پەردەی کچێنی و سکپڕبوونی بەزۆری کچانی ئێزدی

مانگی ئەیلولی ٢٠١٤ لە شاری دهۆک سەنتەرێک کرایەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەروونیی بەو کچ و ژنانەی لەژێر دەستی داعش رزگار دەکرێن. د. نەغەم نەوزاد پسپۆری نەخۆشییەکانی ژنان لەو سەنتەرە کار دەکات و ئامانج و پرۆژەکانی سەنتەرەکەی بۆ مەگەژن روونکردەوە.
د. نەغەم دەڵێ تائێستا لەم سەنتەرەدا نزیکەی ٨٥٠ حاڵەت یان کەیسی ژنانی دەربازبووی ژێر دەستی داعش چارەسەر کراون کە تەمەنی ھەریەکەیان لەنێوان ١٠ ـ ٦٠ ساڵاندایە. ئەوانە ھەموو چارەسەری پێویستیان بۆئەنجام دراوە.
"خۆشمان لەستافێکی چەند کەسی پێکھاتووین ٤پزیشک وچەند چارەسەرکارێکی دەروونی وھەموو ئەو کەیسانەش روومان تێدەکەن چارەسەر و پشکنینی تەواویان بۆ ئەنجام دەدەین. کوتانی پێویستیشیان بۆ دەکرێت بەپێی حاڵەتەکانیان، ئەو گرفتانەی رووبەروویان بۆتەوە وھەروەھا بۆ چارەسەری دەروونیش ئەوە دەکرێت پەیوەندییەکی تەواوی ھەبێت بەحالەتی دەروونی کەیسەکەوە ئاخۆ چەندی ماوە دەخایەنێ بۆ چاکبوونەوە وگەرانەوە بۆحاڵەتی ئاسایی."
دوای کۆکردنەوەی ئەزموونی خۆی لە بواری کچانی رفێنراوی ئێزدی، د. نەغەم دەڵێ "ھەموو کەیسەکان لەبارودۆخیکی زۆر ھەستیاردان، دەتوانم بلێم ٩٩% ئەو ژن وکچانەی دەربازبوون، رووبەرووی دەستدرێژی سێکسی بونەتەوە ھەر لەتەمەنی ١٠ سالان بۆ سەرەوە بێجگە لەوەش بەشێکی زۆریان تووشی چەندان نەخۆشی جۆری پێست و کەمخوێنی بوون. ھەروەھا بەشێوەیەکی دەوریش پشکنینیان بۆ دەکەین ودوای سێ مانگێک پەیوەندییان پێوە دەکەینەوە بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی کەھەریەک لەوانە ھەڵگری جۆرەکانی ڤایرۆس نین."
لەمبارەیەوە زیاتر وتی "بە گشتی لەناو ئەو کچ و ژنانەدا ١ ـ٢ حاڵەتی ڤایرۆسی جگەر ھەبووە ئەوەش بەخۆشحالییەوە توانراوە کۆنترۆل بکرێ بەڵام لایەنە دەروونییەکانی ئەو کەیسانە تا ئەوپەری خراپە و دەتوانم بلێم ئالۆزو ناجێگیرە. چونکە ئەو دەربازبووانە کەلای داعشەوە دێنەوە خۆیان لەبنەرەتدا روبەرووی گرفتێکی دەروونی وجەستەیی زۆر بونەتەوە کە دێشنەوە دەبینن ھەلومەرجی ژیانێکی ئارام وتارادەیەک مورتاحیان بۆ دابین نەکراوە."
د.نەغەم وتیشی "من بەراشکاوانە دەلێم ھەرچەندە ئێمە توانیومانە چارەسەری دەروونی پێویستیان بۆ ئەنجام بدەین بەلام ھیشتا بارودۆخی ئەوان زۆر زۆر لەچارەسەرەکانی ئێمە گەورەترەو بەئاسانیش ئەو دۆخە کۆنترۆل نەکراوە و ناکرێ. ئەمە گرفتێکی کاتی نییە بەڵکو ئەمانە لەناو قەیرانی راستەقینەدا ژیاون وکارەساتی گەورەو راستەقینەشیان بینیوە بۆیە پێویستە ھاوکارییە دەروونییەکان بۆ ئەمانە زۆر زیاتر بکرێ."
سەبارەت بەپشکنینی پەردەی کچینی کە لەمبارەیەوە رەخنەو ناڕەزاییەکی زۆر هەبوو، د.نەغەم دەڵێ "ئێمە زۆرینەی ئەو کەیسانەی کەسەردانمان دەکەن پێمان باشە ئەو پشکنینەیان بۆ بکەین بەلام ھیچ ژن وکچێکی دەربازبووش ناچار ناکەین بەئەنجامدانی ئەوە دەگەڕێتەوە سەر رەزامەندی خودی کچەکە خۆی ئەگەر رازی بوو بێگومان پشکنینەکەی بۆ ئەنجام دەدەین وتاوەکو ئێستاش زۆر کچە دەربازبووی لای داعش ھەن دێنە لامان و داوای ئەنجامدانی ئەو پشکنینە دەکەن. بەوپێیەی کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی رۆژھەلاتییە ژمارەیەک لەو کچ وژنانەی کە دووگیان بوون پێش ئەوەی سەردانی ئێمە بکەن سەردانی پزیشکی تایبەت دەکەن بۆ لەباربردنی منداڵەکانیان چونکە ئەم سەنتەرەی ئێمە سەنتەرێکی گشتییە وبەشێکیش لەو کچانە لەترسی قسەی خەڵک ئەوکارە دەکەن".

ژن مەگەزن


AM:11:03:18/08/2016




ئه‌م بابه‌ته 381 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌