ژن قوربانی یەکەمی کۆمەڵکوژی و قەیرانەکان

رۆشنا ج.م.ئەمین، لەدایکبووی شاری سلێمانییە، ئەو کە ئێستا خوێندکاری دکتۆرایە لە بواری جینۆسایدا ماوەی دوو ساڵە وەک خۆبەخش لە دۆسیەی کچانی ئێزیدا کاردەکات، لەم دیمانەیەیدا لەگەڵ گۆڤاری ژن بەدیاریکراوی دەڵێ "حکومەت ھەوڵی جدی نەداوە بۆ رزگارکردنی کچانی ژێردەستی داعش."
رۆشنا بەکالۆریۆسی لە رۆژنامەوانی و پەیوەندییەکان هەیە لە زانکۆی بوتسدام لە بەرلین. بڕوانامەی ماجستێری هەیە لە جینۆسایدی بەراورد (جینۆسایدی ئەرمەن و ھۆلۆکۆست و ئەنفال)، تێزی دکتۆراکەشی لەبارەی (سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە جینۆساید لە کوردستان و عێراق و سوریا) دەنوسێ.
ئەو  رای وایە لە ھەموو کارەساتەکانی جەنگ و کۆمەڵکوژی ژنان قوربانی یەکەمن.
کارەساتی شنگال و بێسەروشوێنکردنی ئێزدیەکان، رفاندنی کچان و بازرگانکردن پێیانەوە، جینۆسایدە؟
رۆشنا روونیدەکاتەوە "پەلاماری داعش بۆ سەر  شنگال، دەچێتە ژێر پێناسەی جینۆساید، بەگوێرەی پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جینۆساید، ئەو کارەساتە دەچێتە چوارچێوەی جینۆسایدەوە، بۆ نموونە  یەکێک لە خاڵەکان باس لەوە دەکات، کە ھەوڵدان یان ئەنجامدانی قڕکردن و لەناوبردنی کۆمەڵێک خەڵک  لە (نەتەوەیەک، یان گروپێک، بەھۆی ئاین و نەتەوە و مەزھەبەوە) قڕ بکرێن، ھاوکات  یەکێکی دیکە لە بەندەکانی دەڵێت "مناڵی گروپێک کە بە زۆرە ملێ لێیان جیا بکرێتەوە ئەوەش دەچێتە خانەی جینۆساید."
ئەگەر ئەم دوو خاڵە  بێنن ئەوە بەسە بۆ ئەوەی بڵێن کە ئەوەی بەسەر ئێزدیەکان ھات، لەبەر دوو ھۆکارەوە جینۆساید کراون، لەبەر ئەوەی کوردن و لەبەر ئاینەکەیان،  ھاوشێوەی ئەو جینۆسایدانەیە کە لەسەدەی بیستەم ئەنجامدراوە، جینۆسایدی  ئەرمەنەکان لەلایەن تورکیا، جولەکەکەکان لەلایەن نازییەکان، ئەوانیش بەھەمانشێوە چونکە لە ئاینێکی دیاریکراو بوون لەبەرئەوە جینۆساید کراون.
لە زۆربەی تاوانەکانی جینۆساید و کۆمەڵکوژی مرۆڤایەتی ژن قوربانی یەکەمە،  لەکارەساتی شنگالیش بەھەمانشێوە، ژن قوربانی یەکەمە. ئەوە ھۆکارێکە بۆ بەھێزکردنی کەیسەکە.
رۆشنا وایدەبینێت رفاندن و دەستدرێژیکردنە سەر کچانی ئیزیدی کەیسەکە بەھێزتر دەکات و بەشێکی زۆر گرنگە لەناو کەیسەکە، ژنان و مناڵانیش بەشێکن لە سیڤیل، ئەوەی کراوە بەرامبەر بە خەڵکی بێ تاوان و بێ چەک کراوە، ئەوان ھیچ زیانیان بۆ کەس نەبووە، لە ژیانی ئاسایی خۆیان ژیاون.
لە ٣ـی ئاب٢٠١٤  رۆژی روودانی ئەو کارەساتە تاوەکو ئێستا ھێشتا  ١٨٠٠ کەس لەژێر دەستی داعش دان،  ئەوانەی توانیویانە دەرباز بن و رزگارکراون  بۆ بەھێزکردنی کەیسەکە دەتوانن ببن بە  شایەحاڵێکی گەورە، ئەمەش  بە پێچەوانەی کەیسی ئەنفالی ناوچەکانی کوردستانە کە شایەتحاڵ زۆر  کەم ھەبوون بەھۆی ئەوەی زۆربەیان لەناوبرابوون،  ئەوەشمان بیر نەچێت دۆخی ئەوکاتە جیاواز بوو، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پشتگیری کەمبوو، رای گشتی زۆر درەنگ ھاتە دەنگ، ئەگەرچی جینۆسایدکردنی کوردی ئیزیدی ئێستاش بەردەوامە، زۆر کەس لەژێر دەستی داعشن و بەشێوازێکی دڕاندانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام خۆشبەختانە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگیداوە بە کەیسەکە.
نادیە مراد بووە بە سیمبوڵیک بۆ کارەساتی شنگال، نادیە رۆڵی ھەبووە لە ناساندنی کەیسەکە بە دنیای دەرەوە، بەداخەوە دەستدرێژی بۆ سەر کچ و ژنی ئیزدی بەردەوامە، لە ناوخۆ  گرنگی پێنەدراوە، ھەوڵی جدی نەدراوە بۆ رزگارکردنی ژن و مناڵە بەندکراوەکان،  بێگومان ژن و مناڵ لە ھەموو جەنگەکان قوربانی یەکەمن، لە ھەموو جەنگ و شاڵاو قەیرانەکان پەلاماری ژن دەدرێت، چونکە ژن وەک کەرەستەیەکی سێکسی سەیر دەکرێ.
 بەربەستەکانی بەردەم بە جینۆسایدناساندنی کەیسی کارەساتی شنگال زۆرە، رۆشنا ئەمین وەک شارەزایەکی ئەو بوارە، باس لەوەدەکات، ھەوڵی جدی نەدراوە لە ناوخۆ، ھۆکارێکی دیکە کەسی پسپۆر و بەتوانامان کەمە یا ھەر نییە، ئەو ھەڵانەی لە کەیسی ئەنفال کراوە دیسان دووبارە بۆتەوە،  تاکە ھیوا ئەوەیە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پیشتگیری و ھەوڵدراوە، پێویستە تیمی پسپۆر بیھێنرێتە ئەو شوێنەی بە چڕی کارەساتەکەی تێدا بووە، بۆ ئەوەی بە بە باشی بۆ بەڵگەکان بپارێزرێن، ھەر بۆ زانیاری ئێمە ساڵی رابردوو وەک تیمی تەلەفزیۆنی زێد دی ئێف ئەلمانی بۆ کارێکی مەیدانی رۆشتینە عەردان  لە شنگال، بینیمان گۆڕەکان سەریان دانەپۆشراوە، لاشەی قوربانییەکان شێوێنراوە گیانەوەر خواردوویەتی، زۆر شتی دیکەمان تێبنی کرد، بەشێک لە کەسوکاری قوربانیان خۆیان بەدوای  قوربانییەکانیان دەگەڕان و بەھۆی جل و بەرگ و کەلوپەل دەیانناسینەوە، چونکە تەرمەکان ناسنامەشیان پێ نیە، جێگەی داخە خەڵک خۆی بڕوات بەدوای قوربانی بگەڕێت لە کاتێکدا پێویستمان بە تیمی پسپۆرە، بەربەستێکی دیکە ھەموو شنگال رزگار نەکراوە، ھەموو گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەرناکەون ئەوکاتە دەتوانین زیاتر زیانەکان بزانین و دیکۆمێنتی بکەین.
لەبارەی ھەوڵەکانی حکوومەت و پەرلەمان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، رۆشنا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ھەوڵەکان تاکەکەسین، کاریگەری و فشار کەمە.
ھەستئەکەم لە  ناوخۆی کوردستان ھەوڵی جدی نەدراوە، وەزارەتی شەھیدان ھەوڵی داوە، ئەوانیش پێویستیان بە تیمی پسپۆرە، لە حکوومەتی ناوەندیش ھەوڵ نابینرێت، ھەوڵەکان تاکەکەسی و لاوەکییە، ئەگەر پەیوەندییەکان توندو تۆڵ نین و ھەوڵەکان ون دەبن، ھەوڵەکان ئەنجامێکی باشی نەبووە،  ھەماھەنگی کەمە.  
لێرەو لەوێ باس لە قەرەبووکردنەوەی قوربانیان دەکرێت،  شارەزاکەی بواری جینۆساید دەڵێت:"قەرەبووکردنەوە کارێکی ئاسان نییە، بەر لە سێ ساڵ لەگەڵ وەفدێکی تایبەت بە بەدواداچوونی جینۆسایدی کورد لە ئەلمانیا سەردانی چەندین ئینستویتی تایبەت و ناوەندی تایبەت بە لێکۆلێنەوە لە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدمان کرد، زۆربەیان پێیان راگەیاندین ئەوان ھێشتا خەریکی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ھۆلۆکۆستـن، ئەگەرچی ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە بەسەر کارەساتەکە، لە کاتێکدا ئەوان پاڵشتی زۆریشان ھەیە، کەچی تاوەکوو ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە، قەرەبووکرنەوە کاتی دەوێت، ئەوە ئەرکی حکومەتی ناوەندییە  چونکە ھەڵگری میراتی حکوومەتی بەعسە.
کاریگەرییەکانی دوای کارەساتەکە، بەسەر قوربانیان، کێشەیەکی دیکەیە، پێویستی بە چاودێری بەردەوام ھەیە، رۆشنا ئەمین رای وایە گرنگیدان بە لایەنی دەروونی کەسوکاری قوربانیان، پاشان ئەوانەی رزگارکراون، دەبێت  بەر لە ھەموو شتێک بێت، ئەو کەسانە پێویستیان بە چاودێری و چارەسەری دەروونی ھەیە، "چونکە کەسایەتیان تێکشکاوە، بەداخەوە ئەو لایەنەش وەک پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە، کاری لەسەر نەکراوە"،
بازرگانیکردن و بە کویلەکردنی کچانی ئیزیدی و رەنگدانەوەی لە میدیای جیھانی تاچەندە، خزمەتی بە دۆسیەکە کردووە؟ رۆشنا ئەمین، وەک شارەزا لەبواری جینۆساید و خاوەنی ئەزموون لەبواری میدیا، رای خۆی ھەیە بۆ ئەو پرسە و دەڵێت "رفاندنی کچانی ئیزیدی دەستدرێژی و بازرگانیکردن پێیانەوە، لەسەرئاستی نێودەوڵەتی زیاتر فۆکەسی خرایە سەر،  ئەو کارە دڕندایەتی و پێشڵکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن داعش زیاتر تۆخ کردەوە، چونکە  جگە لە رفاندن، بازرگانیکردن و کۆیلەکردنی کچە ئێزدیەکانی رای گشتی نێودەوڵەتی توشی شۆک کرد، میدیای جیھانی ئەو بابەتەی وەک پرسێکی زۆر گەروە سەیر کرد، کە پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، بەڵام بەداخەوە میدیای ناوخۆیی نەیتوانی مامەڵەیەکی دروست و تەندروستانە و وەک بەرپرسیارێتیەکی مرۆڤانەی لەگەڵ بکات.
 کاتێک چاوپێکەوتنمان لەگەڵ سەرۆک خێڵی مەندکان نایف جاسم کرد کە  ١٠٠٠ کچی لێبردراوە لەلایەن داعش لە دێی کۆچۆ ، گلەیی ھەبوو لە مامەڵەی میدیا لەگەڵ کچە ئێزدیەکان، میدیا چیرۆکەکانیان بەکاردەھێنێ بۆ ئیسارەکردن، ھیچ کچێ حەزناکات باس لە چیرۆکی دەستدرێژی سێکسی خۆی بکات، وردەکارییەکان بخاتەڕوو، بۆ میدیا شتێکی ئاسایی نییە، بۆ دادگا و بەڵگە ئاساییە بەڵام بۆ میدیا رێگە پێنەدراوە، راستە خستنەرووی مامەڵەی داعش لەگەڵ کچە ئێزدیەکان بۆ ئیدانەکردن بەڵگەیەکی زۆر گەورەیە.


ژن مه‌گه‌زن

 


AM:10:48:13/08/2016




ئه‌م بابه‌ته 362 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌