینه‌وه‌ ئه‌میره‌که‌ له‌ موسڵه‌وه‌ منی برد بۆ باعەج، له‌ باعەج وه‌زعمان خراپتر بوو چونکه‌ هه‌موومان لێدانمان ده‌خوارد و ده‌ستدرێژییان دەکرده‌ سه‌ر هه‌موومان.
من  له‌لایه‌ن ئه‌میره‌که‌وه‌ ده‌ست درێژیم کرایه‌ سه‌ر و له‌لای ئه‌و ژیانێکی زۆر ناخۆشم برده‌ سه‌ر.کاتێک ماره‌یان کردم ئه‌میره‌که‌ 3 کچی ئێزدی تری لا بوو، پاشان ئه‌میره‌که‌ دوو داعشی له‌گه‌ڵدا بوو که‌ به‌ هه‌ردووکیان کچێکیان له‌لا بوو.
ئه‌میره‌که‌ زۆر داوای ده‌کرد که‌ ببم به‌ موسولمان به‌ڵام نه‌بووم، کاتێک که‌ ماره‌ی کردم ووتی تۆ بوی به‌ خێزانی من که‌واته‌ تۆ ئێستا موسڵمانی.
دوای ماوه‌یه‌ک له‌ باعەجه‌وه‌ هه‌موومان چووین بۆ عه‌مبوس ئه‌ویش ناوچه‌یه‌که‌ له‌ شنگال.
رۆژه‌کانی ئه‌وێمان زۆر به‌ ناخۆشی به‌سه‌ر ده‌برد، به‌ رۆژ ئه‌وان ده‌رۆشتنه‌ ده‌ره‌وه‌و ده‌رگایان له‌ ئێمه‌ داده‌خست و ئێمه‌ش هه‌موو رۆژه‌که‌ ده‌گریاین، شه‌وی وا هه‌بوو داعشه‌کان نه‌ده‌هاتنه‌و شه‌وی وا هه‌بوو ده‌هاتنه‌وه‌.
رۆژێکیان ئه‌میره‌که‌ چوو بۆ شه‌ر و له‌ شه‌ره‌که‌ له‌سه‌ر شاخه‌که‌ به‌ ته‌یاره‌ قه‌سفیان کرد و کوژرا. به‌ڵام نه‌مانده‌توانی را بکه‌ین چونکه‌ 2 داعشه‌که‌ی ترمان له‌گه‌ڵدا مابوو، دوای مردنه‌که‌ی بۆ ماوه‌ی 22 رۆژ له‌وێ ماینه‌وه‌و دواتر گه‌راینه‌وه‌ بۆ کوردستان.
هه‌ر پێنجمان بریارماندا که‌ خۆمان رزگار بکه‌ین و له‌ژێر ده‌ستی داعشه‌کان رزگارمان ببێت، سه‌عات 2 شه‌و بوو هه‌دوو داعشه‌که‌ خه‌وتبوون و که‌ من و4 کچه‌که‌ی تر رامانکرد و خۆمان گه‌یانده‌ سه‌ر شاخی شنگال، له‌وێوه‌ گه‌راندیانینه‌وه‌ کوردستان. کۆمه‌ڵێک یه‌زیدی له‌وێ یارمه‌تیداین تا گه‌شتینه‌وه‌ کوردستان.
ئێستا خوشکێکم و پورێکم هێشتا له‌ژێر ده‌ستی داعشان و تا ئێستا نازانین له‌کوێن و چیان لێبه‌سه‌ر هاتووه‌، ته‌نها من و باپیرم و دایکم و مامم و براکه‌م و خوشکێکم لێره‌ین.
ئه‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بڵێم ئینشالله‌ هه‌موو گیراوه‌کانمان ده‌گه‌رێته‌وه‌و جارێکی تر شتی وامان به‌سه‌ردا نایه‌ته‌وه‌و هه‌موو یه‌زیدیه‌کان و کوردستان و عێراق باش ده‌بن و هیوام وایه‌ که‌ هه‌موو شتێک باش ببێت.

ژن مه‌گه‌زن

PM:12:04:11/09/2016




ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌