دەبێ ئێمە سووربین لەسەر گۆڕین

وتوێژ لەگەڵ مۆنیکا هاوسەر پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان لە ئەڵمانیا
د.مۆنیکا هاوسەر خۆی تەرخانکردووە بۆ خزمەتگەیاندن بەو ژنانەی لەناو شەڕو ئاڵۆزییە سیاسییەکاندا دوچاری ئەشکەنجەو دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە. سەرەتای کاری لە شەڕی بۆسنیا لە ساڵی ١٩٩٨ دەستپێکرد کاتێ چوو بە هانای ئەو ژنانەی لەو شەڕەدا دوچاری کیشەو دەسدرێژیی دەبوونەوە.

مۆنیکا ئێستا لە کوردستانەو دەیەوێ خزمەتی ئەو کچ و ژنە ئێزدیانە بکات کە بەهۆی چەکدارانی داعشەوە دوچاری کارەسات هاتن. لە دیدارێکدا لەگەڵ گۆڤاری ژن مۆنیکا باسێکی کارەکانی دەکات.
دامەزرێنەری ڕێکخراوی (مێدیکاڵ مۆندییال) کە لە ساڵی ١٩٩٣وە هاوکاری تەندروستی پێشکەش بەو ژنانەی بۆسنیا دەکات کە لەکاتی شەڕدا روبەرووی توندوتیژی سێکسی بونەتەوە.

ژن: دەمانەوێت گوێمان لە چیرۆکی تۆبێ چۆن دەستت کرد بە کارکردن بۆ ژنان و بەتایبەتی لە ناوچەکانی شەڕدا؟
د. مۆنیکا: من ئەم رێکخراوەم ٢٣ ساڵ پێش ئێستا دامەزراند، ئەوکاتە تەمەنم ٣٣ ساڵ بوو، لەنەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا وەکو دکتۆری ژنان لەگەڵ ئەو ژنانەی تووشی توندوتیژی بووبوون کارم دەکرد.
ئەوان ژنی ئەڵمانی، ژنی کۆچبەرو پەناهەندەبوون. من پسپۆڕ نەبووم، بەڵام بۆم دەرکەوت لەنەخۆشخانەکەدا زۆربەی ئەو ژنانەی قسەم لەگەڵدا کردبوون رووبەڕووی توندوتیژی سێکسی بووبوونەوە. هەربۆیە من دەمێکە ئەمە دەزانم: زۆرجار ناتوانیت لە دەرەوە بیبینیت، بەڵام کاتێک وەکو نەخۆش قسەیان لەگەڵدا دەکەیت ئەوان چیرۆکی خۆیانت بۆ دەگێڕنەوە. بۆم دەرکەوت بارودۆخی تەندروستی زۆربەی ژنان کەوتووەتە ژێر کاریگەری توندوتیژییەوە لێرەدا من باسی ئەفغانستان ناکەم بەڵکو باسی ئەڵمانیا دەکەم.
دەمبینی بەڕێوەبەرەکەم لە نەخۆشخانە نەیدەویست باسی واقیعی توندوتیژی سێکسی بکات، ئەویش دەیویست وەکو هەرتاکێکی دیکەی کۆمەڵگا نکوڵی لێ بکات. هەربۆیە من بۆم دەرکەوت لەلایەکەوە بەڵگەی پزیشکی هەبوو کە زۆربەی نەخۆشەکان نیشانەکانی توندوتیژی سێکسییان تێدا بوو، لەلایەکی دیکەوە کێشەی هەیکەلیی لە نکوڵیکردن و کولتووری بێدەنگی هەبوو.

ژن: بۆچی ئەو نەیدەویست تۆ باسی ئەو بابەتە بکەیت؟
د. مۆنیکا: لەبەرئەوەی بابەتێکی خۆش نییە و پیشانی دەدات چۆن پیاوان لەگەڵ ژنان هەڵسوکەوت دەکەن. توندوتیژی سێکسی لە هەموو جێگایەک روودەدات، پرسێک نییە تایبەت بە چینێک یان کۆمەڵەیەک.
من لەگەڵ ژنانی دەوڵەمەندیش لەم نەخۆشخانەیەدا کارم دەکرد، لەگەڵ ئەوەی دەوڵەمەندیشبوون، بەڵام بەدەر نەبوون لەو توندوتیژییە. وا دەردەکەوێت کە تەنها ژنانی هەژار ڕووبەڕووی توندوتیژیی ببنەوە، بەڵام لەراستیدا ژنی پرۆفیسۆر و بەڕێوەبەرانیش دووچاری توندوتیژی سێکسی دەبنەوە لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە. بێگومان بەرپرسەکان نەیاندەویست ئەمە بابەتێک بێت، بەڵام ئەمە پێش ٣٠ ساڵ بەر لە ئێستا بوو، گومانیشی تێدانییە ئێستا ئەڵمانیا کەمێک گۆڕاوە.
دەتوانیت لە راگەیاندنەکان لەسەر ئەم مەسەلەیە بخوێنیتەوە، لەنەخۆشخانەکان راهێنانی پرۆفیشناڵانە دەکرێت، بەڵام لە هەیکەلییەتداو لە هزرەکاندا هێشتا کێشەی پشتگوێخستن و بێبایەخکردنی ئەم مەسەلەیە هەیە.

ژن: چۆن دەتوانیت بیرکردنەوەو عەقڵییەتی خەڵک بگۆڕیت لەسەرئەوەی چی بەسەر ئەو ژنانە دێت کە توندوتیژی سێکسیان بەسەردا دێت؟
د. مۆنیکا: بە پەروەردە، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەرگری کردن. زۆر چالاکوانی ژنان لە جیهاندا تێدەکۆشن بۆ مافەکانی ژنان و بۆ جیهانێک کە ژنان و کچان بێ توندوتیژی و بەکەرامەتەوە تێیدا بژین.
شتەکان زۆر بەهێواشی دەگۆڕدرێن، بۆ نموونە یاسا لە ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٩٧ هەستا بە تاوانناساندنی دەستدرێژیی لەناو خێزاندا. بۆ ماوەیەکی زۆر سیاسەتمەدارەکان بە گشتی دژی دەوەستانەوەو تەنها سیاسەتمەدارە ژنەکان لەپارتە جیاوازەکان کاری جددیان بۆ ئەم یاسایە دەکرد. واتا دەبینی تەنانەت لەئەڵمانیاش چەندە زەحمەتە. دەبێت ئێمە هەمووجارێک ئەم مەسەلەیە بخەینە سەر ئەجێندای کارەوە. زۆر گرنگە هەموو کۆمەڵگا بزانێت و قسەی لەسەر بکات. بێگومان ئەمەش کاتی دەوێت، بەڵام دەگۆڕێت.

ژن: جارێکی دیکە بەڕێوبەرەکەی خۆتت بینیەوە؟
د. مۆنیکا: نەخێر هەرگیز. تەنیا ئەو بەڕێوەبەرە وا نەبوو، بەڵکو لە هەموو نەخۆشخانەیەک کارم کردبێت وەها زەحمەت بوو کە باسی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بکرێت.

ژن: ئایا ئەو بۆچوونی گۆڕاوە یان هێشتا وەکو خۆیەتی؟
د. مۆنیکا: ئەمرۆ خەڵکانی گەنج هەن کە بۆچوونی دیکەیان هەیە، بەڵام پێویستمان بە ژنی زیاتر هەیە لە پێگەکانی بەڕێوەبردندا لە نەخۆشخانەکان. ئەمە زۆر گرنگە. لە ئەڵمانیا، رێژەی ئەو بەڕێوەبەرانەی ئافرەتن لە ١٠%-١٥% زیاتر نییە. هاوکات زیاتر لە نیوەی قوتابیانی پزیشکی ئافرەتن، بەڵام دواتر لەکاردا ژنانی پزیشک کەمتر بەرز دەبنەوە بۆ پێگەی بەرزتر.

ژن: تۆ خۆت وەکو بەشێک لەم گۆڕانکارییە دەبینی؟
د. مۆنیکا: بێگومان، من خۆم هێزێکی پشتیوانیم بۆ ئەم گۆڕانکارییە.

ژن: ئێستا کاتی ئەوەیە باسی کارەکەت لە بۆسنیا بکەیت، تۆ لە ساڵی ١٩٩٣ چیت دەکرد لەوێ؟
د. مۆنیکا: من لە رۆژنامەکاندا سەبارەت بە جەنگ لە بۆسنیا دەمخوێندەوە. راگەیاندنەکان بەشێوەیەکی زۆر هەستیارانە باسیان لەوانە دەکرد کە رووبەڕووی توندوتیژی سێکسی ببوونەوە. زۆر توڕە بووم، چونکە لە کارەکەمدا دەمزانی کە ژنان نەک تەنیا قوربانی نین بەڵکو ئەوان زۆر بەهێزیشن. لە قوڵایی ناخمەوە هەستم دەکرد کە ئەمە پەیوەندی بە منەوە هەیە. من فێمینیست و چالاکوانم و داپیرە گەورەم سەربووردەی خۆی بۆ گێرابوومەوە سەبارەت بە توندوتیژی سێکسی دژ بە ژنان لە کاتی جەنگ و ئاشتی شتم دەزانی. کاتێک باسی دەستدرێژییە سێکسییەکانیان لە بۆسنیا بۆ دەکردم، زۆر کاریگەر دەبووم و لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانم پرسی کە ئاخۆ دەتوانم کاریان بۆ بکەم لە بۆسنیا. ئەوان وەڵامێکی زۆر سەیریان دامەوە: "ژنانی ئیغتیسابکراو لە بۆسنیا موسوڵمانن و هەربۆیە ناتوانیت یارمەتییان بدەیت." قسەی پوچ! لە ئەزموونی خۆمەوە لە نەخۆشخانە لەگەڵ هەموو ئەو ژنانە کە ئایین و نەتەوەی جیاوازیان هەبوو، دەمزانی کە هەموو ژنێک دەتوانێت چاک ببێتەوە ئەگەر پشتیوانی تایبەتی لەلایەن کەسە پیشەییەکانەوە و لە لایەن کۆمەڵگاکەیەوە بۆ دابین بکرێت. من دیسان زۆر توڕەبووم و بڕیارمدا خۆم بچم بۆ ئەوێ و تەماشا بکەم دەتوانم چی بکەم. لە کۆتایی ١٩٩٢، لە ناوەراستی جەنگەکەدا، چووم بۆ ئەوێ و چاوم بە ٢٠ ژنی بۆسنیایی کەوت، دکتۆر، نیورس و تێراپیرست. پێکەوە هەستان بە کردنەوەی سەنتەرێکی چارەسەری ژنان لە ناوەراستی بۆسنیا لە نیسانی ١٩٩٣ بۆ دابینکردنی پشتیوانی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی، تەندروستی، چالاکی بە داهات، باخچەیەکی ساوایان و سەنتەرێکی دۆکیومێنتاری بۆ هەڵگرتنی تاوانەکانی جەنگ.

ژن: تۆ ئاماژەت بەوەکرد کە ناتوانیت ئازارەکە ببینیت لەبەرئەوەی لەناخدایە و ژنان زیاتر لە پیاوان لەم ئازارە تێدەگەن، ئەمە بۆ تۆیش راستبوو؟

د. مۆنیکا: بۆ رزگاربوون و مانەوەی لە دوای جینۆساید و توندوتیژی سێکسی و ئازار زۆر ئەزموونێکی بە ئازار و رووخێنەرە. پێویست ناکات هەمان ئەزموونم بەسەردا بێت بۆ ئەوەی هەست بەوانی دیکە بکەم. هەستێکی بەهێزم هەیە بۆ پشتیوانیکردنی ئەم کچ و ژنانەو بۆ ئەوەش پێویستم بە هەڵوێستێکی روونی پشتیوانییە بۆ ئەوانەی رووبەڕووی ئەم توندوتیژییانە بوونەتەوە.

ژن: ئێستا سەرقاڵی چیت لە کوردستان؟
د. مۆنیکا: ئێستا خاوەنی ڕێکخراوی (مێدیکاڵ مۆندییال) لە دهۆک و لە ساڵی پارەوە کاری تێدا دەکەین. کە ئامانجی کارکردنیشمان راهێنانە بە تیمە پزیشکییەکان بە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی لە پارێزگای دهۆک، هەروەها راهێنان بە پزیشکانیی سایکۆلۆژی و پزیشکانی وەزارەتی تەندروستی کە لەگەڵ ژنانی تووشبوو بە خەمۆکییە قوڵەکان (وەکو ژنانی یەزیدی بۆ نموونە) لە بنکە تەندروستییەکانی نزیک کەمپی پەنابەراندا.

ژن: بەنیازی هەمان ئەو کارانە لێرە بکەیت کە لە بۆسنیاش کردووتە؟
د. مۆنیکا: لەگەڵ سەنتەری کۆمەڵایەتی ژنانی خانزاد پلانێکمان هەیە بۆ پشتیوانیکردنی ژنان و کچانی پەنابەر لە دهۆک و لە سلێمانی و راهێنانی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی بۆ گروپەکانی دیکەی وەکو پۆلیس دابین دەکەین، چونکە ئاشکرایە هەندێکجار پۆلیس یەکەمین کەسە کە پەیوەندی لەگەڵ ئافرەتێک دەکات کە رووبەڕووی توندوتیژی سێکسی بووەتەوە.

ژن: پشتیوانیت هەیە لە دەرەوە بۆ ئەوەی هەموو ئەو کارانە بکەیت لێرە؟
د. مۆنیکا: وەزارەتی هاریکاری و گەشەسەندنی ئابووری ئەڵمانیای فیدراڵ پشتیوانی کارەکانمان دەکەن و کۆمەکی چەند پرۆژەیەکمان دەکەن، بۆ نموونە راهێنانەکانمان لە دهۆک.

ژن: زۆر کچی ئێزیدیمان هەیە کە لە دەستی داعش هەڵدێن. ئێستا لە خەمۆکیدان و تەنانەنەت ناتوانن باسی چیرۆکەکانیان بکەن. دەبێت چی بکرێت بۆ ئەوەی وایان لێ بکرێت قسە لەسەر بەسەرهاتی خۆیان بکەن؟
د. مۆنیکا: زۆر گرنگە هەموو ژنێک کە رووبەڕووی توندوتیژی سێکسی بووەتەوە دەستی بگات بە ناوەندێکی چارەسەری نەخۆشییە خەمۆکییەکان و راوێژکاری سایکۆلۆژی و یاسایی. لە هەموو پرۆگرامەکانماندا، جا لە بۆسنیا، کۆسۆفۆ، ئەفغانستان و لیبیریا بێت، ئەمە لەگەڵ کاری مافەکانی مرۆڤدا گرێی دەدەین. ئەوە شتێکە بۆ دابینکردنی پشتیوانی پرۆفیشناڵانە بۆ ئەو کەسانە، بەڵام گرنگە داوای رێوشوێن بکەیت بۆ رێگەگرتن لە توندوتیژی خێزانی لە کاتی جەنگ و دابینکردنی پارێزبەند و پشتیوانی کارا بۆ ژنان. زۆرجار، کۆمەڵگا پیاوسالارییەکانمان سەرکۆنەی ئەو ژنانە دەکەن و پشتگوێیان دەخەن. بۆ کۆتایی هێنان بەمە، دەىێت لەگەڵ سیاسەتمەداران، بەرپرسان، خێزان واتا باوک و مێردەکەی قسە بکەین. دەبێت عەقڵییەتی خۆیان بگۆڕن، دەبێت تێبگەن کە دەستدرێژی هەمیشە تاوانە و ژنیش هەرگیز تۆمەتبار نییە، بەڵکو بکەرەکە تاوانبارە و شەرمەزاریی و سەرشۆرییەکە بۆ ئەوە. بەلای ژنانەوە زۆر گرنگە کە بزانن ئەوان تاوانیان بەرامبەر کراوەو  مافیان هەیە جارێکی دیکە ببنەوە بە بەشێک لە کۆمەڵگا. ئەمەش کاری دەوێت، بەڵام ئەستەم نییە.

ژن: پێتوایە ئەمە کاتی دەوێت، بەڵام ئەستەم نییە؟
د. مۆنیکا: ٢٣ ساڵە رێکخراوی مێدیکا مۆندیال ئەم جۆرە کارانە لە وڵاتانی جیاواز دەکات. من رووبەرووی ئەو کەسانە دەبمەوە کە دەڵێن ئەم ژنانە لەدەست چوون و شتەکان هەرگیز ناگۆڕدرێن. نەخێر شتەکان دەگۆڕدرێن، بەڵام کات و سووربوونی ئێمەی دەوێت! کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زۆرجار پێویستی بە ئەنجامی خێرا هەیە، بەڵام زۆرجار کارەکانی ئێمە ١٠ تا ٢٠ ساڵی دەوێت و دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوخۆییش ئەمە قبووڵ بکەن.

ژن: تۆ رێکخراوێک لێرە دادەمەزرێنیت، یاخود پەنابەران چۆن دەتوانن پشتیوانی تۆ بەدەست بهێنن؟
د. مۆنیکا: رێکخراوی خانزاد راستەوخۆ لە کەمپی پەنابەران کار دەکات و ئێمەش راهێنان دابین دەکەین و بە هاوکاری ئەوان کار دەکەین.

ژن: پێتوایە ئەزمونەکانی پێشووترت لە وڵاتانی دیکە بە سوود دەبێت بۆ کارەکانی ئێستات لە دهۆک و سلێمانی؟
د. مۆنیکا: چوارچێوە سیاسییەکان جیاوازن لە هی بۆسنیا یان ئەفغانستان، بەڵام هەمان بنەمای سیستەماتیکمان هەیە بۆ توندتیژی سێکسی، بۆ نابەرانبەری دژ بە ژنان کە لە هەموو کۆمەڵگاکان دەبیبین. کاریگەرییەکان زۆر هاوشێوەن: قەدەغەکراو، بێ بەها کردن، تەنانەت پشتگوێخستن و کەنارخستنی ژنان و قوربانیی دیکە لە جێگاکان، هەربۆیە هەمان بنەما و ئەنجامیان هەیە و زۆر زانیاریمان هەیە بۆ رووبەروونەوەی ئەمە. هەربۆیە پێموایە ئەزموونەکەمان زۆر بە کەڵکمان دێت لێرەو لەگەڵ خانزاد کاردەکەین، چونکە ئەزموونی ناوخۆییش بە هەمان شێوە زۆر گرنگە.

له‌/ ژن مەگەزن


 

 


AM:01:28:08/07/2016




ئه‌م بابه‌ته 514 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌