ئۆلومپیادى ریۆ دۆسییەى لەباربردنى منداڵە کچەکان لەهیندستان بەچ ئاقارێکدا دەبات؟

لەوڵاتى هیندستان ئەگەر ژنێک بەمندالێکى کچ دووگیان ببێت ئەوا ئەگەرى لەباربردنى منداڵەکە دەبێتە بایەتێکى تارادەیەک یەکلاکەرەوە ئەوەش بەهۆى ئەو نەریتە کۆمەلایەتییانەى کەمندالى کچ وەکو دەروازەیەک بۆ نەهامەتییە خێزانییەکان وقورسبوونى بارى ئابوورى خێزان پیناسە دەکەن لەچوارچێوەى کۆمەڵگایەکى پیاوسالار لەدیدو تیروانین دا، بەڵام ئەم دیدە کۆمەڵایەتییە لەگەڵ کۆتاپێهینانى یارییەکانى ئۆلۆمپیادى ریۆ 2016 لەوڵاتى بەرازیل کەهاوکاتە لەگەڵ شەپۆلى سەرکەوتنەکانى کچانى هیندستان لەو یارییانەدا دەرگاى بەسەر کۆمەلێک پرسیارو بابەتى وروژێنەرى تایبەت بەولایەنە واڵاکرد، لەهەمووشیان گرنگتر ئایا یاریکانى ئۆلۆمپیاد دەتوانێت ببێتە خالێکى وەرچەرخانى کۆمەلایەتى لەنێو کۆمەڵگاى هیندستانى وەکو سەرەتایەکى نوێى بۆ گۆرینى دیدى کۆمەلگا بەرامبەر بەدۆسییەى لەباردبردنى منداڵە کچەکان لەو کۆمەڵگایە دا؟.
ئەنجامە وەرزشییەکانى وڵاتى هیندستان لەسەرجەمى یارییەکانى ئۆلۆمپیادى ریۆ تەنها 2 میدالیا بوو.. میدالیایەکى زیو وهەروەها برۆنزیک کەئەو دوو میدالیایەش بەماناى پلەکانى دووهەم وسێهەم دێن لەیارییەک لەیارییەکان، ئەو دوو میدالیایەى وڵاتى هیندیستان بەدەستى هێناو وەکو مێژوویەکى زێرین لەبوارى وەرزشدا لەرێگاى هەریەک لەکچە یاریزانان (بۆسارلا فینکاتا ، ساکشى مالیک) بوو لەیارییەکانى بادمینتۆن وهەروەها زۆرانبازى کچان دا.
دەستکەوتەکانى ئەو دووکچە وەرزشکارە خۆى لەخۆیدا زیاتر لەدەستکەوتێکى وەرزشى بوو بەلاى زۆرێک لەچالاکوانانى ئەو ولاتە کەهەر زوو لەرێگاى تۆرە کۆمەلایەتییەکانەوە هەڵمەتییکیان بۆ هۆشیارى کۆمەلایەتى ورەتکردنەوە لەباربردنى منداڵە کچەکان لەلایەن خێزانەکانەوە راگەیاند ئەوەش بەبەشدارى چەندین کەسایەتى جەماوەرى وهەروەها هونەرى و وەرزشى ئەو وڵاتە لەسەرووى هەمووشیانەوە ئەمیتاب باتشن گەورە هونەرمەندى سینەماى بۆلیۆد، کەلەرێگاى چرکاندێکەوە لەتۆرى کۆمەلایەتى توێتەر نووسیبووى" تواناکانى ژنان بەکەم سەیرمەکەن، ئەوان ئەوکاتەى بیانەوێت خۆیان بسەلمێنن زۆرباش دەتوانن وجێ دەستى خۆشیان بەگەورەى دەنەخشێنن"، بەهەمان شێوەش بۆ فیندەر سیهواگ کورە یاریزانى بەناوبانگى کریکیتى هیندیستانى، کە لەپۆستیکیدا لەرێگاى تۆرى فەیسبووکەوە جەختى لەوەکردەوە" میدالیاکانى ئەو کچە یاریزانانە دۆسییەى لەناوبردنى منداڵە کچەکانم بیردەهێنێتەوە.. ئاخر ئەگەر ئەو منداڵە کچانە لەناونەبرین ودەرگاى ژیانیان بۆفەراهام بکرێت دەبێت لەئایندە دا چ دەستکەوتێکى تر بۆئەم وڵاتە بەدەست بهێنن؟.. بەراستى ئەو دەستکەوتانە شکۆیان بۆ گەراندینەوە".
لاى خۆشیەوە ئانا فیتیکاد کچە رۆژنامەنووسى بەناوبانگى هیندى، جیاوازتر هەڵسەنگاندى بۆدەستکەوتەکانى ئەو دووکچە یاریزانەى وڵاتەکەى کرد ووتى" کارێکى دروست نییە ئەو دەستکەوتانە وهەروەها ناوبانگى ئەو دوو کچە یاریزانە بەبابەتێکى ئاوا هەستیاردا گرى بدرێتەوە.. ئەوەى ليره‌دا گرنگە تەنها یەک راستییە ئەوەش نابێت مافى ژنان لەژیاندا پەیوەست بکرێت بەدەستکەوتەکانەوە" ، هەروەها وتیشى" مافى ژیان وبەردەوام بوون مافێکى ئاساییە هەموو کەسێکە ولەو رووەشەوە هیچ پێوەرێک نییە بۆسازش کردن".

چاوى خەڵک/ ئاژانسەکان


PM:12:48:22/08/2016




ئه‌م بابه‌ته 434 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌