ژنە بەهێزەکان نەخشەیەکى نوێ لەدونیاى سیاسەتدا دادەرێژن

گۆرانکارییە ریشەییەکانى جیهان لەدونیاى كاری سیاسییدا کۆمەڵە گۆرانکارییەکى خێرا وپێشبینى نەکراون.. ئێستا وڵاتانى زلهێز بەشێوەیەکى تایبەت ستراتیژێکى نوێى کارى بەرێوەبردن پەیرەو دەکەن وژنانیش لەم ستراتیژەدا رۆلى پێشەنگ دەبینن کەهەر ئەمەشە وامان لێدەکات لەئێستادا بپرسین ئایا شۆرشى ژنان لەدونیاى نوێى سیاسەت وستراتیژدا دەبێتە سەرەتایەک بۆ گرتنەدەستى فەرمانرەوایەتى جیهان لەلایەن ژنانەوە ؟.
چاودێرانى سیاسى واى دەبینن هێنانە پێشەوەى ژنان لەدونیاى سیاسەتکردندا ئه‌گه‌رچی گۆرانکارییەکى گرنگە ودەکرێت لەساڵانى داهاتوودا رەنگدانەوەى خۆى هەبێت لەچۆنییەتى بەرێوەبردن وفەرمانرەوایەتى ژنان له‌جیهاندا بەگشتى، به‌لام هیشتا هه‌نگاوه‌كان له‌و رووه‌وه‌ پیویستیان به‌كاری زیاتره‌ .. لەو رووەشەوە سام سمیسیرنس رۆژنامەنووس لەئاژانسى CNN ى ئەمریکى، دەلێت" هەرچەندە لەئێستادا ژمارەیەکى زۆر لەژنانى سەرکردە لەسەر ئاستى جیهان بوونیان هەیەو ئه‌وه‌ش گۆرانكارییه‌كی تائه‌وپه‌ری گرنگه‌، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى هێشتا نوێنەرایەتى ژنان لەناوەندەکانى بریارداندا نوێنەرایەتێکى تارادەیەک لاوازە و رێژەى ئەو ژنانەش لەئێستادا دەگاتە 23% لەسەر ئاستى جیهان بەگشتى" هەروەها دەشلێت " بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانى رۆژهەڵات وکیشوەرى ئەفریقیا بەشدارى سیاسى ژنان لەوڵاتانى رۆژئاوا دا بەشێویەکى کەمتر هەستى پێدەکرێت و لەوڵاتێکى وەکو بەریتانیاش رێژەى بەشدارى ژن لەکایە سیاسییەکاندا دەگاتە 29% و لەئەمریکاش 19% بەڵام لەهەریەک لەرواندا وئەفغانستان ئەو بەشدارى پێکردنەى ژنان  بەشێوەیەکى چرتر کارى لەسەر دەکرێت  وخودى وڵاتى روانداش بەرزترین رێژەى بەشدارى کردنى ژنان لەکایە سیاسییەکاندا لەخۆدەگریت کە دەگاتە 64% هەروەها بۆ وڵاتى ئەفغانستانیش 28% کەهەموو ئەم رێژانەش ناچارمان دەکەن بپرسین ئاخۆ بۆچى لەسەردەمى زێرینى ژناندا لەدونیاى سیاسەت هێشتا بەشدارییەکان بەپێ پێویست نین؟ ".
وەلامدانەوەى ئەم پرسیارە رەنگە کارێکى ئاسان نەبێت ،چونکە چاودێران واى دەبینن هۆکارى ئەم کەم دەرکەوتنە زۆرجار بۆخودى ژنان خۆیان وتیروانینیان بەرامبەر بەسیاسەت دەگەرێتەوە.. بۆنموونە لەوڵاتێکى وەکو بەریتانیا تەنها 2% ژنان پێیان وایە دەکرێت ژنانیش بەشێک بن لەپرۆسەى سیاسى لەوڵاتدا، بەڵام لەبەرامبەردا 88% ژنانى بەریتانیا پێیان وایە کارکردن لەسیاسەت کارێک نییە لەگەڵ ئەرک وشێوازى رۆژانەى ژیانیاندا گونجاوبێت ئەمە جگە لەوەى بەشێکیش لەو ژنانە جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ سروشتى کارێکى سیاسى سروشتێکە تایبەتمەندى توندرەوی لەخۆدەگرێت وئەوەش لەخواست وتیروانینەکانى ئەوان تارادەیەکى زۆر دوور ونەشیاوە".
سام سمیسیرنس لەئاژانسى CNN، لەکۆتاییدا ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات" ئێستاش ژنان لەناو حیزبە سیاسییەکاندا پشتگیرى تەواویان لێناکرێت وبەشێکیش لەسەرکردە سیاسییەکان زۆرجار لەو رووەوە رێگر دەبن "، ئەوەش کەپێویستە لەئێستادا کارى لەسەر بکرێت بەپێ بۆچوونى سمیسیرنس ئەوەیە کە" وڵاتان چۆن بتوانن ژنان لەم دونیا ئالۆزەدا بهێنینە پێشەوە وتواناکانیان بخەینەگەر ئەگەرچى سەرەراى هەموو ئەوانەش کەئاماژەیان پێدرا هێشتا  زووە بۆئەو هەنگاوە، ئەوەش بەهۆى ئەو ئالۆزییانەى لەرێگاى دەرخستنى تواناکانى ژناندا دەخولقێنرێن کەبەشێوەیکى تەواو پەیوەندییان بە رۆشنبیرى سیاسى ومێژووى بزووتنەوە سیاسییەکانەوە هەیە لەو ناوچانەدا بەتایبەت کەوایانكردووه‌ ژنان نه‌توانن  ببنه‌ هێزێکى کاریگەر لەدونیاى کارى سیاسیدا".

چاوى خەڵک/ ئاژانسەکان


PM:01:54:13/07/2016




ئه‌م بابه‌ته 379 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌